Zana Natık Kerem
27 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 27 تەمووز 2026
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە ڕێگریی لە قۆرخکاری لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت، ھەروەھا داوا لە حکوومەتی فیدراڵییشی کرد کە ڕێژەی ھەرێمی کوردستان لە نەوت بۆ ١٢٦ ھەزار و ٧٠٠ بەرمیل زیاد بکات.
نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەنزین و سووتەمەنی کردووە.
بەپێی راگەیاندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاسپاردووە کە لە زووترین کاتدا، چارەسەری قەیرانی بەنزین بکەن بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگیرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریداوە، نرخی بەنزینی نۆرمالی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە، بە ھەمان نرخی ئێستا بەردەوام دەبێت و لەسەر ئەو بەنزینخانانە دابەش بکرێت کە پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی نرخ و جۆری بەنزین.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاریداوە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری (سوپەر و موحەسەن) بکرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی ھەرێم و ڕێگرییش بکرێت لە قازانجی ناڕەوا، ھەروەھا ئاسانکاریش بکرێت بۆ ھێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەھێنرێن.
بەپێی ڕاگەیاندراوە لە کۆبوونەوەکەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵیی کراوە، لەوەی ڕێژەی پێویستیی نەوتی خاو بۆ ھەرێمی کوردستان کە ئێستا ٥٠ ھەزار بەرمیلە، زیاد بکات بۆ ١٢٦ ھەزار و ٧٠٠ بەرمیل بەپێی ڕێژەی ١٢،٦٧ لە سەدای دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان کە ئێستا لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دیاریکراوە.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاری ئەوەش دراوە، لەوەی ڕێگری لە قۆرخکاری لە بواری سووتەمەنی و بە تایبەتی بەنزین بکرێت.