Tuğba Altun, Gökhan Çeliker, Haydar Karaalp
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە سەردانەکەیان بۆ تورکیا تەنیا پابەندییەکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە کە پێشینەی بۆ سەدەکانی پێشوو دەگەڕێتەوە.
عەلی زەیدی دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قسەی بۆ میدیاکان کرد.
لە سەرەتای گوتەکانیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی وێرای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی بۆ تورکیا، گوتی: "سەردانەکەمان تەنیا پابەندییەکی پرۆتۆکۆلی نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان کە پێشینەی بۆ سەدەکانی پێشوو دەگەڕێتەوە".
عەلی زەیدی وێڕای ئاماژەدان بەوەیکە هەردوو وڵات لە یەک جوگرافیادا خاوەنی شارستانییەت و سەرچاوەکی ئاوی هاوبەشن، ڕایگەیاند کە لە دیدارەکەیدا باسیان لە زۆر بابەت لەوانەش وزە، گەیاندن، پەروەردە و ئاو کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق عەلی زەیدی گوتیشی: "هەوڵمان ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییانە بەهێزتر بکەن. خواستمان بەدیهێنانی هاوبەشییەکە لە کەشێکی برایانە و بە تایبەتیش لەسەر (دۆسیەی) پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کار دەکەین. (لە دیدارەکەمدا) بە بەڕێز سەرکۆمارم گوت، لە ڕاستیدا جوگرافیا دوو ڕووباری بە ئێمە بەخشیوە. ڕووباری سێیەمیشمان دەوێ. ئەو ڕووبارە، ڕووباری بازرگانی بێت. ئەوەش بە دڵنیاییەوە ڕێگەی گەشەپێدانە".
زەیدی وێڕای ئاماژەدان بەو ڕاستییە کە تورکیا و عێراق، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بەیەکەوە دەبەستنەوە، گوتی: "پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق پێشکەوتنی زیاتریش بە خۆیەوە دەبینێت. ئێمە هەروەها سەرچاوەکانی دارایی خۆمان بەهێزتریش دەکەین و نەوتێکی زیاتر بەرهەم دەهێنین".
عەلی زەیدی لە وەڵامی گوتەیەکی سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان کە گوتی، "کەواتە ئەوان ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت دەنێرنە تورکیا"، گوتی: "بەڵێ دروستە، یەک ملیۆن".