شیکردنەوە

شیکاریی.. ئایا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا "مەترسییەکانی ئێران" کەمدەکەنەوە؟

- ئیسرائیل له‌ ٢٠٢١ چه‌ندین هێرشی ئاسمانی ئه‌نجام دا. له‌ كاتێكدا ئیسرائیل به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ٢٠٢٠ هێرشه‌كانی زیاد كردووه‌، به‌ نزیكه‌یی هێرشه‌كانی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ٢٠١٩ دوو هێنده‌ زیاد كردووه‌.

İhsan Fakih   | 06.01.2022
شیکاریی.. ئایا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر سووریا "مەترسییەکانی ئێران" کەمدەکەنەوە؟

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئامانجیان لە بۆردومانکردنی بنکەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە سووریا، کەمکردنەوەی گواستنەوەی چەکە لە ئێرانەوە بۆ سووریا و لوبنان.

بەگوتەی چەند بەرپرسێکی ئیسرائیل، ئامادەکارییەکانیان بۆ خێراکردنی هێرشەکانیان بۆسەر وێستگە ئەتۆمی و ناوەندەکانی پەرەپێدان و عەمبارکردنی مووشەکی بالیستی بەردەوامن.

بەڵام ئیسرائیل لەوە دەترسێت کە ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا لە ناوچەکە بە مووشەکی بالیستی وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە.

- ئێران هەڕەشەیە لەسەر ستراتیجییەتی دەیان ساڵەی ئەمریکا

لە ١٠ ساڵی رابردوودا، ئێران لەڕێی بەکارهێنانی میلیشیاکانییەوە لە عێراق دژبە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی و لە لوبنان و سووریا دژبە ئیسرائیل و لە یەمەن دژبە سعوودیە دەجەنگێت، لەو رێگەیەشەوە توانیویەتی تۆڕێکی هاوپەیمانانی دڵسۆز بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی پێکبهێنێت.

تاران وێڕای سزاکانی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو جەنگانەی کە لە چەندین وڵاتی جیاجیادا ئەنجامیان دەدات، توانیویەتی بە ئاستێکی باڵا لە پشتبەستن بە هاوپەیمانەکانی لە سووریا، عێراق، لوبنان و یەمەن سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

لەم رێگەیەشەوە ئێران بووەتە هەڕەشەیەکی ئاشکرا بۆ ئەو ستراتیجییەتەی کە ئەمریکا دەیان ساڵە لە پێناو پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل، کاری بۆ دەکات.

هەروەها حکوومەتی تاران توانی بەرەنگاری سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سیاسەتی "فشاری باڵا"ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ببێتەوە، پێشی وایە لە چەند ساڵی داهاتوودا دەتوانێت رووبەڕووی ئیسرائیل ببێتەوە.

میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، توانیوایانە لە رێی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەندین هێرشی سەرکەوتوو بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەنجام بدەن، هاوپەیمانەکانی دیکەی ئێرانیش لە سووریا، لوبنان و یەمەن گەیشتونەتە هەمان توانای ئەنجامدانی هێرش و پەلامار.


- ئیسرائیل لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ستراتیجییەتی دژبەری پەیڕەو کردووە

بەرامبەر ستراتیجییەتەکانی تاران بۆ هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانی لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا، ستراتیجییەتی دژبەری پەیڕەوکردووە.

ئیسرائیل بەو ستراتیجییەتانەی پەیڕەوی کردووە، ئامانجی ئەوەیە لەو جوگرافیانەی باوەڕی وایە هەڕەشە بۆسەر بوون و ئاسایشی نەتەوەیی دروست بووە، بەتایبەتی لە لوبنان و سووریا رێگری بکات لە هەژموونی چەکداریی ئێران بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان لە رێگەی هاوپەیمانەکانییەوە.


- ئیسرائیل نیگەرانییەکانی لەبارەی ئەگەری ''هەڕەشەکانی ئێران'' زیادی کردووە

ئیسرائیل پێی وایە کە حزبوڵڵای لوبنان بە پشتیوانی ئاشکرای ئێران، هێزی چەکداری پەرە پێداوە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا حزبوڵڵا بە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی هەڕەشەی ئێران دادەنێت لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

شکستهێنانی خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەبارەی سەرلەنوێ تەواو جێبەجێکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و ئەنجامدانی مانۆڕە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران کە ئاماژەی جەنگ بوون لەگەڵ ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی تەل ئەبیب-ی زیادکردووە.

هەروەها بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوانی بەرپرسانی ئێران لەبارەی بەرزکردنەوەی رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ سەروو ئەو ئاستەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دیاریی کردووە وا لێکدەدرێتەوە کە ئێران نزیکبووەتەوە لە بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی و لانی زۆر لە ماوەی دوو ساڵدا بە ئامانجەکەی دەگات.

هاوکات لەو هەواڵانەی بە پشت بەستن بە زانیاری بەرپرسانی تەل ئەبیب بڵاوکراونەتەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ خێراکردنی هێرشەکانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و کۆگاکانی مووشەکیی بالیستی و دامەزراوەکانی پەرەپێدانی ئەو مووشەکانە.

بەگوێرەی لێدوانەکانی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز تەل ئەبیب، ئەو وڵاتە هەوڵ دەدات لە رێگەی ئەنجامدانی سەدان هێرش بۆسەر بنکە و کەمپە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا، یاسای یارییەکان لە نزیک سنوور بگۆڕێت و رێگری بکات لە دابینکردنی چەکی پێشکەوتوو.

ئەو لێدوانەی بێنی گانتز دوای ئەو هەواڵانە هات کە لە میدیای نێودەوڵەتییدا بڵاوکرانەوە کە بەندەری لازقییە رۆژئاوای سووریا رووبەڕووی هێرشی مووشەکیی بووەتەوە و لە ئاکامدا، زیانێکی زۆر بەر کۆنتەینەرەکانی گواستنەوە گەیشتووە.

سەرچاوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، ئەوەیان راگەیاند کە ھێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل، ئەو کۆنتێنەرانەی کردووەتە ئامانج کە چەک و تەقەمەنیی ئێرانی ھەڵگرتبوو و پێش چەند کاتژمێرێک لە ھێرشەکە لە تارانەوە گەيشتبوون.

ئیسرائیل، بەرپرسیارێتی ئەمە و سەدان ھێرشی دیکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، داوای لە رژێمی سووریا کردبوو کە رێگری لە ئێران بکات بۆ ئەوەى چالاکی لەسەر خاکەکەی ئەنجام نەدات.

وەزیرە ئیسرائیلییەکە، ھۆشداری لە بارەی ئەوە دایەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە رێگرتن لە چالاکییەکانی ئێران و گرتنەبەری رێکاری بەرگریی لەو ھەڕەشانەی لەلایەن ئەو وڵاتە و ھاوپەيمانەکانییەوە دێن.

بەرپرسە سوورییەکان کە ئیسرائیل بە ئەنجامدەرى ھێرشەکە تۆمەتبار دەکەن، ئەوەشیان راگەیاند کە ئەو مووشەکانەی لە رۆژئاوای لازقییەوە تێگراون، بوونەتە ھۆکاری سووتانی بەشێکی گەورەی بەندەری لازقییە.

روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە حەوتی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١دا، ئەوەی راگەیاندبوو کە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی ئێران بۆ ئەو ھێزانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن لە بەندەری لازقییەی سووریا کراوەتە ئامانج. ئەم ھێرشە وەکو دووەم ھێرش دێت کە لە ماوەی یەک مانگدا ئەنجامدرابێت.


- ئیسرائیل، ھەوڵی رێگرتن لە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی ئێران دەدات.

ئیدارەی تەل ئەبیب لە رێگەی ئەنجامدانی ھێرشی زیاتر بۆسەر ئەو چالاکییانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە ھەیە لە سووریا، ھەوڵی ئەوە دەدات لەمپەر لەبەردەم گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە دروست بکات و لەو بڕوایەدایە کە سەرکەوتوو دەبێت لە رێگرتن لە زیادبوونی چەک لەسەر خاکی سووریا.

سوپای ئیسرائیل له‌ كۆبوونه‌وەی‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ساڵانه‌ی خۆیدا، جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین خاڵی له‌ سووریا، سێ خاڵی له‌ لیبیا و زیاتر له‌ ١٠٠ خاڵیشی له‌ ده‌ریای ناوه‌ڕاست و ده‌ریای سوور كردووه‌ته‌ ئامانج.

میدیاكانی ئه‌مریكاش بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئیسرائیل وه‌ك به‌شێك له‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ پێكانی ئامانجه‌كانی ئێران داوای راده‌ستكردنی دوو فڕۆكه‌ی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی له‌ ئیداره‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن كردووه‌ كه‌ پێشتر واژوو له‌سه‌ر گرێبه‌ستی كڕینیان كراوه‌.

كاتێك بیر له‌و ده‌نگۆیانه‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئیمارات و سعوودیه‌ ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ رێگه‌ به‌وه‌ بده‌ن فڕۆكه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی ئیسرائیل له‌ بنكه‌كانیان بنیشنه‌وه‌، ده‌رده‌كه‌وێت پڕكردنه‌وه‌ی پێویستیی فڕۆكه‌كانی گواستنه‌وه‌ی سووته‌مه‌نی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ بۆ سوپای ئیسرائیل له‌ ئه‌گه‌ری بڕیاردان بۆ ده‌ستپێكردنی هێرشی ئاسمانی بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران، هۆكارێكی زۆر گرنگ ده‌بێت.

سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای ئیسرائیل له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌ كه‌ هه‌وڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ كردنه‌ئامانجی سه‌نگه‌ره‌كانی سه‌ربه‌ ئێران و ئه‌و ناوچانه‌ی سووریا كه‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێرانی لێن، رۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕێن بۆ ئه‌وه‌ی ئاستی گواستنه‌وه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازیی بۆ سووریا و لوبنان كه‌م بكاته‌وه‌.


- نیگه‌رانیی ئیسرائیل له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ پشتیوانییه‌كانی ئێرانه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌

ئیسرائیل له‌ ٢٠٢١ چه‌ندین هێرشی ئاسمانی ئه‌نجام دا. له‌ كاتێكدا ئیسرائیل به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ٢٠٢٠ هێرشه‌كانی زیاد كردووه‌، به‌ نزیكه‌یی هێرشه‌كانی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ ٢٠١٩ دوو هێنده‌ زیاد كردووه‌.

له‌ كاتێكدا ئیداره‌ی ته‌ل ئه‌بیب بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هێرشێكی سنووردار بۆسه‌ر ریاكتۆره‌كانی ئه‌تۆمی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی كاتی به‌رنامه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی په‌ك ده‌خات، نیگه‌رانیشه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ له‌ هه‌مان كاتدا كاریگه‌رییه‌كی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێت و ئێران، حه‌ماس و جیهادی ئیسلامی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، حزبوڵڵا له‌ سووریا و لوبنان، هێزه‌كانی سه‌فه‌ربه‌ری گه‌لی عێراق و چه‌ندین گرووپ و هێزی شیعه‌ له‌ سووریا و عێراق به‌ مووشه‌كی بالیستی راسته‌وخۆ به‌رپه‌رچی ئیسرائیل بده‌نه‌وه‌.

ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌وانه‌دا له‌وه‌ ده‌سڵه‌مێته‌وه‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ گه‌رووی هورموز له‌لایه‌ن سوپای پاسداران، هه‌روه‌ها له‌ گه‌رووی باب ئەلمه‌نده‌ب و یه‌مه‌ن له‌لایه‌ن حووسییه‌كانه‌وه‌ بكرێنه‌ ئامانج.​​​​​​​

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın