شیکردنەوە

مشتومڕەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سووریا

- ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئەم هەڵبژاردنە بە "شانۆگەرییەکی سیاسیی" وەسف دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەها هەڵبژاردنێک ناتوانێت شەرعییەت بە حکوومەتێک بدات کە پێگەی خۆی لەدەستداوە.

Mehmet Nuri Uçar   | 01.06.2021
مشتومڕەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سووریا

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی سووریا کە مشتومڕێکی زۆری لەسەربوو، بەشێوەیەکی زۆر دەگمەن بەڕێوەچوو.

لە بەناو هەڵبژاردنەکانی سووریا-دا، بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ژێرپێخرا و جارێکی دیکەش بەشار ئەسەد بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە.

ئاژانسی هەواڵیی "SANA"ی سەربە رژێمی ئەسەد بڵاویکردەوە، سەرۆکی پەرلەمان، حەمودە یوسف سەباغ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان ئەوەی ئاشکرا کردووە کە لە بەناو هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەدا، بەشار ئەسەد سەدا ٩٥،١ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.

حەمودە یوسف سەباغ بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا سەدا ٨٧،٦٤ بووە. ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی سووریا دەستیان بە بنکەکانی دەنگدان نەگەیشتووە.

بەدەستهێنانی ئەم ئەنجامەش جارێکی دیکە کۆمەڵێک مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا.


- رژێمی ئەسەد ئەم بەناو هەڵبژاردنە وەک بەڵگەیەک بۆ شەرعییەتدان بە مانەوەی لە دەسەڵات دەبینێت

رژێمی دیمەشق بۆ ئەوەی بەشار ئەسەد بۆ حەوت ساڵی داهاتوو ببێتەوە بە سەرۆکی سووریا، پێداگری لەسەر دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کرد و ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنەشی وەک بەڵگەیەک بۆ شەرعییەتدان بە دەسەڵاتی ئەسەد دەبینێت.

لە بەرامبەریشدا ئۆپۆزسیۆنی سووریا، ئەم هەڵبژاردنە بە "شانۆگەرییەکی سیاسیی" وەسف دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە وەها هەڵبژاردنێک ناتوانێت شەرعییەت بە حکوومەتێک بدات کە پێگەی خۆی لەدەستداوە.

جێی ئاماژەیە رژێمی ئەسەد کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنەها هاووڵاتی سووریا تەنها لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی هەڵبژاردنی ئەنجامدا. بەهۆی ئەوەی لەنێوان کاندیدەکاندا هیچ رکابەرییەکیش نەبوو، هیچ بانگەشەیەکی ئەوتۆش بۆ هەڵبژاردنەکان نەکرا.

لایەنگرانی بەشار ئەسەد، تەنانەت بەر لە راگەیاندنی ئامانجەکانیش لەو چادرانەدا کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئامادە کرابوون، دەستیان کرد بە ئاهەنگگێڕان.

- له‌ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌درێت سیمای رژێمی ئه‌سه‌د بگونجێندرێت

ئه‌م ره‌وشه‌ ده‌رخه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ شكستخواردووانه‌ جگه‌ له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی رژێم چیدیكه‌ نییه‌. ئامانج له‌و به‌ناو هه‌ڵبژاردنانه‌ هه‌وڵدانه‌ بۆ گونجاندنی سیمای رژێم و خۆگونجاندنی بۆ جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی.

ئه‌ركدارانی هه‌ڵمه‌تی ئه‌و كه‌سانه‌ی گوایه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌سه‌د خۆیان به‌ربژێر كردووه‌ به‌ ناوی هاووڵاتییانه‌وه‌ كارتی ده‌نگدانیان پڕ كرده‌وه‌ و خستیانه‌ سندوقه‌وه‌. وێنه‌ی ئه‌مه‌یش گیراو و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكرایه‌وه‌.


- له‌ناو سووریا ئیدانه‌ی به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ كرا

له‌ ده‌رعا و ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سووریا له‌ باكووری ئەو وڵاتە به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بایكۆت كرا و ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ری ده‌ربڕدرا.

هاووڵاتییانی سووریا به‌ مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی ئه‌و به‌ناو هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ ده‌رعا، ئیدلب و شارۆچكه‌كانی باب و عه‌زاز گردبوونه‌وه‌.

هه‌زاران خۆپیشانده‌ر دروشمیان له‌ دژی ئه‌سه‌د و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ده‌گوته‌وه‌ و ئاڵای ئۆپۆزسیۆنیان به‌رز كردبووه‌وه‌.

له‌نێو زۆرێك له‌ هاووڵاتییانی سووریا به‌ پشتیوانانی رژێمیشه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌درێت كه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه له‌ به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی شانۆگه‌رییه‌كی خراپ هیچی تر نه‌بووه‌ و لای خه‌ڵك وه‌ك بڵێی بووه‌ته‌ مایه‌ی پێكه‌نین. ‌


- کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر هەڵبژاردنە ساختەکانی ئەسەد

تورکیا پێشەنگی ئەو وڵاتانە بوو کە کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر ئەو بەناو هەڵبژاردنەی رژێمی ئەسەد کە تاک لایەنە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی خۆی ئەنجامیدا.

هەریەک لە ئەمریکا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و بەریتانیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دژی هەڵبژاردنە رووکەشەکەی ئەسەد وەستانەوە.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە ''وەک وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمریکا بەڕوونی رایدەگەیەنین کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ٢٦ی ئایار لە سووریا ئازاد و دادپەروەر نابێت. بڕیاری بە ئەنجامگەیاندنی ئەو هەڵبژاردنانە لە دەرەوەی چوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی رەت دەکەینەوە''.


- ئەسەد لە دوما دەنگیدا کە ٧٨ کەسی مەدەنی بە گازی ژەهراوی گیانیان لەدەستدا

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی رژێمدا بڵاوکراوەتەوە، بەشار ئەسەد و ئەسما ئەسەدی هاوسەری، کاتەکانی بەیانی لە شارۆچکەی دوما لە دیمەشقی پایتەخت لەو هەڵبژاردنە رووکەشەدا دەنگیانداوە.

رژێمەکەی ئەسەد کە لە ئاکامی هێرشی توند و گەمارۆی چڕدا شارۆچکەی دومای کۆنترۆڵ کرد لە حەوتی نیسانی ٢٠١٨دا، بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر شارۆچکەکە و لە ئاکامدا، ٧٨ هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın