Zana Natık Kerem
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە وەفا بۆ قوربانیانی ئێزدی بە دادپەروەریی و ئاوەدانکردنەوەی شنگال بەدی دێت و جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ھەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و ھێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، ھەروەھا وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و ھەنگاونان بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و دادپەروەریی.
عەلی زەیدی لە ١٢ھەمین ساڵیادی حینۆسایدی ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "لە ساڵیادی ئەو جینۆسایدەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دژی گەلی ئێزیدیمان و ھەموو پێکھاتەکانی دیکەی گەلەکەمان ئەنجامیدا، یەکێک لە قێزەونترین ئەو تاوانانە وەبیر دەھێنینەوە کە ویژدانی مرۆڤایەتی ھەژاند، دووپاتی دەکەینەوە کە وەفا بۆ قوربانییەکان تەنھا بە دادپەروەریی، ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان، چاودێریکردنی ژنانی ڕزگاربوو، ئاوەدانکردنەوەی شنگال، دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و ئارام و پڕشکۆ بۆ ئاوارەکان بەدی دێت".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە: "ئەم یادە ئازاربەخشە ھاوکاتە لەگەڵ یادی چلەی ئیمام حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) و ئەو بەھایانەی کە ھەڵیانگرتووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و سەرخستنی حەق و ئاشتی، ھەروەھا قوربانیدانی ھێزە ئەمنییەکانمان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە و بە پاڵپشتی برایان و دۆستان و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەدیھێنانی سەرکەوتن بەسەر داعشدا بەبیر دەھێنینەوە".
ھەروەھا عەلی زەیدی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی: "دەوڵەت وەک زامنی مافەکانی ھەموو ڕۆڵەکانی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سەروەری عێراق، ھێشتنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت، وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و ھەنگاونان بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و دادپەروەریی، بە شێوازێک کە شکۆی ھەموو عێراقییەکان بپارێزێت و ڕێگر بێت لە دووبارەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیە لە داھاتوودا".