Zana Natık Kerem
16 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2026
دەستەی دەستپاکی عێراق ڕايگەیاند کە دادگای تاوانەکانی ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەندامی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد کەربوولی دەرکردووە، ئەوەش بە تاوانی وەرگرتنی بەرتیل.
دەستەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە کەربوولی تاوانبار کراوە بە وەرگرتنی بەرتیل لەبەرامبەر دەستوەردان لە کاروباری گشتییدا.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا لە دۆسیەی گەندەڵی محەمەد کەربوولی، ئەوە دەرکەوتوو کە ناوبراو داوای ٥٠ ھەزار دۆلاری کردووە بۆ ئەوەی دەستوەردان بکات لە داخستنی چەند لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە کە لەسەر سکاڵاکارێک لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی بەغدا- کەرخی یەکەم پێکھێنرابوون، تاکو ئەو کەسە لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری قوتابخانەیەک بمێنێتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لەسەر ئەو تاوانە، دادگای تاوانەکانی ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بۆ محەمەد کەربوولی دەرکردووە، ھەروەھا بە بڕی ١٠ ملیۆن دیناریش سزای دارایی بەسەر ناوبراودا سەپێندراوە.
پێشتر ئەندامی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە سەربە فراکسیۆنی عەزمە، محەمەد کەربوولی بە تۆمەتی گەندەڵی، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو.