Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2026
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕاگەیاند کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گەندەڵی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلیدا، دەست بەسەر بڕی ٢٧ ملیار دیناری دیکەدا گیراوە.
ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندی تاوانەکانی نەهێشتنی گەندەڵی زیا جەعفەر ڕوونی کردووەتەوە کە لە ئەنجامی بەدواداچوونێکی ورد لە دۆسیەی گەندەڵی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلیدا دەست بەسەر بڕی ٢٧ ملیار دیناری دیکەدا گیراوە.
ھەروەھا دادوەر زیا جەعفەر ڕاشیگەیاندووە کە لە چوارچێوەی بەداداچوونەکەدا، دەركەوتووە، ئەو بڕە پارەیە لای چەند کەسێک شارداربوونەوە.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، ئەو دادوەرە جەختی لەوەش کردووەتەوە، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پەیوەندییان بە دۆسیەی گەندەڵی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، عەدنان جومەیلی ھەیە.
لە ماوەکانی ڕابردوو بڕیکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق عەدنان جومەیلی بە تۆمەتی تێوەگلانی لە گەندەڵی، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا کە ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوە دایە.
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا تا ئێستا، دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارە و زێڕی دەوڵەت داگیراوە.