Saber Ghanem Ibrahım Eıd
02 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2026
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە ڕێگا نادەن لە خاکی وڵاتەکەیەوە، ھێرش بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەلی زەیدی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەەکی نائاسایی کردووە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، جەختی کردووەتە لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێنی تووند بۆ ڕێگریکردن لە ھەر جۆرە پێشێلکاری یان ھەڕەشەیەک کە لە خاکی عێراقەوە بکرێتە سەر وڵاتانی دراوسێ.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتی فەرمانی کردووە لیژنەیەکی ئەمنیی ھاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان پێکبھێندرێت، ھەروەھا فەرمانی کردووە کە میکانیزمێکی کارا دابندرێت، بۆ ئەوەی ڕێگریی بكرێت لە دووبارەبوونەوەی ھەر ھێرشێک یان ھەر پێشێلکارییەک ئەگەر لە داھاتوودا ڕووبدەن.
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، عەلی زەیدی دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە کە یاسا جێبەجێ بکەن، سەقامگیری و ئاسایش بەھێزتر بکەن، ھەروەھا بەرپرسیارێتی خۆیان لە پاراستنی سەروەریی عێراق و بنەماکانی دراوسێیەتی باش لە ئەستۆ بگرن.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئامادەیی تەواوی ھێزە چەکدارەکان کراوەتەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی ھەر ھەوڵێک کە ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ لە سنووری عێراقەوە، بکاتە ئامانج.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، پابەندبوونی ھێزە چەکدارەکان دووپات کراوەتەوە، لەوەی کە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن خاکی عێراق بکرێتە سەرچاوەی ئەنجامدانی ھێرش و دەستدرێژکردن بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ.