شیکردنەوە, عێراق

شیکاریی.. دوای ھەشت ساڵ لە کەوتنی مووسڵ بە دەستی داعش

Zana Natık Kerem   | 10.06.2022
شیکاریی.. دوای ھەشت ساڵ لە کەوتنی مووسڵ بە دەستی داعش

Arbil

ھەولێر ــ AA

شاری مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا بەدووەم گەورە شاری عێراق دادەندرێت کە دەکەوێتە باکووری ئەو وڵاتە و لە ١٠ی حوەزیرانی ٢٠١٤دا، لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە داگیرکرا.

داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە دوای ئەو ھات کە دوو فیرقەی سەربازی سەربە سوپای عێراق کە ژمارەیان ٢٥ ھەزار سەرباز بوون، ھەروەھا ٣٠ ھەزار پۆلیسی فیدڕالی و ناوخۆ بێ ھیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لەبەردەم ھێرشی چەکدارانی رێکخراوەکە بۆسەر شارەکە ھەڵاتن و چەک و جبەخانەی گەورەی سەربازییان لە دوای خۆیان بۆ رێکخراوەکە جێھێشت، ئەمەیش بووە ھۆی بەھێزبوونی توانای سەربازی داعش.

رۆژی ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤، بەناو گوتەبێژی داعش، ئەبو محەمەد عەدنانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا بەناو خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام-ی لە مووسڵ راگەیاند و ھاوکات ئەبوبەکر بەغدادی-یشی بە خەلیفەی رێکخراوەکە ناساند.

چەند رۆژێک دواتر و بەدیاریکراوی لە رۆژی چواری تەمووزی ٢٠١٤دا، ئەبوبەکر بەغدادی لە مزگەوتی نوری لە شاری مووسڵ بەدەرکەوت لە گوتاری نوێژی ھەینییدا رایگەیاند کە بەناو خەلافەتی دەوڵەتی ئیسلامییان راگەیاندووە و ئەویشیان وەک خەلیفە دیاری کردووە.

شەڕی مووسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە بە شەڕی (بیلاوی شێری خوا) ناونرا، چونکە بیلاوی سەرپەرشتی شەڕەکەی کرد کە لە ھۆزی ئەلبوبالی-یە لە پارێزگای ئەنبار.

دواتر چەکدارانی داعش ھێرشی فراوانیان بۆ داگیرکردنی شارەکانی دیکەی عێراق و فراوانکردنی ھەژموونی خەلافەتەکەیان دەست پێکرد و توانیان دەستبەسەر تەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، ئەنبار و بەشێکی زۆری پارێزگاکانی سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووک-دا بگرن.

ــ ھۆکارەکانی کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دانیشتوانی شاری مووسڵ و ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا، دژبە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکانی شیعە لە ناوچەکانیان، ھەروەھا نەبوونی دەرفەتی کار و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی ھۆکار بوون بۆ ئەوەی شارەکە بکەوێتە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

پێشتر سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن ھۆکاربوون لە کەوتنی پارێزگای نەینەوا، بە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

ــ زیانە گیانی و ماددییەکانی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە

لە مانگی تەمووزی ٢٠١٧ دا، رۆژنامەی ئیندپێندیتی بەریتانی لەزاری بەرپرسانی عێراق بڵاویکردبووە کە، ژمارەی ئەو مەدەنیانەی کە لە کەوتنی شاری مووسڵ تا کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە کوژراون، گەیشتووەتە ٤٠ ھەزار کەس، بەڵام رۆژی دواتر شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق ئەو ئامارەی رەتکردەوە و رایگەیاند کە ھەزار و ٤٢٩ مەدەنی لە شەڕەکەدا کوژراون و ئاشکرایشی کردبوو کە لە شەڕەکەدا ٣٠ هەزار تیرۆریستی داعش کوژراون.

بە گوتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش، بەرێژەی لە سەدا ٧٠ زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و رایانگەیاندووە کە زیانە ماددییەکانی شەڕی مووسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.

بەھۆی ھێرش و پەلامارەکانی داعش بۆسەر بەشێک لە ناوچەکانی عێراق لە ھاوینی ٢٠١٤دا، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار عێراقی ئاوارەبوون کە لەو ژمارەیە ٥٠٠ ھەزاریان دانیشتوانی شاری مووسڵ و ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگای نەینەوا بوون.

حکوومەتی عێراق رایگەیاندبوو کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی شەڕی داعش گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ھێشتا ژمارەیەکی دیکەیان نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و لە کەمپەکاندا دەژین.

- تا ئێستا هۆکاری کەوتنی مووسڵ بە دەستی داعش ئاشکرا نەکراوە

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی زۆربەی ناوچەکانی عێراق کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون، بەبڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری کەوتنی شاری مووسڵ و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لەو رووداوەدا کەمتەرخەم بوون پێکھێنرا.

وێڕای کارەکانی لیژنەکە و کاری چەندین لیژنەی دیکە کە بۆ ھەمان مەبەست پێکھێنران، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی ھیچ ھۆکارێک بۆ کەوتنی شارەکە بەدەستی داعش دیاری نەکراوە، تەنھا ئەوە نەبێت کە بەرپرسانی ئەو کاتی نەینەوا و ئەندامانی لیژنەکان لە راگەیاندنەکانەوە باس لەوە دەکەن کە سەرۆکوزیرانی پێشووتری عێراق، نوری مالیکی بەرپرسە لە کەوتنی شارەکە.

ــ ئۆپەراسیۆنی شاری مووسڵ بە دەستی داعش

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش دەستی پێکرد و رۆژی ١٠ی تەمووزی ٢٠١٧، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکرایەوە.

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی پێشووی عێراق، حەیدەر عەبادی سەرکەوتنی تەواوەتی بەسەر تیرۆریستانی داعش راگەیاند.

بەڵام وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی ٢٠١٤دا دەستی بەسەردا گرت راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نوستووەکانییەوە، ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın