عێراق

دەستەی خانمانی ناڕازی: "نەدانی مووچەکانمان جۆرێکە لە توندوتیژی کە دژمان ئەنجام دەدرێت"

لەپێش دەستپێکردنی گردبوونەوەکە، پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان کە هەندێکیان پێکهاتبوون لە ئافرەت، لە نزیک شوێنی گردبوونەوەکە لە ئامادەباشیدابوون بۆ رێگری کردن لەهەر جۆرە گرژییەک کە ئەگەری روودانی هەبوو.

Rewa Mahmood Hasan   | 13.01.2021
دەستەی خانمانی ناڕازی: "نەدانی مووچەکانمان جۆرێکە لە توندوتیژی کە دژمان ئەنجام دەدرێت"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر نەدانی مووچەکانیان و وەک هەڵوێستێک دژ بە دواکەوتنی، گرووپێک لە ژنان کە خۆیان وەک گرووپی دەستەی خانمانی ناڕازی دەناسێنن، لەبەردەم باخی گشتی گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا و بڕیاریشە رۆژانی داهاتوو بەردەوام بن تاوەکو ناڕەزایەتییەکە بەرفراوان دەکەن.

دوای ئەوەی کە ماوەیەکە بەهۆی قەیرانی سیاسیی و ئابووری کە بەڕۆکی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووە و بەهۆیەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا ناگەنە رێککەوتن بۆ رەوانە کردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان کە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەرانەوە، ئەمە ناڕەزایەتییەکی زۆری لەنێو فەرمانبەراندا دروست کردووە و بۆ ئەو مەبەستە گرووپێکی ژنان کە ناوی خۆیان ناوە دەستەی خانمانی ناڕازی لەبەردەم باخی گشتی سلێمانی گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

لەپێش دەستپێکردنی گردبوونەوەکە، پۆلیسی چالاکە مەدەنییەکان کە هەندێکیان پێکهاتبوون لە ئافرەت، لە نزیک شوێنی گردبوونەوەکە لە ئامادەباشیدابوون بۆ رێگری کردن لەهەر جۆرە گرژییەک کە ئەگەری روودانی هەبوو.

ئەندامێکی دەستەی خانمانی ناڕازی، نەسرین محەمەد لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان گرووپێکیان دروست کردووە و ئامانجیان گەیاندنی دەنگی ناڕازی ئافرەتانی مووچەخۆرە لەنێو فەرمانگەکاندا.

نەسرین محەمەد دەڵێت، "لە ٢٠١٤ەوە ئێمە ناڕازین وەک چینی فەرمانبەران، چەندین گرووپ و دەستە دامەزراوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر حکوومەت لەپای نەدانی مووچە کە مافێکی سادەی خۆمانە، بەڵام حکوومەت لە هیچ کاتێکدا ئامادەنەبووە گوێمان بۆ بگرێت، ئێستاش دەستەیەکی خانمانی ناڕازیمان دروست کردووە، ئامانجمان ئەوەیە کە داواکارییەکانمان بگەیەنین، ئەمە لەرێگەی چەندین دەستەو گرووپەوە ئەنجام دەدەین، چی وەک ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، ئەنجوومەنی فشار، یان دەستەی خانمانی ناڕازی، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، گۆڕینی رێڕەوە. ئێمە ئەم دەستەیەمان دروست کردووە تاوەکو بەدەسەڵات بڵێین چیتر توندوتیژی بەرامبەر مووچەخۆرانی ئافرەت نەکەن، خۆ توندوتیژی بەس لێدان نییە، زەوت کردنی مافەکانی ژنان لەنێو چینی فەرمانبەرانیشدا بەشێکە لە توندوتیژی، ئێمە هاتووین ئەمە نەهێڵین".

لەبەرامبەر نەکردنەوەی دەرگای خوێندنگەکانیشەوە نەسرین محەمەد ئاماژەی بەوەدا کە حکوومەت لەبەر ئەوەی ناتوانێت موچەی مامۆستایان بدات، بۆیە دەرگای خوێندنگەکان ناکاتەوە، ئەوەی مامۆستایان داوای دەکەن، پێدانی موچەکانیانە هەر ٣٠ رۆژ جارێک بەبێ لێبڕین، تاوەکو ئەوانیش بتوانن دەرگای خوێندنگەکان بکەنەوە و وانەگووتنەوە ئاسایی بکرێتەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın