شیکردنەوە, عێراق

چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای تایبەت بە پێکهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی پەسەند بکات

- بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، دادگای باڵای فیدڕاڵی لە ئامادەبوونی هەموو ئەندامەکانیدا دەتوانێت بڕیار دەربکات، بەڵام لە راستیدا ئەم دادگایە هەلی ئەوەی نەبووە هیچ بڕیارێک دەربکات.

Sarmand Hameed   | 15.03.2021
چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق یاسای تایبەت بە پێکهێنانی دادگای باڵای فیدڕاڵی  پەسەند بکات

Arbil


هەولێر - AA

دادگای باڵای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق کە ئەرکی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانە لەبارەی دەستوور.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بەپێی یاسای ژمارەی ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ پێکھێنرا و بەپێی یاساکە بارەگای دادگاکە لە بەغدا دەبێت و لە رووی کارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە.

بەپێی یاساکە، دادگای باڵای فیدراڵی لە سەرۆك و هەشت ئەندام پێکدێت و لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن.

پێکھاتەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دوای ھەڵوەشاندنەوەی ماددەی سێیەم لە یاسای ژمارەی ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ کە رێگەی بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەدا بۆ کاندیدکردنی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و دەرکردنی مەرسوومی کۆماری، رووبەڕووی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی بوویەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە دوو ئەندامی دادگاکە کۆچی دواییان کرد و بەپێی ماددەی پێنجەمی یاسای ژمارەی ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، پێویستە لە کاتی ئەنجامدانی دانیشتنەکانی دادگاکەدا، سەرجەم ئەندامانی دەستەی دادگاکە ئامادەبن بەپێچەوانەوە، ھەر بڕیاڕێک دەربکات بە بڕیارێکی نادروست دادەنرێت، بۆیە دادگاکە دەسەڵاتی دەرکردنی ھیچ بڕیارێکی نەماوە.

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانە، بۆیە لەئێستادا دادگاکە بەم پێکھاتەی ئێستای ناتوانێت ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراق کە بڕیارە لە ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت، پەسەند بکات.

بۆیە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی خستە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی بۆئەوەی بەرلە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان پێکھاتەی ئەم دادگایە یەکلایی بکاتەوە، ئەمەش لەسەر بنەمای ماددی سێیەم لە یاسای دادگاکە بووە لەگەڵ ھەموارکردنەوەی ماددەی سێیەم دادگاکە کە کاندیدکردنی ئەندامانی بە ھاوبەشی و راوێژ دەبێت لەنێوان دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، چونکە دەرکردنی یاسایەکی نوێ بۆ دادگاکە و تێپەڕاندنی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەستەم دەبێت، چونکە پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، ئەمەش بەپێی ماددەی ٩٢ی دەستووری عێراق.

بەپێی ماددەی ٩٣ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی دادگاکە بریتییە لە پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکان، لەبەر ئەوەی دادگاکە بەم پێکھاتەیەی ئێستای ناتوانێت ئەنجامی ھیچ ھەڵبژاردنێک پەسەندبکات، بۆیە بەبێ دەرکردنی یاسای داگای باڵای فیدراڵی یان ھەموارکردنەوەی یاسای ژمار ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەپێی پەسەندکردنی لەلایەن دادگاکەوە ھیچ بەھایەکی یاسایی نابێت.

مەرجە سەرەکییەکانی کارکردن لە داگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەوەیە کە پێویستە دادوەر بەردەوام بێت لە خزمەتی دادوەریی و خانەنشین نەبووبێت وبەپێی بڕگەی سێیەم لە ماددەی شەشەمی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥، ئەندامانی رەسەنی دادگای باڵای فیدراڵی رەچاوی تەمەنیان ناکرێت لە کارکردنیان و دەتوانن بەخواستی خۆیان تاوەکو لە ژیاندا بن بەردەوام بن لە ئەرکەکەیاندا.

ئەرکەکانی دادگای فیدراڵی بریتییە لە؛ چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و پەیڕەوە بەرکارەکان، لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور، یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسانەی کە لە جێبەجێکردنی یاسا فیدراڵییەکان و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەکان و ئەو رێوشوێنانەوە دێنە ئاراوە کە دەسەڵاتی فیدراڵی دەریان دەکات، یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمەکان و پارێزگاکان و شارەوانییەکان و ئیدارە خۆجێییەکان روودەدەن، یەکلاییکردنەوەی ئەو ناکۆکییانەی کە لەنێوان ھەرێمەکان و پارێزگاکاندا دێنە ئاراوە، یەکلاییکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی سەرکۆمار، سەرۆکوەزیران و وەزیرەکان دەکرێن لەگەڵ پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنە گشتییەکان بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ھەروەھا یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دادگای فیدراڵی و دەستەی دادوەری ھەرێم و پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی ھەرێمدا و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکی تایبەتمەندیی لەنێوان دەستەی دادوەری ھەرێمەکان، یان پارێزگا رێکنەخراوەکان لە چوارچێوەی ھەرێمدا.

بەپێی ماددەی ٩٤ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق، سەرجەم دەسەڵاتەکانی عێراق پابەند و ملکەچن بۆ بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و بڕیارەکانی یەکلاییکەرەوە و ھیچ تانەیەکی لێ نادرێت بەوپێیەی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە وڵاتدا.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەردەوامە لەسەر دەنگدان بۆ تەواوکردنی پرۆژە یاساکە کە لە ٢٤ ماددە پێکھاتووە و تا ئێستا ٢١ ماددە پەسەندکراون.

ئەو سێ ماددەی کە ماون بریتین لە ماددەکانی دووەم، سێیەم و دوازدەهەم.

ماددەی دووەم لە پرۆژە یاساکە پەیوەستە بە پێکھاتەی دادگاکە کە چەند بابەتێک لەخۆ دەگرێت لەوانە؛ پێکهاتەی دادگاکە و ژمارەی ئەندامەکانی کە چەند دادوەر و شارەزای شەرعیی و شارەزای یاسایی پێکبێت.

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کە دەنگی زۆرینەیان هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ ئەوەدان شارەزایانی شەرعی لە پێکهاتەی داگاکەدا هەبن و مافی دەنگدانیان هەبێت، ئەمەش نیگەرانی چالاکوانان و یاساناسانی عێراقی بەدوای خۆیدا هێناوە لەگەڵ ئەم جۆرە پەسەندکردنەدا نین و پێیان وایە ئەم هەنگاوە کاریگەری لەسەر رێڕەوی دادگا لە وڵاتدا دەبێت.

ھەروەھا ماددەی سێیەمی پڕۆژە یاساکە کە تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە کە پەیوەستە بە دیاریکردنی ئەندامانی دادگاکە بەوەی کێ دەتوانێت دایانمەزرێنێت، بۆ ئەمەش ناکۆکی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بووە و بەشێک دەڵێن با ناوی کاندیدەکان لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان پێشنیاز بکرێن و سەرکۆمار پەسەندیان بکات، ھەندێکی دیکەش دەڵێن؛ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەری ھەرێمی کوردستان پێشنیازی ناوی کاندیدەکان بکات و ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لەسەر بدات، پاشان سەرکۆمار بە دەرکردنی مەرسوومی کۆماری ناوەکان پەسەند بکات و سەبارەت بە ماددەی ١٢هەمی پرۆژە یاساکەش کە میکانزمی بڕیاردانی داگاکەیە کە بەچ شێوەیەک دەبێت، ئایا لە ھەموو بابەتەکاندا بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ یان زۆرینەی سادە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە نۆ ئەندام پێکھاتووە کە؛ سێ شیعە، دوو سوننە، دوو کورد، تورکمانێک و مەسیحییەک، بەڵام لەئێستادا لایەنەکان لەنێوان خۆیاندا پێکھاتوون کە سێ ئەندامی دادکاگە بۆ شیعە و سێ بۆ سوننە و سێ ئەندامەکەی دیکەش بۆ کورد بێت ئەمەش کاردانەوەی پێکھاتەکانی بەدوای خۆیدا ھێناوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی رایگەیاند، ئەوان دژ بەو شێوازەی دابەشکردنی ئەندامانی داگای باڵای فیدراڵین چونکە رەچاوی پێکھاتەکان نەکراوە.

ئەرشەد ساڵحی راشیگەیاند، ئەگەر پێکھاتەی دادگاکە بەم شێوەیە بخرێتە دەنگدانەوە ئەوان وەک پێکھاتەی تورکمان دەنگی پێ نادەن.

لەلای خۆیەوە، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە پێکھاتەى مەسیحی، بەیدا خدر رایگەیاند کە لە پێکھاتەی داگای باڵای فیدراڵیدا، رەچاوی پێکھاتەکانی مەسیحی، سابیئە، ئێزدی و تورکمان نەکراوە.

بەیدا خدر راشیگەیاند، ئەوان دەنگ بەم شێوازەی ئێستای دادگاکە نادەن.

بەپێی ئامارێک، دادگاکە لەوەتەی دامەزراندییەوە لە ساڵی ٢٠٠٥ تا ئێستا، دووهەزار و ٢٢٧ دۆسیەی یەکلاییکردووەتەوە، ئەمەش زۆرترین ژمارەی دۆسیەیە بەراورد بە داگاکانی دەستووریی وڵاتانی جیهان کە لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە یەکلایی کرابنەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın