Zana Natık Kerem
29 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2026
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق هاوکات لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرش بۆ سەر وڵاتەکەی، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ڕێگە نادەن عێراق ببێتە جێی هەڕەشە و هێرش بۆ سەر دراوسێکان.
حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بەردەوامن لە جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی تایبەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق و تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە پلانی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.
ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرکۆەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پێشھاتەکانی دۆخی ئەمنی تاوتوێکراون، ھەروەھا گفتوگۆکراوە لەبارەی ئەو ھێرشانەی کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلایەن ھێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعوودیەوە کرانە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق و لە ئاکامدا ژمارەیەک چەکداری حەشد کوژراون و برینداربوون.
سەباح نوعمان باسی لەوەش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھێرشەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک پارێزگای عێراق سەرکۆنەکراون و ڕاشیگەیاندووە: "ئەو ھێرشانە لە کاتێکدا ئەنجامدراون کە حکوومەتی عێراق لەپەیوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە پشتڕاستکردنەوە سەبارەت بەوەی ئەمریکا و سعوودیە ئاماژەیان بۆ کردووە، لەوەی لە عێراقەوە ھێرشکراوەتە سەر ناوچەکانی سعوودیە".
ھەروەھا گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان تیشکی خستووەتەسەر ئەوەی کە لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردراوە پلانێکی ئەمنی تەواو بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشێلکارییەکانی سەر سەروەریی وڵاتەکە و ڕیگریکردن لە ھەڕەشە و ھێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ دابندرێت.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاسپێردراوە کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەوڵبدات بۆ دۆکیۆمێنتکردنی دۆخەکە و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانی عێراق.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی عێراق لە ڕەتکردنەوەی ھەموو کردەوەیەکی دوژمنکارانە دووپات کراوەتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو کردانە لەلایەن هەر لایەنێکەوە ئەنجام بدرێت و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جۆرە کردانە، تەنها لە ئەستۆی حکوومەتی عێراق و دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتدایە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان ڕاشیگەیاندووە کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، پابەندبوونی حکوومەت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی لە ناوچەکە دووپات کراوەتەوە و جەختیش لەوەش کراوەتەوە کە سیاسەتی دەرەوەی عێراق لەسەر بنەمای گفتوگۆ، ھاریکاری، ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی دامەزراوە، جگە لەوەش عێراق لەگەڵ ئەوەدایە کە ململانێیەکان بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر بکرێن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە كۆبوونەوەكەدا بە گرنگ زاندراوە، ڕێوشوێنی ستراتیژی بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێیەکانی سەر ئاستی ھەرێمی بگیرێتەبەر، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندی، سەروەریی وڵات بپارێزێت.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "لەسەر بنەمای ئەم پرەنسیپانە و بەرپرسیارێتییە نیشتمانییەکانەوە لە یەکەم ڕۆژی پێکھێنانی حکوومەتی ئێستای عێراق، ھەوڵی جیددی دراوە بۆ سەپاندنی سەروەری یاسا و ڕێکخستنی کاروباری ئەمنی لە نێو دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا، لە ھەمان کاتدا حکوومەت ڕەتکردنەوەی ئەو کارە تاکلایەنە بێ پاساوانە دووپات دەکاتەوە کە نەک ھەر پێشێلی سەروەری نیشتمانی دەکەن بەڵکو ڕێگریی دەکات لەو ھەوڵانە کە بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لەسەر ئاستی نیشتمانی و ھەرێمی خراونەتەگەڕ".
لە ڕاگەیاندراوەکە ئەوەش خراوەتەوە کە حکوومەت داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات خۆیان لەو کردانە بەدوور بگرن کە دەبنە ھۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و تێکدانی پلانی جێبەجێکردنی یاسا کە لە دوای دەستبەکاربوونییەوە پەسەندی کردووە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوەشکراوەتەوە کە حکوومەتی عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی پلانی ئەمنی تایبەت بە کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ لە عێراق و تەواوکردنی ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە پلانی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت.