عێراق

ئایا بەڵێنی یارمەتییەکانی ئەورووپا بۆ کازمی دەتوانێ عێراق لە "قەیران" رزگار بکات

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێک گەشتێکی بۆ وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامدا کە لە میانیدا سەردانی هەریەک لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیای کرد.

Sarmand Hameed   | 26.10.2020
ئایا بەڵێنی یارمەتییەکانی ئەورووپا بۆ کازمی دەتوانێ عێراق لە "قەیران" رزگار بکات

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێک گەشتێکی بۆ وڵاتانی ئەورووپا ئەنجامدا کە لە میانیدا سەردانی هەریەک لە ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیای کرد.

ئەم سەردانەی مستەفا کازمی بۆ ئەورووپا، بە یەکەم سەردانی بۆ ئەو سێ وڵاتە دادەنرێت لەوەتەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوودا.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەورووپا لە کاتێکدابوو کە ناوچە و جیهان بە قەیرانێکی قوڵی ئابووری و تەندروستیی تێپەڕدەبێت و عێراقیش کاریگەری راستەوخۆی ئەم قەیرانەی کەوتووەتەسەر بەتایبەت کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و ئەمەش عێراقی تووشی قەیرانێکی دارایی کردووە، بەو پێیەی عێراق لەسەدا ٩٠ی داهاتەکانی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی کە خۆی چەندینجار باسی ئەوەی کردووە کە هاتووەتە سەر خەزێنەیەکی خاڵی و لەوکاتەی کە بووەتە سەرۆکوەزیران، عێراق گیرۆدەی چەندین قەیرانی قوڵ بووە، بۆیە ئەرکی حکوومەتەکەی زۆر سەخت بووە، ئەگەر چی ئەرکی حکوومەتەکەی کازمی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، بەڵام بەبێ هەنگاونان بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی کە رووبەڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەگەڵ جێبەجێکیردنی داواکاری خۆپیشاندەران بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە ئاستەم دەزانرێت.

مستەفا کازمی لە داوای دەستبەکاربوونی، یەکەم سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات بۆ ئێران بوو. ئاشکرایە کە هەژموونی ئێران لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسیی و حوکمڕانی لە عێراق کاریگەری روون و ئاشکرای هەبووە، لە بەرامبەردا ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی هەژموون و کاریگەری ئێران لە عێراق بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە مستەفا کازمی و حکوومەتەکەی دەکات.

ئەگەر چی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی چەندینجار جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق ئەوە ناخوازێت کە وڵاتەکەی ببێت بە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتانی دیکە، بەڵام ئەوە بەڕوون و ئاشکرا دیارە کە ئێران و ئەمریکا لەسەر خاکی عێراق ململانێکانیان دەکەن. دیارترینیان کوشتنی فەرماندەی فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکاوە لەسەر خاکی عێراق، لە بەرامبەردا گرووپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێران هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی و تەنانەت باڵیۆزخانەکەیشی لە بەغدا دەکەنە ئامانجی هێرشەکانیان.

مستەفا کازمی لە کاتێکدا پشتیوانی هێزە سیاسییەکانی بەدەستهێنا بۆ بوون بە سەرۆکوەزیران، عێراق لە قەیرانێکی قوڵی سیاسیی و ئەمنییدا بوو، بەو پێیەی حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی لەژێر فشاری خۆپیشاندەرانی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا و داوی شکستهێنانی دوو راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بوو بە سەرۆکوەزیران.

مستەفا کازمی لە دوای بوونی بە سەرۆکوەزیران، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراق، هەرێمیی و نێودەوڵەتیی پشتیوانی خۆیان بۆ دووپات کردەوە.

وێڕای ئەوەی کە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە ئەوان لەگەڵ بەهێزبوونی عێراقدان لە هەموو بوارەکاندا، بەڵام ئەوەی بەدی دەکرێت کازمی لەئێستادا، لەژێر کاریگەری کۆمەڵێک قەیراندایە کە دەکرێت لە دوو رەهەندەوە لێی بڕوانرێت؛ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، قەیرانی دارایی و ئەمنیی گەورەترین قەیرانی بەردەم کازمی-ین، لەڕووی ئابوورییەوە، وەک ئاماژەمان پێدا، بەوپێیەی عێراق وەک سەرچاوەی سەرەکی داهات پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت، لەئێستادا داهاتەکەی بەشی دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانیش ناکات، ئەمەش وا دەکات حکوومەتەکەی لەڕووی خزمەتگوازرییەوە نەتوانێت هیچ پرۆژەیەک ئەنجام بدات، لەسەر ئاستی ئەمنیش رۆژانە کردەی تیرۆریستیی و جموجۆڵەکانی داعش لەلایەک و بەردەوام کردنەئامانجی هێزەکانی ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە کازمی خستووەتە بەر ئاڵنگارییەکەی گەورە کە لەم قۆناغەدا ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی بە ئەستەم دەزانرێت.

لەسەر ئاستی هەرێمی و ناوخۆییش، ئێران لە رێگەی گرووپە چەکداریی و هێزە سیاسییەکانی نزیک لە خۆی فشار لە کازمی دەکەن بۆ پابەندکردنی بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی بیانی لە عێراق، لەلایەکی دیکەش فشاری ئەمریکا بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری و هەژموونی ئێران لە عێراق.

بەردەوامی ململانێکی ئەمریکا و ئێران لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک هەردوولا باڵیۆزی ئەوی دیکە بخاتە لیستی سزاکانییەوە، ئەمەش دووبارە کازمی خستووتە بەردەم رووشکان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی وڵاتانی ئەورووپا، هەفتەی رابردوو گەشتێکی بۆ هەریەک لە فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەنجامدا.

ئامانجی گەشتەکەی بەدەستهێنانی پشتیوانی ئەو وڵاتانەیە لەڕووی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانەیە بۆ ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان لە عێراق.

مستەفا کازمی کە لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا چووە فەڕەنسا، لە میانیدا لەگەڵ سەرکۆماری ئەو وڵاتە، ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە و سەبارەت بە پتەوترکردنی پەپوەندیی دووقۆڵیی و هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان بەغدا و پاریس لە بوارە جیاجیاکاندا گفتوگۆ کرا.

فەڕەنسا کە ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعشە، بەردەوامی پشتیوانییەکانی بۆ عێراق دووپاتکردووەتەوە و لەم چوارچێوەیەشدا، سەرەتای مانگی ئەیلوولی رابردوو، ماکرۆن بە سەردانێکی یەک رۆژە هاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ پاریس، بۆ تەواوکردنی ئەو گفتوگۆیانە بوو کە ئەو کات بەهۆی کەمی کاتی سەردانەکەی ماکرۆن بۆ بەغدا نەتوانرا بە درێژی باسیان لێوەبکرێت بەتایبەت پرسی کڕینی چەک بەپێی پێداویستییەکانی سوپای عێراق لە فەڕەنسا.

ئامانجێکی دیکەی سەردانەکەی کازمی بۆ پاریس، داواکردنی ناردنی چەند چاودێرێک بوو بۆ کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ فەڕەنسا، بەغدا و پاریس سێ یاداشتنامەیان لە بوارەکانی گواستنەوە، کشتوکاڵ و فێرکردن واژوو کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە دووەم وێستگەی سەردانەکەیدا، چووە ئەڵمانیا و لە بەرلین لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ کۆبووەوە.

کازمی لە سەردانەکەی بۆ بەرلین، سوپاسی پشتیوانییەکانی ئەڵمانیای کرد بۆ عێراق لە شەڕی دژبە داعش و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ ئەڵمانیا لە بواری ئەمنی و سەربازیی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە تایبەتیش لە بواری مەشق و راهێنان بە هێزە ئەمنییەكانی عێراق دووپات کردەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئێوارەی رۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم، گەیشتە لەندەن و رۆژی ٢٢ی تشرینی یەکەم دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بەریتانیا دەست پێکرد.

ئەوەی بووە مایەی پرسیار، جیاواز لە سەردانەکەی بۆ فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە بە گەیشتنی بۆ پاریس و بەرلین دیدار و کۆبوونەوەکانی دەستپێکرد، بەڵام لە بەریتانیا رۆژی ٢١ی تشرینی یەکەم، کازمی هیچ دیدار و کۆبوونەوەیەکی ئاشکرای نەبوو، ئەمەش بووە مایەی پرسیار لای میدیاکان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە لەندەن لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن و جێنشین، شازادە چارلس و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، دۆمێنیک راب کۆبووەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە میانی دیدار و کۆبوونەوکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، تاوتوێی هەماهەنگی نێوان بەغدا و لەندەن لە بەرەنگاربوونەوەی تئیرۆر و بوارەکانی سیاسیی و ئابووری کرد.

هەر لە میانی سەردانەکەیدا بۆ لەندەن، کازمی سەردانی مۆزەخانەی بەریتانیای کرد و ئەو پێنج هەزار پارچە شوێنەوارەی بینی کە بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەریتانیا رادەستی عێراقیان بکات کە ئەمەش بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی سەردانەکەی کازمی دادەنرێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا بۆ پاریس، بەرلین و لەندەن لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەو سێ وڵاتە کۆبووەوە و خواست و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رەخساندنی دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیاکانی ئەو سێ وڵاتە لە عێراق نیشاندا، بەڵام ئایا ناسەقامگیری رەوشی ئەمنی بەتایبەت دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش و شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەو رێگایە لەبەردەم کۆمپانیا بیانییەکان واڵا دەکات تاوەکو رووبکەنە عێراق.

لە کاتێکدا کە کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی لە ئەورووپا بوو، پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە رۆژەڤدایە و دەگوترێت پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل یەکێک بووە لە تەوەری کۆبوونەوەکانی کازمی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە ئەورووپییە.

پێشتر سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی پلانی سەدە (صفقة القرن) سەرپەرشتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-عەرەب دەکات، رایگەیاندبوو کە پێنج وڵات بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت ئامادەییان نیشانداوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەل ئەبیب ئاسایی بکەنەوە. چاودێران پێیان وایە کە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە ترەمپ خواستی ئاسایییکردنەوەی پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاندبوو.

لێرەدا کازمی دیسان دەکەوێتەوە بەردەم دووڕیانێکی سەخت بەجۆرێک کە ئەگەر ملکەچی فشاری ئەمریکا نەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل ئەوا ئەگەری هەیە بکەوێتە ژێر سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا و ئەگەر بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ تەل ئەبیب بدات ئەوا لەناوخۆدا رووبەڕووی کاردانەوەی توندی گرووپە چەکدارییەکان دەبێتەوە، بەتایبەت دوای فەتواکەی هەفتەی رابردووی مەرجەعی باڵای شیعە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیسرائیلی رەتکردەوە و کڕین و فرۆشتن و بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا حەرام کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دوای گەشتەکەی بۆ ئەورووپا کە لە میانیدا سەردانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیای کرد، ئێوارەی رۆژی هەینی رابردوو گەڕایەوە بەغدا و لە لێدوانێکدا سەردانەکەی بە سەرکەوتوو وەسف کرد، بەڵام هێشتا زووە هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی سەردانەکەی بکرێت و لە داهاتوودا ئەنجامەکانی دەردەکەون.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın