Heman Hussein Yaseen
26 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی، پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی ھەرێمی کوردستان ئەحمەد ئەنوەر کرد و باسیان لە ھەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکان کرد.
ماڵپەڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە لە دیدارەکەدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دەستەکەیان لە ماوەی ڕابردوودا خستەڕوو، ھاوکات لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی بەھێزترکردنی ھەماھەنگی و ھاریکاریی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەھێشتنی بەھەدەردانی سامانی گشتی کرا.
ئەوەشخراوەتەڕوو کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوە لە پابەندبوونی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە ھەموو جۆرەکانییەوە، ئامادەیی حکوومەتیشی بۆ پێشکەشکردنی ھەموو ئاسانکاریی و ھەماھەنگییەک لەگەڵ دەستەی دەستپاکی لەپێناو درێژەدان بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دووپاتکردەوە.