Heman Hussein Yaseen
03 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2026
ئەمڕۆ، ٣ی ئاب، ١٢ ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت، تاوانێک کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەنجامدرا و بە ھۆیەوە ھەزاران کەس کوژران، ڕفێنران و سەدان ھەزار کەسیش ناچار بە ئاوارەبوون بوون.
ھەرچەندە ١٢ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا ھەزاران خێزانی ئێزدی لە کەمپەکاندا دەژین و ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێندراوانیش چارەنووسیان نادیارە.
بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی خەیری بوزانی، لەبارەی دواین ئاماری ئێزدییەکان لەم کارەساتەدا، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند کە، کۆی ڕفێندراوانی داعش شەش ھەزار ٤١٧ کەس بوون لەو ژمارەیەش سێ ھەزار و ٥٤٨ کەسیان مێینە و دوو ھەزار و ٨٦٩ کەسیان نێرینە بوون.
بوزانی جەختی لەوەش کردەوە کە تا ئێستا سێ ھەزار و ٥٩٥ کەس لە ڕفێندراوان ڕزگارکراون لەو ژمارەیەش ھەزار و ٢١٢ ژن، ٣٣٩ پیاو و ھەزار و ٧٩ منداڵی کچ و ٩٦٤ منداڵی کوڕن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزدییەکان ھەروەھا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕووفاتی ٢٩٦ کەس لە ڕفێندراوان لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان ناسراونەتەوە؛ لەوانە ٤١ کچ و ئافرەت و ٢٥٥ کوڕ و پیاون.
لەبارەی ژمارەی ئەو ئێزدییانەی کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، خەریری بوزانی ڕایگەیاند: "تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٢٦ کەس ھێشتا بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، کە لەوانە ھەزار و ٢١٥ کەسیان ئافرەت و ھەزار و ٣١١ کەسیان پیاون.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ھێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر قەزای شنگال و لەو ھێرشەدا ھەزاران ئێزدی کوژران و ڕفێنران و سەدان ھەزار کەسیش ناچار بە جێھێشتنی ماڵ و زێدی خۆیان بوون. ئەو تاوانانە کە لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامدران، لەلایەن ژمارەیەک وڵات و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە جینۆساید ناسێنراون. ھەرچەندە ئەمڕۆ ١٢ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێدەپەڕێت، بەڵام ھێشتا ھەزاران خێزانی ئێزدی لە ئاوارەییدان، ھەزاران کەس چارەنووسیان نادیارە و شنگالیش ھێشتا چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەییە بۆ ئەوەی خەڵکەکە بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بە چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتنی شنگالیان واژوو کرد کە تایبەت بوو بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و گەڕانەوەی سەقامگیریی و ئاوەدانکردنەوەی قەزاکە،گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بریتی بوون لە دەرکردنی ھەموو ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال و، سپاردنی ئەرکی ئاسایش بە ھێزە فەرمییەکان، ھەروەھا کاربکرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان. بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش ساڵ بەسەر واژووکردنی ڕێککەوتنەکەدا، زۆربەی خاڵە سەرەکییەکانی ھێشتا جێبەجێ نەکراون، کە ئەمەش بووەتە ھۆی بەردەوامبوونی ناسەقامگیریی و دواخستنی گەڕانەوەی ھەزاران خێزانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان.