عێراق

سلێمانی.. خەلیفە ناھی بە دەفەکەیەوە ھاووڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەھێنێت

ـ ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانی لە مانگی رەمەزاندا، شەوانە بە دەف لێدان لەنێو گەڕەکەی دەگەڕێت و ھاووڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەھێنێت.

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 16.05.2019
سلێمانی.. خەلیفە ناھی بە دەفەکەیەوە ھاووڵاتییان بۆ پارشێو بەخەبەر دەھێنێت

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ناھی عارف ژنێکی تەمەن ٦٣ ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانییە، ئەو ماوەی سێ ساڵە لە رێگەی دەف لێدانەوە شەوانە لە ماڵ دێتە دەرەوە و دەیەوێت لەو رێگەیەوە دانیشتووانی گەڕەکەکەی بۆ پارشێو بەخەبەر بھێنێتەوە.

ناھی خێزاندارە و لە منداڵییەوە بە رێبازی سۆفیگەری سەرسام بووە بەو ھۆیەشەوە لەناو خەڵکدا بە خەلیفە ناھی ناسراوە، ئەو ھاوشێوەی سۆفییەکانی تر عاشقی ژەنینی دەفە کە زیاتر لە زیکر و تەھلیلەکانیاندا دەیژەنن ، ئەو دەڵێت لە منداڵییەوە ھێندە شەیدای دەف ژەنین بووە سەرەتا بە سینی خۆی فێر کردووە و ئێستاش دەف ژەنێکی باشە و لە زیکر و تەھلیلەکاندا بەشداری دەکات.

شەوانە لە کاتژمێر دووی شەو بەکاتی ھەرێمی کوردستان خەلیفە ناھی بە دەف ژەنین و گوتنی سەڵاواتەوە لە ماڵەکەی خۆی دێتە دەرەوە، وەک خۆی دەڵێت چەندێک بتوانێت بۆ ماوەی نیو کاتژمێر بەو شێوەیە چەند گەڕەکێکی دەورووبەری خۆیان دەگەڕێت و خەڵکەکە بەخەبەر دەھێنێتەوە.

خەلیفە ناھی لە بارەی کارەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چەند ساڵێکە دەستم بە دەف ژەنین کردووە لە کاتی پارشێوان لە مانگی رەمەزاندا ، ئەوەش حەز و خولیایەکی خۆمە و بەو کارە مێشکم ئاسوودە دەبێت و ھەست دەکەم کە کارێکی باش دەکەم و لەلای خوداش ون نابێت".

دەف ژەنین لە کاتی پارشێواندا و چەند رێگەیەکی تری بەخەبەرھێنانەوەی ئەو کەسانەی لە مانگی رەمەزاندا بەرۆژوو دەبن لە کۆندا بەکارھاتووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایدا و بە ھۆی تەکنەلۆجیا و ھاتنی ئامێری نوێ ئەو جۆرە رێگایانە باوی نەماوە.

کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر ئەو کارەی خەلیفە ناھی لە کاتی دەف ژەنین لەو تاریکییەی شەودا کە بەشی زۆری خەڵک لە خەودان و بەشێکیشیان رەنگە بە رۆژوو نەبن جیاوازە، ئەو لەو بارەیەوە گوتی: "ئێستا زیاتر خەڵکەکە دەڵێن دەف ژەنین بەو شەوە پێویست ناکات و دنیا پێشکەوتوو بووە و ئامێری تایبەت و مۆبایل و شتی تر ھاتووە و ئاسانکارییان لەو بارەیەوە بۆ خەڵک کردووە، بەڵام من وەک حەزو و خولیایەکی خۆم پێمخۆشە بەردەوام بن لەسەر دەف ژەنین و بەشێکی تری خەڵکەکەش پێیان خۆشە و بە تایبەت داوایان لێکردوم کە بەردەوام بم لەسەری".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın