شیکردنەوە

شیكاریی.. ئەمریکا لە بەردەم شکستێکی ناچارییدا

Dr. Ali Aslan   | 27.08.2021
شیكاریی.. ئەمریکا لە بەردەم شکستێکی ناچارییدا

Istanbul

ئیستانبوڵ - AA

ئەمریکا لە دوای ئەوەی خاکەكەى لە ١١ی سێپته‌مبه‌ری ساڵی ٢٠٠١دا تووشی ھێرشی تیرۆریستی بوویەوە، عێراق و ئەفغانستانی داگیر کرد. ئامانج لە ناوبردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە بوو کە ئەمریکا یان بە شێوازێکی باوتر "جیھانی ئازاد"يان دەکردە ئامانج و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەو دوو وڵاتە و ھێنانی دیموکراسی بوو.

دوای تێپەڕینی ٢٠ ساڵ، ئەمریکا نە توانی ئەوانەی بە تیرۆریست ناوی دەھێنان لە ناو ببات و نە توانی پێگەیەکی دیموکراتی بۆ ئەو وڵاتانە درووست بکات.

ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی دەربەدەر بوون، دووچاری ھەموو جۆرە توندوتیژییەک بوونه‌وه‌ و لە پێکدادانەکاندا کوژران. ئەو دوو وڵاتە لە ھەموو روویەکەوە پاشەکەشەیان کرد. بەشێکی گرنگی بیانووەکانی زەمینە خۆشکردنی ئەم داگیرکردنانە؛ بۆ نموونە لە عێراق ئەوە بوو کە رژێمی سەدام خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، کە لەگەڵ ئاشکرابوونی درووست کردنی ئەو بیانووە کە لە لایەن داھێنەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو سەردەمەی ئەمریکا، رەوتى محافزکارە نوێیه‌کانەوە دروست کرابوو، گورزێکی گرنگی لە ئاسایشی ئەمریکا دا و بوويە ھۆی لە دەستدانی ھەیبەتی ئەو وڵاتە. ئەو بێ توانایی و شکستەی ئەمریکا، بانگەشەکانی بۆ سەرکردایەتی کردنی جیھانی خستە ژێر پێ. بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان و ئەو پێشھاتە پڕئازارانەى کە بەدوای خۆیدا ھێنا، دوایین ئەڵقەی ئەم شكستە بوو.

داگیرکردنی سووریاش لەگەڵ دابین کردنی پاڵپشتیی ئاسمانی بۆ یەپەگە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە پایزی ساڵی ٢٠١٤دا، خرایە پاڵ ئەو دوو وڵاتەوە. لە سووریاش، ئەمریکا بە تەواوەتی ئەوەی بەدەست نەھێنا کە دەیویست. بەسەر داعشدا سەرکەوت، بەڵام بە تەواوەتی لە ناوی نەبرد.

دوای ئەوەی تاڵیبان دەستی گرت بەسەر حکوومەتدا لە ئەفغانستان، هیچ گرەنتیەک نییە کە ئەو جۆرە رێکخراوانە دووبارە لە شوێنەکانی دیکەدا بە سووریاشەوە سەرهەڵنەدەنەوە.

رژێمی ئەسەد کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم دیموکراسیی لە سووریا و تاوانی جەنگیی قورسی ئەنجامداوە، هێشتا لەسەر دەسەڵاتە. مانەوەی رژێمەکەی ئەسەد بەهۆی رووسیا و ئێرانەوەیە. بەداخەوە ئەمریکا کە خاوەن هێزی نایابە نەیتوانی ئەو دوو هێزە هەرێمیە دامرکێنێتەوە و خواستی خۆی لە سووریا بەجێبگەیەنێت. خراپتر لەوە ئێران کە ئەمریکا بە دوژمن دەبینێت، هەم لە عێراق هەمیش لە سووریا لە ئەنجامی داگیرکاری، کۆنترۆڵی مەودایەکی فراوانی کردووە. رووسیاش کە دوژمنێکی مێژووییەتی لە ناوچەکەدا ئاڵای زیاتری هەڵکردووە. راکێشانی پێکدادانی تورکیا لەگەڵ پەکەکە بۆ شارۆچکەکانی عێراق و سووریا پێویستە لە خانەی شکستی ئەمریکادا بنووسرێت. گرنگترینیشیان نەیتوانی یەپەگە کە باڵی سووریای پەکەکەیە بکاتە رێڕه‌وێكی تەواو شەرعی. هێشتا چارەنووسی ئەو رێکخراوە دیار نییە و نازانرێت کە بە ئامانجی بوونە دەوڵەت دەگات یان نا. ئەو نیگەرانییەی بەهۆی ئەو نادیارییە دروست بووە بەهۆی بڕیاری لەناکاوی ئەمریکا بۆ جێهێشتنی ئەفغانستان بۆ تاڵیبان و سپاردنی بە چارەنووسی خۆی، دووهێندە بووە.

حکوومەتەکەی بایدن ماوەیەک بەر لە ئێستا بڕیاری کشانەوەی سەربازانی لە ئەفغانستان تا ٣١ی ئاب، خستەبواری جێبەجێ کردنەوە. لەبەرامبەردا تاڵیبان بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر کۆنترۆڵی وڵاتەکەی بەدەست هێنایەوە کە پێش ٢٠ ساڵ لەدەستی دابوو.

ئه‌م بڕیاره‌ پشتبه‌ستووه‌ به‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی له‌ سه‌رده‌می ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌ ٢٠٢٠دا واژوو كرا. به‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ بڕیار درا تا كۆتایی ئایاری ٢٠٢١ سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ ئه‌فغانستان بكشێندرێنه‌وه‌. ئیداره‌ی بایدن ده‌یتوانی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ هه‌ڵپه‌سێرێت. به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی زیادبوونی گوشاره‌كان هێڵی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی تره‌مپ له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆ به‌ دواخستنێكی كورت بڕیاری دا ئه‌مه‌ به‌رده‌وام بێت.

كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق به‌ ته‌واوی نه‌بووه‌. له‌ دوای بڕیاری كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان له‌ ٢٠١١دا ئه‌مریكا لای خۆیه‌وه‌ مه‌ترسییه‌كانی دی و گه‌ڕایه‌وه‌. له‌ ئێستادا بوونی سه‌ربازی ئه‌مریكا له‌ عێراق ئێجگار زۆر كه‌م بووه‌ته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی چالاك له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كاندا نابیندرێن. ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتیی به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رز بۆ هێزه‌ خۆجێیه‌كان جێهێشتووه‌. به‌پێی ئه‌و كاته‌ی پێشتر دیاری كراوه‌، پێویسته‌ به‌ر له‌ كۆتاییی ئه‌م ساڵ ئه‌مریكا له‌ عێراق بكشێته‌وه‌. به‌ڵام دوای ئه‌و رووداوانه‌ی له‌ ئه‌فغانستان رووی دا، ده‌كرێ بگوترێت جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ زۆر سه‌خت ده‌بێت. ئه‌وانه‌ی ئۆپۆزسیۆنی ئیداره‌ی بایدنن گوشاری زۆریان خستووه‌ته‌ سه‌ر بایدن. به‌ چڕی كار له‌سه‌ر ئه‌و تێزه‌ ده‌كرێت كه‌ پێی وایه‌ بایدن ئیداره‌یه‌كی بێتوانای هه‌یه‌.

له‌ سووریاش هیچ كشانه‌وه‌یه‌كی ئه‌مریكا نابیندرێت. هه‌رچه‌ند ئه‌مریكا به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی دابێت به‌ رێكخراوی تیرۆریستی یه‌په‌گه‌ كه‌ خۆی پێی ده‌ڵێت "هێزه‌كانی سووریای دیموكرات"، له‌ راستیدا به‌ دابین كردنی هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی، ره‌وانه‌كردنی پشتیوانی سه‌ربازی و گواستنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی سه‌ربازی، ئه‌مریكا بوونی سه‌ربازی خۆی له‌ سووریا به‌رده‌وامی پێ ده‌دات.

جیاواز لە ئەفغانستان و عێراق، روونی ستراتیژی ئەمریکا، واتا پێداگری لەبارەی دامەزراندنی دەوڵەتی یەپەگە- لانیکەم بۆ ئێستا- نیشانی دەدات کە بوونی سەربازی ئەمریکا لە سووریا بۆ ماوەیەکی دیکە بەردەوام دەبێت.

- سەرکێشی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا

ئاسان نییە تێبگەیت لەوەی ئەمریکا لە ٢٠ ساڵی رابردوودا لەم ناوچەیە چی کردووە. سیاسەتە دژ بەیەکەکان بوونە هۆی ئەوەی پسپۆڕان تێزی جیاواز پێشکەش بکەن. هەندێکیان سیاسەتەکانی ئەمریکایان بۆ ناوچەکە بەستەوە بە پێویستی درووست کردنی دوژمنێکی نوێ لە دوای کۆمۆنیزم-جیهانی ئیسلام.

هەندێکیشیان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە داخوازییەکانی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە لە ناوچەکەدا زیادی کردووە بەبێ ئەوەی دەرەنجامێکی دژ بە ئەمریکای لێبکەوێتەوە بە بەکارهێنانی هێز و رێگە کردنەوە لەبەردەم توندوتیژیدا هەوڵدراوە سەرکوت بکرێت. پێویستە ئاماژە بە سەرکەوتنی ئەو سیاسەتە بکرێت بە شێوەیەکی بەرچاو کە بە "بیابانبوونی کولتووریی-کۆمەڵایەتیی" ناوزەد کراوە. رووبەڕووکردنەوەی هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانەی داگیرکراون بە مردن، رێگاکانی هەڵاتنیان لە وڵاتەکانیان بۆ کردوونەتەوە. ئەو شەپۆلی کۆچە کە یەکێکە لە گەورەترین شەپۆلەکانی مێژوو، هێشتا بەشێوەیەکی چڕ بەردەوامە.

بەشێك لەو پسپۆڕانەشی کە هەڵگری بیروڕای بنەماخوازی نوێن بۆ بابەتی تیۆپۆلەتیک باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا لەڕێی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەوە هەوڵدەدات "وا لە خواوەند بکات کۆتایی بە جیهان بهێنێت". هەروەها گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە ناوبەناو کۆمەڵێک مشتومڕ لە ناوچەکە دەهێننە کایەوە، بەشێکن لەم سیاسەتە.

هەرچەندە هەڕەشەکانی نێوان ئیران و ئیسرائیل تەنها هەڕەشەیەکی سەرزارەکییە بەڵام ئەم هەڕەشانە بوونەتە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و کردنەوەی دەرگاکان بۆ دەستوەردانی سەرەکی.

تیۆرییەکی دیکەش ئەوەیە کە ئەمریکا لەڕێی داگیرکارییەوە گرژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە زیاتر دەکات یاخود وەک ئەوەی کە لە فەرهەنگی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێی دەگوترێت ستراتیژی "هاوسەنگ کردنی هێز لە دەرەوەی وڵات" پەیڕەو دەکات بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی وزەی ئەم وڵاتانە لەڕێی شەڕ و پێکدادانەوە بەرەو نەمان ببات. هەروەها لەڕێی پێکدادان و گرژییە هەرێمییەکانەوە زیاتر پەرە بەم ستراتیژه‌ی دەدات.

لە دوا نموونەشدا بەجێهێشتنی ئەفغانستان بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان، متمانەی سیاسەتی گواستنەوەی دیموکراسی ئەمریکای تەختی زەوی کرد و پڕۆسەکە بە سەرکەوتنی ریاڵیزم بەسەر لیبراڵیزمدا کۆتایی دێت.

پێویستە ئەوەش لەبیرنەکرێت کە لیبراڵیزم رۆڵێکی گرنگی لەوەدا هەیە کە سەروەری گەردوونی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت.

لە کۆتاییدا زۆر هێما هەن کە ئەوە نیشان دەدەن ئەمریکا لەبەردەم شکستێکی ناچاریدایە، بێگومان ئەم شکستەشی لە چوارچێوەی رابەری کردنی جیهاندا دەبێت. گەورەترین رکابەریش لەبەردەم ئێستای ئەمریکا چۆنییەتی و ئاستی خیرایی خۆ گونجانیەتی لەگەڵ ئەم پێگە نوێیەیدا.

د. عەلی ئارسلان- مامۆستا لە بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ئیبن خەلدوون

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın