عێراق

عێراق.. بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی کۆبوونەوە

لە کۆبوونەوەیەکدا سەركۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆخی گشتیی وڵاتیان تاوتوێ کرد.

Fakhradin Ibrahim Mohammad   | 28.05.2020
عێراق.. بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی کۆبوونەوە

Baghdad

بەغدا - AA

سەركۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، مستەفا کازمی دۆخی گشتیی وڵاتیان تاوتوێ کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، مستەفا کازمی، کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە میانی کۆبوونەوەیەکدا، جەخت لەسەر پێویستی پەلەکردن لە تەواوکردنی کابینەی حکوومەت و کاندیدکردنی کەسانی بەتوانا و دەستپاک و پشتیوانیکردنی حکوومەت لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی کە پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و دەستەبەرکردنی داواکارییە رەواکانی هاووڵاتییان و چەسپاندنی چاکسازییە داواکراوەکان کراوەتەوە.

هەروەها سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران، جەختیان لەسەر گرنگی پیادەکردنی سیاسەتی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهاندا، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری عێراق کردووەتەوە، ھاوکات دووپاتیان لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردووەتەوە کە وڵاتی پیایدا تێدەپەڕێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی نێوان ساڵح و کازمی، پرسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پشتیوانی لایەنە تەندروستییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بووە، هاوکات باس لە دۆخی ژیانی هاووڵاتییانی عێراق کراوەتەوە و لەم بارەیەوە دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابوورییەکان و دابینکردنی بژێوی گشت هاووڵاتییانی عێراق تاوتوێ کراوە.

سەرکۆمار هەروەها پرسی رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشی لەگەڵ سەرۆکوەزیران باس کردووە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın