Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، عەلی زەیدی فەرمانی کرد لێکۆڵینەوە لەو ھێرشەدا بکریت کە لە عێراقەوە کراوەتە سەر سعوودیە.
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سەباح نوعمان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، عەلی زەیدی لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لەو ھێرشانەدا بکەن کە لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە ڕێگای دڕۆنێکەوە لە خاکی عێراقەوە کراوەتە سەر سعوودیە.
سەباح نوعمان ڕاشیگەیاندووە، حکوومەتی عێراق پابەندە بە دەستوور و بنەمای دراوسێیەتی باش و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ڕێگە نادەن خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتان.
ھەروەھا گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئەوەشی دووپات کردووەتەوە کە بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، ڕێوشوێنی یاسایی و ئەمنی توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە لە ئەنجامدانی ئەو ھێرشە، تێوەگلاون.
سەباح نوعمان باسی لەوەش کردووە کە حکوومەتی عێراق جەخت لە پەیوەندی برایانە لەگەڵ سعوودیە دەکاتەوە و ڕێگاش بە ھیچ لایەنێک نادات كە زیان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بگەیەنێت و ڕاشیگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق.