شیکردنەوە

شیكاریی- ره‌ئیسی و ئێرانی نوێ

- ئیبراھیم رەئیسی لە رووی گەنجیی تەمەنی، پابەندبوونی بە پرنسیپەکانی شۆڕشی ئیسلامی و پابەندبوونی خێزانی و ھاوشاریيەوە بە ناوێکی گونجاو دادەنرێت بۆ رابەڕایەتیکردنی شۆڕش و جێگرتنەوەی خامنەیی کە تەمەنی لە هەڵكشاندايە.

Dr. Hakkı Uygur   | 23.06.2021
شیكاریی- ره‌ئیسی و ئێرانی نوێ

Istanbul

ئیستانبوڵ- AA حه‌ققی ئویگور

له‌ زۆر بابه‌تی شیكاریی و هه‌ڵسه‌نگاندا كه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئێران و سیستمی سیاسیی هه‌نووكه‌یی وڵاته‌كه‌ نووسیومانه‌، كاتێك كه‌ پێواژووه‌ یاساییه‌ به‌ركاره‌كان و نه‌ریته‌كان لێكده‌درێنه‌وه‌، سه‌ره‌داوی گرنگ له‌باره‌ی ئه‌نجامی كۆتایی میكانیزمی هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆماریی و یان په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌مان گوتبوو، ئه‌و پێواژوو نه‌ریتانه‌ ده‌رفه‌تی خه‌مڵاندنیش ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌. به‌ گوزارشتێكی ساده‌تر، هه‌ڵوێستی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگارییكردن له‌ ده‌ستوور كه‌ له‌ ١٢ زانای ئایینی و یاساناس پێكدێن له‌ دیارییكردنی به‌ربژێره‌ به‌راییه‌كاندا، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات كه‌م تا زۆر، پێشوه‌خت په‌ی به‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێببرێت. هه‌ر رێگه‌پێدانێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگارییكردن له‌ ده‌ستوور كه‌ به‌رپرسیاری یه‌كه‌می پاراستنی مانه‌وه‌ی سیسته‌مه‌، به‌ هه‌ر هۆكارێك له‌ هۆكاره‌كان هاوشێوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار له‌ ساڵی ٢٠٠٩دا، رێژه‌ی به‌شداریکردنی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی جددیی زیاد ده‌كات یان وه‌ك هه‌ڵبژاردنی رۆژی ١٧ی حوزه‌یران تا راده‌یه‌كی زۆر داده‌به‌زێنێت.

له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌ربژێربوونی هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لی لاریجانی كه‌ ماوه‌ی ساڵانێكی دوور و درێژ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كردووه‌، یان سه‌ركۆماری پێشووتری ئێران، مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد كه‌ به‌ سیاسه‌تی پۆپۆلیستیی توانیویه‌تی سه‌رنجی دانیشتوانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بۆ خۆی رابكێشێت یان مسته‌فا تاجزاده‌ كه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كی ناسراو و یه‌كێك له‌ تیۆرینووسانی ریفۆرمخوازی ده‌ناسرێت، یه‌كێك بوون له‌ گرنگترین ئاماژه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م هه‌ڵبژاردنه‌.

لەو شیکارییەی کە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نووسیمان و پێش چەند ھەفتەیەک لە ھەڵبژاردنەکانی ئێران بڵاوکرایەوە [١]، ئەوە ھاتووە کە رەنگە ئەم دۆخە تەنھا پەیوەندی بە ھەڵبژاردنەکانەوە نەبێت، بە پێچەوانەوە سەرەداوى لەسەر قۆناغی نوێ کە رابەری وڵاتەکە عەلی خامنەیی و کەسانی نزیک لەوەوە بە قۆناغی دووەمی شۆڕشی ئیسلامی ناویدەبەن دياريیكردووە. بە گوێرەی ئەمە، ئیبراھیم رەئیسی لە رووی گەنجیی تەمەنی، پابەندبوونی بە پرنسیپەکانی شۆڕشی ئیسلامی و پابەندبوونی خێزانی و ھاوشاریيەوە بە ناوێکی گونجاو دادەنرێت بۆ رابەڕایەتیکردنی شۆڕش و جێگرتنەوەی خامنەیی کە تەمەنی لە هەڵكشاندايە.

لە راستیشدا، ھەڵبژاردنەکە بەو شێوەیەی کە چاوەڕوان دەکرا تێپەڕی: لەو ھەڵبژاردنەی کە رێژەی بەشداریکردن لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سەدا ٤٨،٨ و لە تارانی پایتەخت نزیکەی سەدا ٢٦ بوو و ئیبراھیم رەئیسی، سەدا ٦٠ی دەنگە ھەژمارکراوەکانی بەدەست ھێنا و بە کۆکردنەوەی نزیکەی ١٨ ملیۆن دەنگ بە سەرکۆماری نوێی ئێران ھەڵبژێردرا. چوار ملیۆن دەنگی ھەژمارنەکراويش لە پلەی دووەمدا ھات. دوا ئومێدی ریفۆرمخوازەکان کە گرەوێکی زۆریان لەسەری بوو و بانگەشەیکی زۆریان لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بۆ دەکرد سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندیی ئێران، عەبدولناسر ھیممەتی، توانی تەنھا دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دەنگ بەدەست بھێنێت و لە دوای کاندیدی ھەمیشە دووبارەکراوەی ھەڵبژاردنەکان موحسین رەزایی جێگیربوو.

- کاریگەرییەکانی سەر سیاسەتی ناوخۆ

- دوای شۆڕشی ١٩٧٩، سیاسەتی ناوخۆی ئێران لەسەر دوو گرووپ شێوەی گرتووە، هاوسەنگی نێوان ئەو بەشانە کە رەگەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش و پێشتر بە ''راست-چەپ'' و دواتر بە ''ریفۆرمخواز-موحافزکار'' ناسراون، لە دوای کۆچی دوایی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩دا لە بەرژەوەندی بەشی ''راستڕەو'' گۆڕا. بە نەمانی پارێزی خومەینی لەسەریان کەسایەتییە گرنگەکانی ئەو بەشەی بە ''چەپ'' ئەژمار دەکران لە شانۆی سیاسیی دوورکەوتنەوە یان پۆستی لاوەکیان پێدرا، بەڵام لە رێگەی کەسایەتییە نزیکەکانی ئەو گرووپانە وەک موسەوی خوئینیها یان محەمەد خاتەمی سەرلەنوێ رێکخستنەوە کرا و بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ کاتدا بە بەرگگۆڕین لە ساڵی ١٩٩٧دا وەرچەرخانێکیان ئەنجامدا، هەرچەندە بەشی موحافزکاران کە وانەیەکی باشیان لەو شکستە وەرگرت رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر بۆ ئەوەی پێشهاتێکی هاوشێوە روونەداتەوە، بەڵام بەهۆی زویربوونی مەحمود ئەحمەدی نەژاد کە نوێنەری هێڵی نیۆ موحافزکارە لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک رەفسەنجانی یان ناتق نوری کە لەنێو باوانی نەریتی راستڕەون و نزیکبوونەوەیان لە بەشی ''ریفۆرمخواز'' لە ساڵی ٢٠٠٩دا بوومەلەرزەیەک سیاسەتی ناوخۆی هەژاند.

- سیاسەتی دەرەکی و ئیبراهیم رەئیسی

ئیبراهیم رەئیسی کە هەموو کارێکی لە بواری دادگادایە، وردەکاری بۆچوونی لەبارەی سیاسەتی دەرەوە نازانرێت، هەرچەندە لە میانی بانگەشەکانی هەڵبژاردندا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە پێشینەی کار دەدات بە پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکاندا لە بری هێزە گەورەکان، بەڵام نازانرێت کە ئەوە چۆن دەبێت. لە سەردەمی نوێدا پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەفغانستان، عێراق و تەنانەت تورکیاش بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەست دەبێت بەو سیاسەتەی کە ئیبراهیم رەئیسی بەرامبەر ئەمریکا پەیڕەوی دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئێران دژبە دووبارە زیندووکردنەوەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بێت، چونکە وەک لە گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لە میانی کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتالیا دەردەکەوت، دانوستانەکانی ڤیەننا بە ئاراستەی رێککەوتن لە کۆتا قۆناغ نزیکبوونەتەوە، ئاشکراشە کە سنوورەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران لەلایەن سەرکۆماری هەڵبژێردراوی ئەو وڵاتەوە دیاریی نەکراون، هەروەها ئیبراهیم رەئیسی، بەهۆی ئەو رۆڵەی کە ساڵی ١٩٨٨ لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵدا هەیبووە لەئێستادا، بووتە ئامانجی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و بەهەمان شێوە لە لیستی سزاکانی ئەمریکا-شدایە. هەموو ئەمانەش نیشاندەری ئەوەن کە لە سایەی ئیبراهیم رەئیسی-دا خەونی چاکسازیخوازەکان بۆ هاتنە کایەی ئێرانێکی دوور لە کێشە لەگەڵ ئەمریکا و رۆژئاوا و ئاوێتە بە سیستمی نێودەوڵەتی نایەتە ئاراوە و لە بەرامبەردا، ئیبراهیم رەئیسی کار بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی گرنگ لە بواری ئابووری و بەهێزکردنی پێگەی سیاسی وڵاتەکەی دەکات.

لە کۆتاییشدا لە روانگەی تێڕوانینی ئیبراهیم رەئیسی بۆ تورکیا، هیچ شتێکی نەرێنی بەدی ناکرێت و ئەگەری ئەوەش هەیە دوای پەتای کۆرۆنا، پەیوەندییە بازرگانی و گەشتوگوزارییەکانی نێوان تورکیا و ئێران بەهێزتر ببێت.

[1] https://www.aa.com.tr/tr/analiz/iran-secimlerinde-farkli-olan-ne/2266044
​​​​​​​د. حەقی ئویگور- جێگری سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ئێران

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın