سلێمانی.. بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران درا
ئەمڕۆ سێی کانوونی یەکەم لە شاری سلێمانی جارێکی تر خۆپیشاندەران کە پێکهاتبوون لە مووچەخۆران و مامۆستایان رژانەوە سەر شەقامەکان و بەرەو بەردەرکی سەرای سلێمانی بەڕێکەوتن.

As Sulaymaniyah
سلێمانی-AA
خۆپیشاندەران لە شاری سلێمانی جارێکی تر بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرەو مەیدانی سەرای سلێمانی بەڕێکەوتن و هێزە ئەمنیەکان بەمەبەستی بڵاوەپێکردنیان گازی فرمێسکڕێژ، ئاوی قەتیسکراو، گولـلەی پلاستیکی و ناوبەناو دەستڕێژی گولـلەیان بەکاردەهێنا بۆ بڵاوەپێکردنیان.
ئەمڕۆ سێی کانوونی یەکەم لە شاری سلێمانی جارێکی تر خۆپیشاندەران کە پێکهاتبوون لە مووچەخۆران و مامۆستایان رژانەوە سەر شەقامەکان و بەرەو بەردەرکی سەرای سلێمانی بەڕێکەوتن.
خۆپیشاندەران بەگوتنەوەی دروشم دژبە حکوومەت بەرەو مەیدانەکە بەرێکەوتن، بەڵام رووبەڕووی هێزێکی زۆری چالاکی مەدەنی و ئاسایش بوونەوە.
بەمەبەستی رێگریکردن لە خۆپیشاندەران ژمارەیەکی زۆر هێزی چالاکی مەدەنی، ئاسایش، پۆلیسی فریاکەوتن و ئامبوڵانس لە مەیدانەکە جێگیرکرابوون.
لەگەڵ گەیشتنی ئاپۆڕای خۆپیشاندەران بە نزیک سەرای سلێمانی، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ وەڵامیان دانەوە و هەوڵیاندا بڵاوەیان پێ بکەن.
ئەوەی بەدی کرا خۆپیشاندەران پێکهاتبوون لە چەند گەنجێک، هاوکات چینی مامۆستایان، ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوەی نوێ لە ریزی خۆپیشاندەرەکان بوون ناوبەناو ئەو کەسانەیان دەگواستەوە کە بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە تەندروستییان تێکچووبوو.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، شیرین ئەمین بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە لەهۆشخۆی چوو و لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هەوڵی هێورکردنەوەی تەندروستی درا.
ناوبەناو هێزی چالاکە مەدەنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی قەتیسکراو هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانیان دەدا.
لە هەندێک ناوچەی نزیک بەردەرکی سەرا، هێزە ئەمنییەکان دەستڕێژیان بە ئاسماندا دەکرد بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.
تا ئێستا گرژی و ئاڵۆزییەکان بەردەوامیان هەیە.