ئاژانسی ھاریکاریی و ھەماھەنگیی تورکیا (TIKA) پێداویستی بەخێوکردنی ھەنگ، بۆ ٢٠٠ ھەنگەوان لە پارێزگای ئەنبار ڕۆژئاوای عێراق دابین کرد.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری لقی ئاژانسی (TİKA) لە عێراق، عومەر فاروق مەرجان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ڕایگەیاند کە بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە کەرتی بەرھەمھێنانی ھەنگوین لە پارێزگای ئەنبار ڕۆژئاوای عێراق، یارمەتی پێشکەش بە ٢٠٠ ھەنگەوان لە پارێزگاکە کردووە.
عومەر فاروق مەرجان ڕوونیشیکردەوە کە لەم چوارچێوەیەدا، کەلوپەلی پێویستیان بۆ بەخێوکردنی مێش ھەنگوین، ئامێری جیاکردنەوە و دەرھێنانی ھەنگوین بۆ ٢٠٠ ھەنگەوان لە پارێزگای ئەنبار دابینکراوە و گوتیشی: " ئێمە لەو باوەڕەداین کە پەرەپێدان بە تواناکان لە بواری ھەنگەوانیدا لە پارێزگای ئەنبار، دەبێتە مایەی یارمەتییەکی ئەرێنی بۆ ئابووری پارێزگاکە و عێراق".
لە بەرامبەردا بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵ لە ئەنبار، عەممار ساڵح بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕايگەیاند، کەرتی کشتوکاڵ و ھەنگەوانی لە پارێزگاکە بەھۆی ململانێیەکانی ناوچەکە، زیانی گەورەی بەرکەوتووە.
ھەروەھا عەممار ساڵح خۆشحاڵی خۆشی نیشاندا لە ھەمبەر ئەو یارمەتییەی کە لەلایەن ئاژانسی (TİKA) لە کەرتی ھەنگەوانیدا لە پارێزگای ئەنبار پێشکەش کراوە.
ھەر لەوبارەیەوە ھەنگەوان لە پارێزگای ئەنبار، عیماد جەراد بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕاگەیاند، بەھۆی ئەو کردە توندوتیژییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە عێراق ڕوویانداوە، زیانی گەورە بە کەرتی ھەنگەوانی لە پارێزگای ئەنبار کەوتووە و گوتی: "سوپاسی تورکیا و ئاژانسی تیکا دەکەین کە یارمەتییان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی کەرتی ھەنگەوانی لە پارێزگای ئەنبار پێشکەش کردووە".
news_share_descriptionsubscription_contact
