عێراق

ئێران لەبارەی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی وڵاتەکەی داوای راپۆرتی فەرمی لە عێراق دەکات

- وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەماهەنگی پێویست کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لەناو کەشتی بە بارهەڵگری "بەهبەهان" لەکاتی ژێر ئاوکەوتنی لە بەندەری ئوم قەسر رزگاریان بووە لەگەڵ گەڕانەوەی تەرمی ئەو کەسەی لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە.

Sarmand Hameed   | 06.06.2020
ئێران لەبارەی ژێرئاوکەوتنی کەشتییەکی وڵاتەکەی داوای راپۆرتی فەرمی لە عێراق دەکات

Arbil

هەولێر - AA

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەماهەنگی پێویست کراوە بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی لەناو کەشتی بە بارهەڵگری "بەهبەهان" لەکاتی ژێر ئاوکەوتنی لە بەندەری ئوم قەسر رزگاریان بووە لەگەڵ گەڕانەوەی تەرمی ئەو کەسەی لەو رووداوەدا گیانی لەدەستداوە، لەنزیکترین کاتدا.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی، فەرمانگەی گشتی میدیا و کاروباری وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردووەتەوە، کونسوڵخانەی گشتیی ئێران لە بەسڕە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی پەیوەندیدار کردووە لەبارەی تیمی کەشتییە ئێرانییەکە و هۆکاری ژێرئاوکەوتنی، لەمبارەیەوە داوای راپۆرتی فەرمی لە بەغدا کراوە.

بەڕێوەبەری گشتی پاراستن و ئاسایشی کەناراو و کەشتی دەریایی ئێران، نادر بەسندە رایگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی لەناو کەشتی بارهەڵگری ئێرانی "بەهبەهان" بوون کە ئێواری رۆژی پێنجشەممە لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق ژێر ئاو کەوت، حەوت کەس بوون، لەوانە تا ئێستا کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و چواریان رزگارکراون.

بەسندە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئێرنا رایگەیاندووە، دوو لە تیمی کەشتییەکە لە رووداوەکەدا ون بوونە کە یەکێکیان ئێرانییە و ئەوەی دیکە هیندییە.

لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری دەریاوانی لە خورمەشەهر سەر لە پارێزگای خوزستان باشووری رۆژئاوای ئێران، نوروڵڵا ئەسعەدی رایگەیاند، تیمی کەشتی (ناجی ١٧)ی ئێران بۆ فریاگوزاری و رزگارکردن رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراوە بەمەبەستی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی عێراقی، و ئاماژەی بەوە کرد کە تیمەکە هەڵمەتی گەڕانیان لە شوێنی رووداوەکە دەستپێکردووە.

ئەسعەدی راشیگەیاند، وێرای ناردی کەشتی ناجی ١٧، کەشتییەکی دیکە لە کەنداوی فارس و ژمارەیەک شارەزای دەریاوانی ئێرانی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون.

کەشتی بارهەڵگری ئێرانی بەناوی "بەهبەهان" رۆژی دووی حوزەیران لە بەندەری خورمشەهرەوە بەرەو بەندەری ئوم قەسر لە عێراق بەڕێکەوتبوو، کە نزیکەی ٨٥٠ تۆن کەولوپەلی بیناسازی و سیرامیکی بارکردبوو، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە لە کەناڵی ئاویی خۆر عەبدوڵڵا لەنێوان عێراق و کوێت لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق ژێرئاو کەوت. 

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın