شیکردنەوە, عێراق

شیکردنەوە... خۆپیشاندەرانی عێراق لەنێوان بەرداشی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەرەوڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتوندی بەرەنگاری خۆپیشاندەران بوونەوە و بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی قوربانییان تا ئێستا گەیشتووەتە ٧٤٠ کوژراو و ٣٠ هەزار بریندار.

Shamal Nouman Bakir   | 30.05.2021
شیکردنەوە... خۆپیشاندەرانی عێراق لەنێوان بەرداشی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان و بەرەوڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان

Arbil

هەولێر-AA

خۆپیشاندانەکانی تشرین لە عێراق یان "شۆڕشی تشرین" لە یەکی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە بەغدا و پارێزگاکانی باشووری عێراق دەستی پێکرد بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر رەوشی ئابووری خراپ، گەندەڵی، بێکاری، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە و کۆتایی هێنان بە دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراقدا، تا لە دواییدا حکوومەتەکەی عادل عەبدلمەهدی ناچار بەدەستلەکارکێشانەوە کرا و حکوومەتێکی کاتی بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی پێکهێنرا.

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتوندی بەرەنگاری خۆپیشاندەران بوونەوە و بەپێی نوێترین ئامار ژمارەی قوربانییان تا ئێستا گەیشتووەتە ٧٤٠ کوژراو و ٣٠ هەزار بریندار.



- کوشتن و رفاندنی چالاکوانان

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق تا ئێستا ٢٧ لە چالاکانی خۆپیشاندانەکان کوژراون، یەکەم چالاکوان بەناوی حوسێن عادل لە دووی تشرینی یەکەم لە شاری بەسرە لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵ هاوسەرەکەی بەناوی سارە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژرا و دوایین حاڵەتی کوشتنی چالاکان لە هەشتی ئایاری ٢٠٢١ بوو کاتێک چالاکوان، ئیهاب جەواد وەزنی لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کەربەلا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە تیرۆر کرا.

هەر بەپێی ئامارەکان تا ئێستا ١٧٠ لە چالاکان خۆپیشاندەران رفێنراون.

ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، فازڵ غەڕاوی رایگەیاند کە لە دەستپێکی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئەمڕۆ ٨٩ هەوڵی تیرۆرکردنی چالاکان و رۆژنامەوان ئەنجامدراوە، هۆشداری ئەوەیشی دا کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی کردەکانی تیرۆرکردن، ئەوا عێراق بەرەو ئاراستەیەکی زۆر مەترسیدار هەنگاو دەنێت.

هاوکات بزاوتێک لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران دەستیپێکردووە بۆ ئەنجامدانی لێپرسینەوە لە ژمارەیەک فەرماندی سوپا و پۆلیس سەبارەت بە کوشتنی چالاکان لە میانی ماوەکانی رابردوودا.

بەپێی بەڵگەنامەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، عەدنان زورفی داواکارییەکی پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت بۆ لێپرسینەوە لە ژمارەیەک فەرماندی سوپا و پۆلیس سەبارەت بە کوشتنی چالاکان.

لەلایەکی دیکەوە لێژنەی بەدواداچوونی راستییەکان لە عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد کە ١١٢ ئەفسەر و کارمەندی سەربە هێزە ئەمنییەکانی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشتکردووە، هەروەها حەوت هەزار بەڵگەنامەی دادوەریی هێناوە کە لەلایەن دادوەرانی لێژنەکەوە خوێندراونەتەوە و زانیارییان لێوەرگیراوە.

هەرچەندە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی چەندین لێژنەی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بە ئامانجی ئاشکراکردن و دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ئەو کەس و لایەنانەی خۆپیشاندەران تیرۆر دەکەن و دەیانڕفێنن و بە بەردەوام بەڵێنی ئەوە دەدات کە بەدوای بکوژانی چالاکاندا دەگەڕیت و کار دەکات لە پێناو لەناوبردنی دیاردەی چەک لە دەرەوەی یاسا و کۆتایی هێنان بە گرووپە چەکدارەکان و گیڕانەوەی شکۆ و سامی دەوڵەت، کەچی دوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان هێز و کاریگەری گرووپەکان مەترسیدارتر بووە لە کاتێکدا کە بڕیاری ئەمنیی سەروەر بزرە و بڕیاردان بۆ هەندێک فەرماندە جێهێڵراوە کە هاوسۆزن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان.



- خۆپیشاندانەکانی عێراق و هەڵبژاردنەکان

لە دوای تیرۆرکردنی چالاکوان ئیهاب جەواد وەزنی، ١٧ رەوت و رێکخراوی هەڵقوڵاوی خۆپیشاندانەکانی تشرین، بەفەرمی داوایان کرد کە بایکۆتی هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ بکرێت.

بەپێی بەداواچوونەکان، دوای تیرۆرکردنی چالاکوان ئیهاب جەواد وەزنی، سەرکردە و چالاکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق خۆیان لەبەردەم دوو بژاردەدا بینیووەتەوە، بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان یان بەرەوڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارە و لە پێش هەمووشیان بەرەوڕووبوونەوەی ئەڵقەیەکی نوێی زنجیرەکانی تیرۆرکردن کە ژمارەیەک لایەنی دەرچوو لە دەوڵەت ئەنجامی دەدات، بەوەیش بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان لە سایەی ژینگەیەکی نا ئارام، وێڕای بەڵێنەکانی حکوومەت بە دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی بۆ هەڵبژاردنەکان.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان بووەتە بژاردەیەکی نیمچە چەسپێنراو بەتایبەتی دوای ئەوەی زۆربەی لایەنەکانی خۆپیشاندانەکان رایگەیاند کە نەوەک تەنها هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن بەڵکو کار دەکەن لە پێناو راکێشانی شەقام بۆ رەتکردنەوەی، هەروەها فراوانکردنی رەتکردنەوەکە لە رێگای راکێشانی سەندیکا و کۆمەڵگای ئەکادیمی، بەشێوەیەک بایکۆتکردنەکە بە ئامانجی ئەوە بێت کە هەڵبژاردنەکان دوابخرێت، چونکە بایکۆتکردن لە کۆتاییدا بەمانای خۆڕادەستکردن دێت بۆ گرووپە چەکدارەکان و جێهێشتنی گۆڕەپان بۆ هێزە تەقلیدییەکان کە کار دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارەی کورسی و سوورن لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان هەروەها لەوانەیە ببێتە هۆی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان کە ئەو گرووپانە لە بنەڕەتدا کار دەکەن لە پێناو فراوانکردنی بەرەوڕووبوونەوەکان، هەروەها لەوانەیە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان کاتی تەواو بە حکوومەتەکەی مستەفا کازمی بدات بۆ هەناسەپێداهاتنەوەیەک بۆ رێگاگرتن لە کردەکانی تیرۆرکردن کە هاوکات حکوومەت هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ داواکاری خۆپیشاندەران، تەنانەت لە زۆر بۆنەدا کازمی رایگەیاندووە کە حکوومەتەکەی دەرئەنجامی خۆپیشاندانەکانە و بڕیاردانی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، بێگەرد و سەربەخۆ یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران، بۆیە چۆن کاروبارەکان راستەڕێ دەبن لەگەڵ بایکۆتکردنی لایەنەکانی خۆپیشاندانەکان بۆ هەڵبژاردنەکان.

لەنێوان هەردوو بژاردەکەدا (بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان) بژاردەیەکی سێیەم هەیە ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنەکانە، ئەم بژاردەیەش بۆ هەموو لایەنەکان گونجاوە جگە لە هێزە تەقلیدییەکان، چونکە سوود لە هەڵبژاردن چییە ئەگەر ببێتە هۆی دووبارە چەسپاندنەوەی هێزە "گەندەڵکارەکان" یان شەرعییەتدان بە گرووپە چەکدارەکانی دەرچوو لە یاسا، تا ئەوکاتەی رەوشێکی راستەقینە دێتە ئاراوە و شپرزەبوون لەسەر رژێمی ئێستا هەڵدەگرێت و بوار بۆ هێزەکانی کۆمەڵگا دەرەخسێنێت بۆ ئەوەی بەو پەڕی ئازادییەوە گوزارشت لە رای خۆیان بکەن، هەروەها بەشداری بکەن لە هەڵبژارنێک کە هەلی کێبرکێکردنی یەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنت، لەو کاتەدا سەرکەوتنێکی گەورە لەسەر رێگای گۆڕانکاری خوازراو بەدەست دێت.



- کازمی سەرکەوتوو دەبێت لە چەکداماڵینی میلیشیاکان و سزادانی بکوژانی خۆپیشاندەران؟

رۆژی هەینی سەرۆکایەتییەکانی عێراق (سەرۆکایتی کۆمار، ئەنجوومەنی نوێنەران، حکوومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری) رایانگەیاند کە ئەو رووداونەی کە چەند رۆژی رابردوو بەغدا بەخۆیەوە بنینی، بەشیوەیەکی نەرێنی کار دەکەنە سەر هەوڵەکانی هێنانەدی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی شکۆ و سامی دەوڵەت.

سەرۆکایەتییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەیەک روونیانکردووەتەوە کە شڵەژانی ئەمنی و دەستدرێژیکردنە سەر دەوڵەت، زێدەڕۆییەکی مەترسیدارە و داوایان کرد کە چەک تەنها بە دەست دەوڵەتەوە بێت.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو دوای دەستگیرکردنی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، قاسم موسلح بە تۆمەتەکانی کوشتنی چالاکوان ئیهاب جەواد وەزنی، تیرۆر و گەندەڵی، چەکدارانی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک ناوچەی هەستیاری بەغدا بڵاوبوونەوە و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئەم هەنگاوەی بە نمایشکردنی هێز و پێشێلکردنێکی مەترسیدار بۆ دەستووری عێراق و یاسا بەرکارەکان وەسفکرد.

دەستگیرکردنی قاسم موسلح و رووداوەکانی دواتر، بهێزی دامەزراوەی سەربازیی دەوڵەتی عێراق ئاشکرا دەکات لە بەرامبەر کاریگەری ئەو گرووپانەی کە ناوچەی سەوزیان گەمارۆدابوو کە زۆربەی بەرپرسانی دەوڵەتیان ناچارکرد کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر لەو شوێنەی کە تیادان بمێنەوە، وێڕای کەوتنی ئەو دروشمەی کە سێ سەرۆکوزیران لە ٢٠١٥ەوە دەیانگووتەوە "حەشدی شەعبی بەشیکە لە سیستەمی بەرگریی و ئەمنی دەوڵەتی عێراق".

چاودێرانی رەوشی عێراق پێیان وایە کە ئەو دیاردە چەکدارییەی کە رۆژی چوارشەممە بەغدا بەخۆیەوە بینی، بەڵگەیە لەسەرئەوەی کە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت تەنها هەڕەشە نییە بۆسەر چالاکان و خۆپیشاندەران، بەڵکو هەڕەشەیە بۆسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتیش.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın