عێراق

عێراق.. ئەنجوومەنی نوێنەران داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ کازمی دەکات

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی دەکات، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی "مەترسیدار"ی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

Shamal Nouman Bakir   | 28.05.2020
عێراق.. ئەنجوومەنی نوێنەران داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ کازمی دەکات

Iraq

بەغدا - AA

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کرد کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی-یە سازبکرێت، بە ئامانجی دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی "مەترسیدار"ی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ دانانی رادەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە.

لەمبارەیەوە جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، حەسەن کەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە "داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلە دەکەین لەنێوان شانەکانی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەت بە ئامادەبوونی سەرۆکی لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی نیشتمانیی، مستەفا کازمی بە ئامانجی تاوتوێکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی گەورە و مەترسیداری حاڵەتەکانیی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.. و پەلەکردن لە دانانی چارەسەری پێویست و بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە".

حەسەن کەعبی کە هاوکات سەرۆکی شانەی قەیرانەکانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەکەیدا رەخنەی لە رێوشوێنەکانی حکوومەت گرتووە و رایگەیاندووە، "ئەو رێوشوێنانەی کە حکوومەت پەیڕەویان دەکات بۆ بەرنگاربوونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە، زۆر سستن".

جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەیش داوە کە شانەی قەیرانەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران چەندین جار هۆشداری داوە لە مەترسی سستی و گوێنەدان بە جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی بەرگرتن و رێگەگرتن لەو ناوچانەی کە زۆرترین حاڵەتەکانی تیادا تۆمارکراوە.

حەسەن کەعبی هەروەها هۆشداریشی داوە لە روودانی کارەساتێکی تەندروستیی و مرۆیی و رایگەیاندووە "ئەگەری داڕووخانی سستەمی تەندروستیی لە سەرجەم نەخۆشخانەکان لە ئارادایە، ئەگەر رێوشوینەکانی ئێستا گۆڕانکارییان بەسەدا نەهێت".

بەپێی دوایین ئامار ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە عێراق گەیشتووەتە، پێنج هەزار و ١٣٥ کەس.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın