Zana Natık Kerem
12 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 12 تەمووز 2026
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند کە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی کارنامەی حکوومەتی عێراقە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن.
حەیدەر عەبودی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد کە ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەرەو ئەمریکا بەڕێدەکەوێت.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕاشیگەیاند کە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، بەرجەستەکردنی پەرەپێدانی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراقە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش دامەزراوە و گوتی: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا ، زۆر گرنگە بە تایبەتی کە ناوچەکە بە دۆخێکی ھەستیاردا تێپەڕدەبێت".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی باسی لەوەش کرد لە چوارچێوەی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان عێراق و ئەمریکا لەبوارەکانی نەوت و غاز واژوو دەکرێن، ھانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەدرێن کە بۆ زیادکردنی بەرھەمھێنانی نەوت ڕوو لە عێراق بکەن، ھەروەھا ھەوڵدەدرێت دەروازەیەک بۆ ھەناردەکردن نەوت بدۆزرێتەوە تا کاریگەرییەکانی ھەناردەکردن لە گەرووی ھورمز کەم بکرێنەوە.
حەیدەر عەبودی ڕایگەیاند کە سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕەنگدانەوەی کارنامەی حکوومەتی عێراقە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتۆن و ئاماژەی بەوەشدا کە لە دانوستان و گفتوگۆکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، باس لە ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ دەکرێن کە گرنگترینان دۆسیەی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتە لە بوارەکانی ئابووری و وەربەھێنان و گوتیشی: "ئەم سەردانەی عەلی زەیدی بۆ ئەمریکا نوێیە، لە سەردانەکانی بەرپرسانی پێشووی عێراق بۆ ئەمریکا جیاوازە، چونکە ڕۆژەڤی سەرەکی لەم سەردانەدا، پرسی ئابوورییە".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق تیشکی خستەر ئەوەی کە ھیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتنامەی ستراتیژی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا نەکراوە و و لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن و گوتی: "لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە چوارچێوەی سندوقی گەشەپێدان و وزەی عێراق و ئەمریکا، واژوو دەکرێت".
ھەروەھا حەیدەر عەبودی ڕاشیگەیاند کە شێوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکانەوە دەگۆڕدرێت بۆ ھاوبەشێکی ئابووری درێژخایەن.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی سەبارەت بە پڕکردنەوەی ئەو نۆ وەزارەتەی کە تا ئێستا پڕ نەکراونەتەوە، ڕایگەیاند کە ئەو پرسە بە گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکان یەکلایی دەکرێتەوە.