عێراق

عێراق.. لە شەشەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی ناسرییەدا ١٦ کەس برینداربوون

سەرچاوەیەکی پزیشکیی رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆ شەممەی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق کە بۆ شەشەم رۆژە بەردەوامە، ١٦ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی برینداربوون.

Sarmand Hameed   | 27.02.2021
عێراق.. لە شەشەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی ناسرییەدا ١٦ کەس برینداربوون

Iraq

عێراق - AA

سەرچاوەیەکی پزیشکیی رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمرۆ شەممەی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق کە بۆ شەشەم رۆژە بەردەوامە، ١٦ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی برینداربوون.

بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە لەکارلادانی پارێزگاری زیقار، نازم وائیلی و دانانی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عەبدولغەنی ئەسەدی بە پارێزگاری زیقار کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانی شەش رۆژی رابردووی شارەکە نەهێنا.

ئەمڕۆ شەممە، خۆپیشاندەران روویان کردە باڵەخانەی پارێزگا لە ناوەڕاستی شاری ناسرییە و داوایان کرد کە سێکی دیکە لێهاتوو لە شوێنی عەبدولغەنی ئەسەدی بکرێتە پارێزگاری زیقار.

دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بۆ نزیک باڵەخانەی پارێزگا، رووبەڕووبوونەوەی توند لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی روویدا.

هێزەکانی ئەمنیی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران تەقەیان بە ئاسماندا کرد.

سەرچاوەیەکی پزیشکیی لە فەرمانگەی تەندروستیی زیقار رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ شەممەدا، ١٦ کەس برینداربوون کە ١٠یان خۆپیشاندەر و شەش کەسەکەی دیکە لە هێزەکانی ئەمنیی بوون.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "زۆرینەی بریندارەکان برینەکانیان سووکە، بەهۆی هاوێشتنی بەرد و بۆمبی گازی فرمێسکڕێژ برینداربوونە".

غەدیر فەیسەل، یەکێک لە چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "خۆپیشاندەران دانانی عەبدولغەنی ئەسەدی وەک پارێزگار رەتدەکەنەوە و داوای دانانی کەسێکی لێهاتوو دەکەن".

عەبدولغەنی ئەسەدی ئەفسەرێکی باڵای سوپایە بە پلەی فەریق رووکن و ساڵی ١٩٥١ لە پارێزگای میسان باشووری عێراق لەدایکبووە. ئەسەدی لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ فەرماندەی هێزەکانی دژە تیرۆر بوو، و لە تەمووزی ٢٠٢٠ کرایە سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی.

پارێزگای زیقار بە چەقی چالاکییەکانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دادەنرێت لە عێراق کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبێت و ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە دانیشتووانەکەی دژبە خراپ ئیدارەدانی پارێزگاکە و خراپی خزمەتگوزاری گشتیی و کەمی هەلی کار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

رۆژی هەینی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، عەلی بەیاتی رایگەیاند، لە میانی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە ناوەندی پارێزگای زیقار، پێنج خۆپیشاندەر کوژراون و ٢٧١ کەسی دیکە برینداربوونە کە ١٤٧یان لە هێزەکانی ئەمنیی بوون.




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın