شیکردنەوە, عێراق

شیكاریی - لەنێو یەکێتی چی دەگوزەرێت دۆخەکە بەرەو کوێ؟

Hawkar Yaseen   | 17.07.2021
شیكاریی - لەنێو یەکێتی چی دەگوزەرێت دۆخەکە بەرەو کوێ؟

Arbil

هەولێر - AA هاوکار یاسین

ئێوارەی هەشتی تەمووز، هەواڵێک گۆمی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی و ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە دیارییکراوی شڵەژاند، هەندێک بە بوومەلەرزەی ناوخۆی یەکێتییش ناویان برد.

هەواڵەکە ئێوارەیەکی درەنگ بڵاوبوویەوە، بەڵام رووداوەکە کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی روویدابوو، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی رۆژی شەشی تەمووز، بڕیاردەدات بەرپرسی هەردوو دەزگای دژەتیرۆری یەکێتی و دەزگای زانیاری بگۆڕدرێت، هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی بەم بڕیارە قایل نابێت، بۆیە دوای دوو رۆژ لە جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی، بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ هێزێکی سکرتاریەتی مام جەلال و بەشێک لە لیوای کۆماندۆی سەربە جێگری سەرۆکی هەرێم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەچنە قەڵاچوالان کە بارەگای دەزگای زانیاری لێیە و بەهێز بڕیارەکە دەسەپێنن، تەنانەت بەرپرسی دەزگای زانیاری، شێخ محەمەد تاڵەبانی دەستگیردەکەن و دوای ٢٤ کاتژمێر لەسەر داوای بەرپرسانی باڵای یەکێتی و هێزە نێوانگیرەکان، ئازاد دەکرێت.

رۆژی ١١ی تەمووز بڕیاری دەستبەکاربوونی بەرپرسە نوێکان بەفەرمی چووە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەژی ئەمین لە دەزگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی لە دژەتیرۆر دەستبەکاربوون، تاوەکو ئێرە رووداوەکان تەنیا لەو دوو دیمەنەدا چڕ کرابوونەوە، بەڵام پشتی ئەم جوڵانە دیمەنێکی گەورەتر و فراوانتری تێدایە کە بەشێکیان هێشتا تەمومژ لەسەری لانەچوون.

تاوەکو ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە، هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی دووجار، دووبە دوو دانیشتوون و کۆبوونەتەوە، دیدارەکان هەرچەند واباس کرا ئەنجامی باشی هەبووە و لە رێککەوتن نزیکن، بەڵام هەر دوای ئەو دیدارانە هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بە ئاراستەی گۆڕانکارییەکان زیاتر بەرەوپێش چوون و بەپێی هەواڵی میدیاکان، سەرجەم ئەو کۆمپانیا و کارگە و پرۆژانەی کە نزیکن لە لاهور شێخ جەنگی و کوڕەکانی دیکەی شێخ جەنگی برای مام جەلال، دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەندارێتییان دەدرێتە دەست ئیدارەی گشتی یەکێتی و لە دوا دیمانیشدا، ئێوارەی ١٣ی تەمووز هێزێکی ٥٠ کەسی سەربە سکرتاریەتی مام جەلال، دەچنە سەر کەناڵی ئایپڵەس "ipluse"ی سەربە لاهور شێخ جەنگی کە هێشتا دەستی بە پەخش نەکردووە و بەشێک لە ئامێر و کەرەستەکانی دەزگاکە بەپێی لێدوانی کارمەند و بەرپرسانی کەناڵەکە دەشکێندرێت و دەبرێت، دواتریش سەرچاوەیەکی نافەرمی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیاکانی راگەیاند کە هەموو ئەو سایت، کەناڵ، پەیج و میدیایانەی بە پارەی یەکێتی دامەزراون وەردەگیرێنەوە و خاوەندارێتییان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە، ٢٤ کاتژمێر دوای دەستبەسەرداگرتنی بینای کەناڵی ئایپڵەس-یش راگەیەندرا کە بیناکە، خراوەتە سەر مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی و تابلۆی سەر بیناکەش گۆڕدرا بە کەناڵی گەلی کوردستان.

لەنێو هەموو ئەم کێشە و دۆخە نێوخۆییەی یەکێتیدا، تاوەکو ئێستا بافڵ تاڵەبانی هیچ قسەیەکی فەرمی نەبووە و لاهور شێخ جەنگی و هاوژینەکەشی هەریەکە و پەیامێکی کورتیان لە هەژمارەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بڵاوکردووەتەوە.

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بافڵ تالەبانی لە کاتژمێر ١٢:٤٢ خولەکی شەوی ١٢ی تەمووز پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "یەکێتیی نە بەکارەساتی هەکاری و نە بە خەنجەری ژەهراویی ئاڵای شۆڕش و نە بە خیانەتی ٣١ ئاب و نە بە پیلانگێڕییەکەی ریفراندۆم و دواجاریش بە گەلەکۆمەکیی نێوخۆیی و ئیقلیمیی و عوسمانیی و چەند رۆژی رابردوو نەڕووخا، یەکێتیی لەوە بەهێزترە وەک نەیار و دوژمنانی بیریان لێکردووەتەوە، یەکێتیی پشت ئەستوورە بە جەماوەری خەڵکی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان، رێگە نادەن یەکێتیی لاواز ببێ، بۆیە دەبێت دوژمنان خەونەکانیان بەرنە ژێر گڵ".

پێش ئەو پەیامەش هاوژینی لاهور شێخ جەنگی، گەشە کاکە حەمە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی کورتی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە کە نووسیبووی "ناخۆشترین شت دەربارەی خیانەت ئەوەیە، هیچ کات لە دوژمنەکانتەوە نییە".

- کێشەکان چۆن دروست بوون؟

تاوەکو ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی هاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکەشی هیچ قسەیەکی فەرمییان نەکردووە لەسەر ئەوەی ئەو کێشانەی لەنێوخۆی حزبەکەیان دەگوزەرێت چییە و هۆکارەکەی چییە، بۆیە چەندین لێکدانەوە و دەنگۆی جیاواز لەنێو میدیاکان دەستاودەستی پێ دەکرێت و هەر لایە و بەجۆرێک باسی دەکات.

لەنێو ئەو دەنگۆیانەش کە بە هۆکاری دروستبوونی ئاڵۆزییەکان باس دەکرێت دووانیان باڵادەستترینن و زۆرترین جار وەک هۆکاری دروستبوونی ئەم گرژیانە ناوی براوە.

هەندێک هۆکاری کێشەکان بۆئەوە دەگێڕنەوە کە هاوسەرۆکی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی پاوانخوازییەکی زۆر فراوانی لە رووی سیاسیی و سەربازیی و دارایییەوە لە زۆنی یەکێتیدا کردووە کە هیچ دەسەڵاتێکی بۆ هاوسەرۆکەکەی دیکە و ماڵی مام جەلال و بەرپرسانی دیکەی یەکێتیش نەهێشتووەتەوە کە خۆیان بە میراتگری هەقی یەكێتی دەزانن، جوڵەکانی لاهور شێخ جەنگی لە بەهێزکردنی خۆی لە رووی هێزی سەربازیی و فراوانکردنی داراییەکەی و نەگەڕانەوە بۆ بافڵ تاڵەبانی لە هەندێک بڕیاردا وای کرد، کوڕەکانی مام جەلال نیگەران بن و دواجاریش ئەم تەقینەوەیە روویدا کە ئێستا دەگوزەرێت.

قسەی دیکەش کە لەسەر سەرهەڵدانی کێشەکە لای لایەنگران و میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی-یەوە باس دەکرێت، رووداوەکە بە دەستی پارتی دیموکراتی کوردستان و وڵاتانی هەرێمی لە ناوچەکە دەچوێنن، تەنانەت لاهور شێخ جەنگی خۆشی لە پەیامەکەیدا هەمان شتی گووت.

میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی سەرهەڵدانی کێشەکە بە پلانێکی پارتی ناودەبەن دژی هەژمونی لاهور شێخ جەنگی و وای وێنا دەکەن ترسی پارتییە لە گەورەبوونی یەکێتی بەتایبەت لەدوای رێککەوتنی یەکێتی و گۆران بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، دەڵێن؛ پارتی دەستی خستووەتە ناو ماڵی یەکێتی و بە دەستی سەرکردەکانی یەکێتی ئەو لەمەپەرە لادەبەن کە لەبەردەمی ئەو حزبەدایە بۆ دەستڕاگەیشتن بە سلێمانی و زۆنی سەوز.

بەڵام بۆ ئەمەش پارتی دیموکراتی کوردستان لەڕێگای گوتەبێژەکەیەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و خۆی بێبەری کرد لەو رووداوانەی لە سلێمانی روودەدەن.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "ئەم بابەتە پەیوەندی بە ناوخۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە هەیە و هیوادارین چارەسەرییەكەی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی بێت".

راشیگەیاند "رووداوەكانی ئەم چەند رۆژەی دەڤەری سلێمانی بووە هۆی دروستبوونی گرژی و بارودۆخێكی ناهەموار و دڵەڕاوكێ‌ و نیگەرانی هاووڵاتییانی ناو شاری سلێمانی و دەڤەرەكەی بەگشتی، پارتی هیوادارە یەکێتی بەشێوەیەک چارەسەری کێشەکە بکات کە نیگەرانی و دڵەڕاوكێی جەماوەرە خۆشەویستەکەی بڕەوێنێتەوە".

- رۆڵی ئەمریکا و ئێران لە کێشەکەدا:

لە یەکەمین چرکەی دروستبوونی کێشەکەوە خوێندنەوەی ئەوەی بۆ کرا کە ئەمە یەکلایکردنەوەی ململانێی ئێران ئەمریکایە و گۆڕانکارییەکانیش کە روودەدەن دەستی یەکێک لەو دوو دەوڵەتەی تێدایە دژبە بەرژەوەندی ئەوی دیکەیان، بەڵام بە فەرمی نە لە ناوخۆی یەکێتی نە لای ئەو دوو وڵاتە، هیچ لەسەر کێشەکە نەگوتراوە.

لە یەکەمین شەوی سەرهەڵدانی رووداوەکە، میدیاکان لەڕێی سەرچاوە نادیارەکانییانەوە ئەوەیان بڵاوکردەوە کە نوێنەرانی ئەمریکا و ئێران بەجیا لە سلێمانی سەرقاڵی نێوانگیری و رێکخستنەوەی هەردوو هاوسەرۆکن، بەڵام ئەمە نەبووە هەواڵی فەرمی و تەنیا وەک دەنگۆ مایەوە.

شەوی ١٣ی تەمووزیش بڵاوکرایەوە کە شاندێکی باڵای ئەمریکا لە سلێمانی-یە و لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی لە کۆبوونەوەدان، بەڵام ئەمیشیان هیچی بەفەرمی لەسەر بڵاونەکرایەوە و تەنیا لە چوارچێوەی دەنگۆ و هەواڵی سەرچاوە نادیاری میدیاکان مایەوە.

بەڵام هەرچەندە هیچی فەرمی لەسەر رۆڵی ئەو وڵاتانە نییە رای زۆرینەی چاودێرانی دۆخەکە بەوجۆرەیە کە ناکرێت بوومەلەرزەیەکی سیاسیی و سەربازیی لەناوخۆی دووەمین هێزی هەرێمی کوردستاندا رووبدات، ئەم دوو وڵاتە تەنیا تەماشاکەربن، لەکاتێکدا پەیوەندی ئێران و یەکێتی زۆر بەهێز و ئاشکرایە و هێزی دژەتیرۆریش کە کێشەکەی لەسەر تەقییەوە دروستکراوی ئەمریکایە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیشیان پێکەوە هەیە.

ئەوەی زۆرترین جاریش لە میدیاکان باسکراوە دەربارەی رۆلی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەرهەڵدانی دۆخەکە پەنجەی تۆمەت بۆ ئەمریکا راکێشراوە، بۆ پشتیوانی لەم دەنگۆیە میدیاکان بەو جۆرە باسی دەکەن، بەهۆی پەیوەندی بەهێزی لاهور شێخ جەنگی و براکانی لەگەڵ ئێران و دەسەڵاتی فراوانی ئەو بنەماڵەیە لە زۆنی سەوز وای کردووە زۆرترین بازرگانی نایاسایی ئێران بۆ دەرەوە لەڕێگای سلێمانی-یەوە بکرێت کە ئەمەش ئەمریکای نیگەران کردووە و بۆ کۆتایی هێنانیش بەو دۆخە، ئەم رووداوەی خوڵقاند لەنێوخۆی یەکێتیدا.

لە میدیا ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش لێدوانێک بەناوی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی بڵاوکرایەوە کە رایگەیاندووە "وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی شاری سلێمانی کردووە لەسەر کاری قاچاخچیتی".

- گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتی حزب:

لە یەکەمین چرکەی دروستبوونی کێشەکەوە هەتاوەکو ئێستا، هیچ بەرپرسێکی یەکێتی لە ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسیی دوور و نزیک هیچ قسەیەکیان لەسەر کێشەکە نەکردووە، هەرچەندە ناڕاستەوخۆ داواکراوە کە چارەسەری کێشەکە ببرێتە نێو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، بەڵام ئەمەش تەنیا وەک پێشنیاز ماوەتەوە و هێشتا سەرکردایەتی ئەو حزبە کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرزترین ناوەندی بڕیاردانە لەو حزبەدا، هیچ جوڵەیەکی نەبووە.

بەپێی هەندێک سەرچاوە لە دواهەمین کۆبوونەوەی دوو بە دووی هەردوو هاوسەرۆک، بڕیاردراوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بکرێت و لەوێ بڕیار لە هەر گۆڕانکارییەک بدرێت کە دەیانەوێت بکرێت، بەڵام بەشێکی زۆر لە ئەندامانی سەرکردایەتی داوایان کردووە ئەو کۆبوونەوەیە نەکرێت بە بیانووی ئەوەی ئەوان ناتوانن خۆیان لەسەر لایەک ساغ بکەنەوە و دەنگ لە بەرژەوەندی لایەکیان و دژی لاکەی دیکە بدەن، بۆیە پێناچێت ئەو کۆبوونەوەیەش ئەنجام بدرێت.

سەرچاوەیەکیش رایگەیاند لە سەردانی رێبەری تەریقەتی قادری، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی-دا بۆلای هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی کە بە مەبەستی نێوانگیری نێوانیان چووە لایان، لاهور شێخ جەنگی پەیامیکی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە و داوای کردووە کێشەکانیان با لە کۆبوونەوەی مەکتەب سیاسیی چارەسەر بکەن، بەڵام لە وەڵامدا بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی ئەوەی کردوومانە گۆڕانکاری ئیدارییە و پێویستی بە مەکتەب سیاسی، یان سەرکردایەتی نییە.

-سیناریۆکانی دوای کێشەکە:

هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بافڵ تاڵەبانی بڕیاری کۆتایی داوە کە هاوسەرۆکی لە یەکێتیدا کۆتایی هاتووە و ئێستا بەتەنیا خۆی سەرۆکە، لە دواهەمین راگەیەندراوی رۆژنامەوانیشیدا کە لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانێتی نەسر، حەیدەر عەبادی بڵاویکردەوە خۆی وەک سەرۆک ناساند نەک هاوسەرۆک.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن بافڵ تاڵەبانی بڕیاری داوە کە لە کۆبوونەوەیەکی سەرکردایەتیدا بڕیار لە پلنیۆم یان کۆنگرەیەکی نائاسایی بدرێت، پەیکەری رێکخراوەیی حزبەکە دووبارە بگۆڕدرێتەوە و بەم جۆرەی لێ بکرێت، یەکێتی یەک سەرۆک و دوو جێگری دەبێت، بافڵ تاڵەبانی خۆی دەبێتە سەرۆک و جێگرەکانیشی یەکێکیان لە ئەندامە کەرکووکییەکانی یەکێتی و یەکێکیشیان لە ماڵی کۆسرەت رەسوڵ عەلی دەبێت، مەکتەبی سیاسیی نوێ هەڵدەبژێردرێت کە ژمارەیان لەنێوان ١٠ بۆ ١٥ کەسدا دەبێت بە سەرۆک و جێگرەکانیشیەوە، سەرکردایەتی یەکێتی دووبارە هەڵدەبژێردرێتەوە و ژمارەیان لە ١٢٤ ئەندامەوە کەمدەکرێتەوە بۆ نزیکی ٥٠ کەس، بەمەش ئەگەر سەربگرێت یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ هەمان پەیکەر کە پێش کۆنگرەی چوارەمی حزبەکە هەیبوو.

- بڕیارێکی نوێ لە بافڵ تاڵەبانی-یەوە:

بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کە لە میدیاکانی نزیک لە بافڵ تاڵەبانی بڵاوکرایەوە، هاوسەرۆکی یەکێتی، بافڵ تالەبانی رایگەیاندووە کە هەموو هێزە چەکدارەکانی سەربە بەرپرسانی یەکێتی دەبێت بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حزبەکە و رایگەیاندووە "هیچ بەرپرسێکی حزبی رێگای نادرێت هێز و فەوج و لیوای تایبەت بەخۆی هەبێت، سەرجەم ئەو هێزانەی لە رابردوودا بەناوی هێزی کەسایەتییەکانی نێو یەکێتییەوە دروستکراون دەبێت هێزەکانیان رادەستی حزب بکەنەوە و یەکێتی دەبێت یەک هێزی هەبێت".

لە بواری بزنس و بازاڕیشەوە رایگەیاندووە "هەموو ئەو کۆمپانیا و پرۆژانەی بەرپرسانی یەکێتی کە بە پارەی حزب و بەهۆی ناوی یەکێتییەوە دروستیان کردوون وەردەگیرێنەوە و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی گشتی یەکێتی و رێگا نادرێت بە بەرپرسان بازاڕ و بازرگانی قۆرخ بکەن".

هەر لەم چوارچێوەیەشدا جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و پێی راگەیاندن "لەمەولا بازاڕ ئازادتر دە‌بێت و كێبركێی تە‌ندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەر دە‌كە‌ن و حكوومە‌ت كارئاسانی دە‌كات بۆ ئە‌وە‌ی كە‌رتی تایبە‌ت بە‌ھێزتر بێت و ھاوكاربێت لە‌گە‌ڵ كە‌رتی گشتیی لە‌ رەخساندنی ھە‌لی كار و بووژاندنە‌وە‌ی ژێرخانی ئابووریی".

راشیانگەیاند "چیتر ھیچ كە‌س و لایە‌نێك بۆی نییە دە‌ستوەردان بکات لە كاروباری بازرگانی و بازاڕ قۆرخ بكات، دەزگا ئەمنییەکانیش ئەرکیان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانە‌ و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھە‌ر بابە‌تێكی تر بە دوور بگرن".

لە بواری میدیا و راگەیاندنیشدا، ئێوارەی ١٣ی تەمووز هێزێکی چەکدار دەستیان گرت بەسەر کەناڵی ئای پلەس کە کەناڵی تایبەتی لاهور شێخ جەنگی-یە و هێشتا دەستی بە پەخش نەکردووە، بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەکیش بافڵ تاڵەبانی بڕیاریداوە سەرجەم ئەو میدیایانەی میدیای بەرپرسانی یەکێتین و بۆ خزمەتی کەسایەتییەکان بەکاردێن و بە پارەی یەکێتی بەڕێوەدەبرێن وەردەگیرێنەوە و دەخرێنە سەر مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی.

- سۆشیال میدیاکانیان چی دەڵێن:

لاهور شێخ جەنگی بەوە ناسراوە کە لەشکرێک لە پەیج و سایت و میدیای ئەلیکترۆنی هەیە کە زۆرجار چاودێران دەڵێن هەر ئەو میدیایانەش لاهور جەنگیان لە ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی-یەوە بەرزکردەوە بۆ هاوسەرۆکی حزبەکە، سروشتی لاهور شێخ جەنگی وایە حەزی لە شۆی میدیاییە و لە رابردووشدا لە هەر هەنگاوێکیدا زۆر پشتی بە سۆشیال میدیاکانی بەستووە و شەڕی نەیارەکانیشی هەر لە رێگای سۆشیال میدیاوە کردووە.

بەڵام بافڵ تاڵەبانی تەواو پێچەوانەی ئەم خووەی ئامۆزاکەیەتی و کەمترین دەرکەوتنی میدیایی هەیە و سەپۆرتی چەند میدیایەکی زۆرکەمیش دەکات کە ئەوانیش بە ئاشکرا دیار و ناسراون و دیارە کە کامانەن، بافڵ تاڵەبانی هەر بەو سیاسییە ناسراوە ئەوەندەی کرداری هەیە قسەی نییە.

لەم دۆخەی روودەدات لە سەرەتای کێشەکاندا وەک سروشتی هەمیشەیی خۆی لاهور شێخ جەنگی پەنای بردەوە بەر میدیا و لەڕێگای میدیا سێبەرەکانی هەر زوو کەوتە بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ئەوەی، ئەوەی روودەدات یەکلاییکردنەوەی ململانێی هێزە دژبەرەکانی رکابەریەتی بەتایبەت پارتی، تا ئەو ئاستەی لەڕێی میدیاکانی کوڕانی تاڵەبانی تۆمەتبار کرد بەوەی ئەجێندای پارتی جێبەجێ دەکەن و رادەستی خواستی پارتی بوون، بەڵام چەند رۆژێک دوای سەرهەڵدانی کێشەکە ئەو هێرشانە وەستان و ئێستا تا ئاستی بێدەنگ بوون میدیا سێبەرەکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی لەو هەڵمەتە وەستاون.

پێچەوانەکەشی لای بافڵ تاڵەبانی-یە لە سەرەتا لە میدیاوە هیچی نەوت و بەهیچ جۆرێک هەنگاوەکانی نەگواستەوە بۆ میدیا، بەڵام لە دوو رۆژی رابردوو هەڵمەتێکی توندی میدیایی دەست پێ کردووە و لە ماڵپەرەکانی زمانحاڵی خۆیەوە ئێستا بە ئاشکرا لایەنی بەرامبەری بە قاچاخچی و بازرگانی ماددەی هۆشبەر ناوزەند دەکات.

لە دواهەمین پۆستی یەکێک لە میدیاکانی نزیکیدا بە ناوی سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاندووە "چیتر رێگە نادرێت هێزی ئەمنی بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتە شەخسییەکان و بەقاچاخ هێنانی ماددەی هۆشبەر بەکاربهێندرێت".

- ١٥ی تەمووز و پیشهاتی نوێ:

سەرلەبەیانی رۆژی ١٥ی تەمووز پێشهاتی نوێ بۆ رووداوەکان هاتەپێش و ناکۆکییەکان چوونە قۆناغێکی دیکەوە، ئەمجارە لە میدیای فەرمی یەکێتییەوە لە ماڵپەڕەکانی puk media و کەناڵەکانی گەلی کوردستان و کوردسات نیوز کە هەرسێکیان وەک زمانحاڵی ئەو حزبە کاردەکەن راگەیەندراوێکی ماڵی مام جەلالیان بڵاوکردەوە و ئەم جارە بە فەرمی تۆمەتی سیخوڕییان خستە پاڵ هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لاهور شێخ جەنگی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتبوو "سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لەناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوە و دانیناوە بەوەی كاری بۆ ھاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی كردووە و بەكارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی".

راشیگەیاندبوو "بەمزووانە لەبارەی کەیسەکە زانیاری زیاتر بڵاودەکەنەوە".

دوای چەند کاتژمێرێک لەم راگەیەندراوە، لەرێی لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر ئارامگای مام جەلال سکرتێری گشتی کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە دەرکەوت و پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تەموومژی لەسەر کێشەکان هەڵگرت و بەزمانێکی روون کۆتایی ئەو سیستمە نوێیەی بەرێوەبردنی یەکێتی راگەیاند کە کۆنگرەی چوارەم دایڕشت و لوتکەی دەسەڵاتی حزبەکەی لە سکرتێری گشتییەوە گۆڕی بۆ هاوسەرۆکی.

بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا خۆی وەک "سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان" ناساندوو وەک گفتوگۆیەک لەگەڵ باوکی کۆچکردووی دایڕشتبوەوە و رایگەیاندبوو "ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لە نزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک".

راشیگەیاندووە "دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا، دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران، بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکوومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن، قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە، دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان".

بافڵ تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەشیدا رایگەیاندووە "ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین، جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکوومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان، بەڵێن بێت بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان".

لە هەمان رۆژدا هاوسەرۆکەکەی دیکەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی مانۆڕێکی دەستپێکرد و لە هۆڵی یەکێک لە چێشتخانەکانی سلێمانی لەگەڵ کەسوکاری بەشێک لە شەهیدانی یەکێتی کۆبوویەوە، هەرچەندە لەدوای چەند خولەکێک لە دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە داوای لە میدیاکان کرد هۆڵەکە بەجێبهێڵن و وتی "داواتان لێدەکەم لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەیەکی حزبییە و گفتوگۆیە لەگەڵ کەسوکاری شەهیدان هۆڵەکەمان بۆ بەجێبهێڵن پێویست ناکات میدیا لێرەبێت"، دواتریش تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی لەسەر کۆبوونەوەکە بڵاونەکراوەتەوە.

بەڵام بەپێی زانیاری هەندێک لە سەرچاوەکان، ئەمە دەستپێکی مانۆڕێکی جەماوەری لاهور شێخ جەنگییە و دەیەوێت لەرێگای لایەنگران و کەسوکاری ئەو شەهیدانەی لایەنگری ئەو دەکەن فشار دروست بکات کە لەرێگای کۆبوونەوە و گردبوونەوە لە دەباشان و بەردەم مەکتەب سیاسی داوابکەن کێشەکانی ناوماڵی یەکێتی بە بێدەنگی و بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و رێگا نەدرێت دۆخی ناوخۆی یەکێتی بشێوێندرێت.

ئێوارەی ۱٥ی تەمووز مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوای دروست بوونی گرژییەکانی چەند رۆژی رابردوو یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان بەست، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی هەردوو هاوسەرۆکی یەکێتی بوو.

میدیا فەرمییەکانی ئەو حزبە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆبوونەوەکەدا دووبارە پۆستی هاوسەرۆکیان بۆ هەردوو هاوسەرۆکەکەی یەکێتی بەکارهێنایەوە کە بەیانی هەمان رۆژ یەکێکیان سەرۆک و یەکێکی دیکەشیان هاوسەرۆکی پێشووبوو.

مەکتەبی سیاسی رایگەیاند "ئەمرۆ ۲٠۲۱/۷/۱٥ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری هەردوو هاوسەرۆک کۆبۆوە، لەکۆبونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران وەک هەنگاوێک بۆ چارەسەری کێشەو ئاڵۆزییەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو، مەکتەبی سیاسی جەختی کردەوە کە یەکڕیزی یەکێتی و پابەند بوون بەرامبەر بە کەسوکاری شەهیدان و جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان بە گشتی لە ئەولەویەتی خەباتە".

ئەمە راگەیاندنی فەرمی بوو بەڵام بەپێی زانیاری هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی دیکە دراون کە رێکەوتنی هەموو لایەکی لەسەر بووە.

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی قایل بووە دەستبەرداری هەموو دەسەڵاتەکانی بێت و لە پلنیۆمدا بە فەرمی بافڵ تاڵەبانی دەبێتە کەسی یەکەمی یەکێتی.

بە شێوەیەک کە لاهور شێخ جەنگی تاوەکو دوای جەژن بە دیاریکراوی تاوەکو کۆبوونەوەی ئایندەی سەرکردایەتی حزبەکە، بە هاوسەرۆکی حزبەکە دەمێنێتەوە بەڵام بەبێ ئەوەی پراکتیکی هیچ کام لەدەسەڵاتەکانی هاوسەرۆک بکات و لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی نامەی بەخشین لە پۆستی هاوسەرۆکی پێشکەش دەکات و دەستبەردای پۆستەکەی دەبێت.

بڕیاریشە دواتر لە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیدا گۆڕانکاری لە هەندێ خاڵی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی بکرێت و تاوەکو پلنیۆم بافڵ تاڵەبانی هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی لادەبێت.
هاوکات مەکتەبی سیاسی بڕیار لە وادەی بەستنی پلنیۆم دەدات و لە پلنیۆمیشدا گۆڕانکاری لە پەیکەری رێکخراوەیی حزبەکە دەدرێت یان بڕیاردەدرێت کۆنگرەیەکی نائاسایی بکرێت بۆ گۆڕانکارییەکان.

چاوەڕوان دەکرێت بەپێی گۆرانکارییە نوێیەکە یەکێتی یەک سەرۆک یان سکرتێری گشتی دەبێت و مەکتەبی سیاسی نوێ ژمارەیان لەنێوان ۱٠ بۆ ۱٥ کەس بێت و سەرکردایەتیش ٥٠ کەس.


- دیوە شاراوەکەی کێشەکە:

ئەوەی تا ئێستا لەم کێشمەکێشمە ناوخۆییەی یەکێتی دەرکەوتووە تەنیا ئەو رووداوانەن کە ئاشکران و بینراون، بەڵام هەموو چاودێرانی دۆخەکە شتێکی شاراوە لەودیوی رووداوەکان دەبینن کە هێشتا کەس پەی پێ نەبردووە و نازانرێت هۆکاری سەرەکی پشت رووداوەکان چین، چی وای کرد پەیوەندی ئامۆزاکان بگات بەو رۆژەی لە برایەتی و دۆستایەتییەوە بگەن بە قۆناغێک یەکتری بێ بەری بکەن، رەنگە ئەمە لە رۆژانی داهاتوو دەربکەوێت و لایەکیان ئەو بێدەنگییە بشکێنن کە هەموو ئەوانەی بەم دۆخەوە سەرقاڵن بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕێن چی روودەدات، کە رەنگە تۆمەتی سیخوڕیکردنی یەکێک لە هاوسەرۆکان سەرەتای دەرکەوتنی وەلامی ئەو پرسیارەبێت.

ئەوەی بووەتە جێی گومانی زیاتریش بۆ چاودێرانی دۆخەکە، بێدەنگی لاهور شێخ جەنگی-یە کە دوو خوێندنەوەی لەسەر دەکەن.

یەکەمیان دەڵێن یان ئەوەیە لاهور شێخ جەنگی سەرقاڵی هەنگاوێکی سیاسیی شاراوەیە و بۆ گەڕانەوە بۆ مەیدانەکە بە هێزێکی زیاتر لە جارانەوە، بۆ ئەمەش ئەو مانۆڕە بە بەڵگەی قسەکانیان دەهێننەوە کە لاهور شێخ جەنگی لەگەڵ لایەنگرانیدا دەستی پێکرد، دووەم بۆچوونیش گومانی ئەوەی لەسەر دەکەن لاهور شێخ جەنگی خاڵێکی لاوازی وای بەدەستەوە داوە کە سەرباری ئەوەی بەرامبەری دەکرێت ناچاربێت بەبێ دەنگی بمێنێتەوە تاوەکو ئەوەی کردوویەتی بە شاراوەیی بمێنێتەوە، بڵاوکردنەوەی تۆمەتی سیخوڕیکردنەکەش ئەم گومانەیان بۆ هەڵگرانی ئەو بۆچوونە زیاتر دەکات.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.