عێراق

داواکاری ١٧ پەرلەمانتار بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە نەخرایە بەرنامەی کارەوە

- ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان، ئاشنا عەبدوڵڵا: "لەڕێگەی سکرتێری پەرلەمانەوە ئاگادارکرامەوە کە ناتوانن ئەو بابەتە بخەنە بەرنامەی کار، بەوپێیەی کە تیمی حکوومەت ئامادەنابن لە دانیشتنەکەدا".

Hawkar Yaseen   | 07.04.2021
داواکاری ١٧ پەرلەمانتار بۆ لابردنی لێبڕینی مووچە نەخرایە بەرنامەی کارەوە

Arbil

هەولێر - AA

ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە یاداشتێکدا کە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کردبوو داوایان کرد خاڵێکی دیکە بۆ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان زیادبکرێت تایبەت بە ناچارکردنی حکوومەت لەسەر هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە، بەڵام لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داواکە رەتکرایەوە.

لە یاداشتێکدا کە ١٧ پەرلەمانتار واژوویان لەسەر کردبوو دوێنی ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانیان کرد، بەپێی بڕگەی چواری ماددەی ٤٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داوایان کردبوو، بابەتی (لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان) زیادبکرێت لەبەرنامەی کاری دانیشتنی ژمارە شەشی ئاسایی خولی بەھارەی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان، بەڵام لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان داواکە جێبەجێ نەکرا و بەرنامەی کار وەک خۆی مایەوە.

ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان، ئاشنا عەبدوڵڵا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای رەتکردنەوەی داواکەیان گوتی: "ئێمە دوێنێ ژمارەی یاسایی پەرلەمانتارانی کوردستان بەپێی ماددەی ٤٨ بڕگەی چوارەم لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان داوام کرد کە بڕگەیەک زیادبکرێت بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە، بەڵام لەڕێگەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و لەڕێگەی سکرتێری پەرلەمانەوە ئاگادارکرامەوە کە ناتوانن ئەو بابەتە بخەنە بەرنامەی کار بەوپێیەی کە تیمی حکوومەت ئامادەنابن لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا".

گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت جەخت لەسەر بابەتێکی گرنگ بکەینەوە، لەدوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی رێککەوتووە و یاسای بوودجە پەسەند کرا، بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەکان و شاندی دانوستانکار رێککەوتنەکە بە دەستکەوتێکی گەورە ناودەنێن و پێیانوایە کاریگەری هەیە لەسەر دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت و بڕیاربدات بەوەی بابەتی لێبڕینی مووچە کۆتایی پێبهێندرێت".

ئاشنا عەبدوڵڵا راشیگەیاند "پەرلەمانی کوردستان وەزارەتی یاسادانان نییە هەرکاتێک حکوومەت بیەوێت کۆببێتەوە یان هەر کەسێک بیەوێت یاسایەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت پەرلەمان بۆی بشەرعێنێت، پێمان وایە پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و دەسەڵاتی یاسادانانە بۆیە دەبێت دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنیت و فشارەکانی زیاد بکات لەسەر حکوومەت بۆ بابەتی کۆتایی هێنان بە ستەمی لێبڕینی مووچە، بۆیە ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەر فشارە پەرلەمانییەکانمان لەسەر ئەم بابەتە بەردەوام دەبین".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın