عێراق

ره‌شاد گه‌ڵاڵی: "300 چه‌كداری داعش له‌ چیای قه‌ره‌چوغ-ن"

به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ مه‌خموور، ره‌شاد گه‌ڵاڵی: - "نزیكه‌ی 300 چه‌كداری داعش كه‌ بیانیشیان لەنێودایە له‌ چیای قه‌ره‌چوغی نزیك مه‌خموورن".

Hemn Baban   | 15.05.2019
ره‌شاد گه‌ڵاڵی: "300 چه‌كداری داعش له‌ چیای قه‌ره‌چوغ-ن"

Arbil

ھەولێر - AA

به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ مه‌خموور، ره‌شاد گه‌ڵاڵی لە ھەفپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ھەڕەشەکانی داعش لە سنووری قەزاکە دەکات و دەڵێت کە چیای قەرەچوغ یەکێکە لەو شوێنانەی کە ساڵێک دەبێت داعش تیایدا خۆی رێکدەخاتەوە و مەشق و راھێنانی تیادا دەکات و نزیکەی ٣٠٠ چەکداریان لەو ناوچەیە ھەیە.

- "٣٠٠ چەکداری داعش لە قەرەچوغن و بیانیشیان لەنێودایە"

سەبارەت بە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە گرووپەکەیان لە ساڵی ٢٠١٧ دەوڵەت و خەلافەتەکەی لەدەستدا بە کەوتنی پایتەختەکەیان "مووسڵ" لە پارێزگای نەینەوا کە لە حوزەیرانی ٢٠١٤ دەستیان بەسەردا گرت و خەلافەتیان تیادا راگەیاند، بەرپرسەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "بە وردی ھیچ کەسێک ناتوانێت بزانێت چەند کەسن، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێم نزیکەی ٣٠٠ چەکدار دەبن ئەوانەی لە شاخی قەرەچوغن و مەفرەزەی بچووکیان ھاتوچۆش دەکەن بۆ شەرگات و گەیارە و حەمام عەلیل و ناوچەکانی دیکەش، بەتایبەت ناوچەی حەمام عەلیل و شۆرە دەچن، هەروەها دەچنە دەشتی نەینەواش".

ھەروەھا گوتیشی: "ئەو چەکدارانەی داعش عێراقی و چەکداری بیانیشیان لەگەڵە، ئەندەنووسی بە نموونە، ھەروەھا چەکەکانیان ھەمەجۆرن، کڵاشینکۆف و بی کەی سی و ئار بی جی و قەناس و رەنگە ھاوەنی شەست و ھەشتا ملیمیشیان ھەبێت".

به‌رپرسی كۆمیته‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ مه‌خموور، ره‌شاد گه‌ڵاڵی رایگەیاند "لە ماوەی رابردوو و دوای ھاتنەوەی سوپای عێراق کە ساڵی رابردوو بۆ سنووری مەخموور ھاتوون ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گەرم بووە، چەکدارانی داعش لە رۆژئاوای مەخموور و باشووری رۆژئاوای مەخموور بوونیان ھەبووە و ھێزی پێشمەرگە کە لەم سنوورە بوون شەڕی خوێناوی کردووە دژبە داعش، بەڵام دوای ھاتنەوەی سوپای عێراق و بەدیاریکراویش کۆتایی ھاتنی پاشماوەی خەلافەتی ئیسلامی لە پارێزگای نەینەوا، شاخی قەرەچووخ ئارامترین شوێن بووە بۆ خۆڕێکخستنەوەی چەکدارانی داعش لەم سنوورە و لە ساڵی رابردوودا، بۆیە پێم وایە بوون و مان و گەشەکردن و بەردەوامیی داعش لەم سنوورە پەیوەستە بە سیاسەتی ناوخۆ، ھەرێمایەتی، نێودەوڵەتی، وڵاتانی کەنداویش رۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەم سنوورە و لەو پرسە".

ره‌شاد گه‌ڵاڵی گوتیشی: "لەسەر رووباری دیجلەش چوار دارستانی چڕ ھەیە ھەرچواری وەکو سەربازگەیەکی داعشی لێھاتووە و ھیچ ھێزێکی عێراقی ناتوانێت کێوماڵییان بکات، بۆیە مانەوەی داعش بۆھەر کاتێک کە پەیوەندییەکانی ھەرسێ پێکھاتەی سەرەکی لە عێراق بەرەو پێش نەچێت ئەوا لە داھاتوو لەھەر ئەگەرێکی نەخوازراو وڵاتانی ھەرێمایەتی و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەتوانێت شڵەژانێک تووشی عێراق بکات و ئەو کاتە ئەو ناوچانە زۆر بەئاسانی وەکو پێشتر دەکەونە ژێر دەستی چەکدارانی داعش و ئەم سنوورە یەکێکە لە شوێنانە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın