عێراق

بەهۆی کۆرۆناوە عێراق رێگە بە هاووڵاتییانی ئێرانی نادات بێنە وڵاتەکەی

پارێزگای میسان لە باشووری عێراق بڕیاریدا بە داخستنی دەروازەی سنووریی "شیب" لەگەڵ ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

Sarmand Hameed   | 20.02.2020
بەهۆی کۆرۆناوە عێراق رێگە بە هاووڵاتییانی ئێرانی نادات بێنە وڵاتەکەی

Iraq

عێراق - AA

پارێزگای میسان لە باشووری عێراق بڕیاریدا بە داخستنی دەروازەی سنووریی "شیب" لەگەڵ ئێران بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

ئەم رێککارانەی عێراق دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری قوم لە ئێران تۆمار کرا و ئەمڕۆش سێ حاڵەتی دیکە تۆمار کرا.

پارێزگای میسان لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەنجوومەنی خۆجێی بڕیاریداوە بە داخستنی دەروازەی سنووری شیب لەگەڵ ئێران بە تەواوەتی بەڕووی هاتوچۆی گەشتیاران و بازرگانان تا کاتێکی نادیار.

ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە دەروازەی سنووری زەرباتییە لەگەڵ ئێران دابخات، ئەمەیشی گەڕاندووەتەوە بۆ رێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە ئێرانەوە بۆ عێراق.

هاوکات پارێزگاری نەجەف، لوئەی یاسری بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە رێگە بە هاووڵاتییانی ئێرانی نەدات کە لە شاری قومەوە دێنە پارێزگاکە، هاوکات هۆشداریی داوە بە هاووڵاتییانی عێراقی لە گەشتکردنیان بۆ شارەکانی ئێران.

لەلای خۆیوە کەناڵی ئیخباری لۆکاڵی بڵاویکردووەتەوە، شانەی قەیرانەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق بڕیاریداوە بە قەدەغەی هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ عێراق تا کاتێکی نادیار.

بەپێی بەڵگەنامەیەک، شانەی قەیرانەکان لە وەزارەتی تەندروستی عێراق زنجیرەیەک بڕیاریداوە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای بڵاوبوونەوەی لە ئێران، لەوانە قەدەغەی هاتنەناوەوەی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ عێراق لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان تا کاتێکی نادیار.

بڕیارەکانی وەزارەتی تەندروستی شاندە دیپلۆماتییەکانی بەدەر کردووە لە دوای پشکنینیان، هەروەها سەرجەم ئەو هاووڵاتییە عێراقیانەی کە لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە وڵات، ماوەی ١٤ رۆژ دەخرێنە ژێر چاودێری پزیشکییەوە.

حکوومەتی عێراق ئەوەی راگەیاندووە کە تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵات تۆمار نەکراوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın