شیکردنەوە, عێراق

سەرکوتکردنی "گۆڕەپانی حەبوبی" لەنێوان بەرنگاربوونەوەی کازمی و ھەڕەشەکردن لە سەدر

بەپێی راپۆرتەکان، چەکدارانی سەربە رەوتی سەدر بەرپرسن لە ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و سووتاندنی ژمارەیەک چادری خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبوبی کە بەھۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

Zana Natık Kerem   | 30.11.2020
سەرکوتکردنی "گۆڕەپانی حەبوبی" لەنێوان بەرنگاربوونەوەی کازمی و ھەڕەشەکردن لە سەدر

Arbil

ئیستانبوڵ ــ AA

وێرای ئەوەی رۆژی ھەینی رابردوو لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق، پێنج خۆپیشاندەر کوژران و ٨٥ی دیکەیش برینداربوون، بەڵام خۆپیشاندەران سوورن لەسەر ئەوەی کە درێژە بە خۆپیشاندانەکانیان بدەن کە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە چادریان لە گۆڕەپانی حەبوبی ناوەڕاستی شارەکە داناوە.

رۆژی ھەینی رابردوو لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار باشووری عێراق، پێکدادان لەنێوان لایەنگرانی رەوتی سەدر و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبوبی روویدا و بەپێی دوایین ئامار، پێنج کەس کوژراون و ٨٥ی دیکەیش برینداربوون کە پێنجیان کارمەندی ئەمنیین.

بەپێی راپۆرتەکان، چەکدارانی سەربە رەوتی سەدر بەرپرسن لە ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و سووتاندنی ژمارەیەک چادری خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی حەبوبی کە بەھۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.

پێکدادانەکانی نێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەران دوای ئەوە روویدا کە خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییە رێگەیان بە دەیان چەکداری سەربە رەوتی سەدر نەدا بچنە ناو گۆڕەپانی حەبوبی.

دوای ئەو رووداوە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی زنجیرەیەک رێوشوێنی بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە گرتەبەر.

لە چوارچێوەی رێوشوێنەکاندا، فەرماندەی پۆلیسی زیقار، حازم وائیلی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو لیوا عەودە سالم عەبود وەک فەرماندەی نوێی پۆلیسی پارێزگای زیقار دەست نیشان کرا و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت لە شاری ناسرییە قەدەغەکرا، هەروەها لیژنەیەکیش پێکھێنرا لەسەر ئاستی باڵا لەژێر ناوی (تیمی قەیرانەکانی لەناکاو) بەسەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی، قاسم ئەعرەجی بە ئامانجی بەڕێوەبردنی پرسی کارگێڕی، دارایی و ئەمنی شاری ناسرییە.

ھەروەرھا لە چوارچێوەی رێوشوێنەکانی مستەفا کازمی-دا، دوێنێ سێشەممە ھێزەکانی لیوای ٣٧ی سوپا و لیوای کۆماندۆی سەربە پۆلیسی فیدراڵ بە ئامانجی سەپاندنی یاسا، پاراستنی ھاووڵاتییان و سامانی گشتیی و تایبەت رەوانەی شاری ناسرییە کران.

بەڵام ئەوەی زیاتر لە خۆپیشاندانەکانی ناسرییە بەدی کراوە ئەوەیە کە خۆپیشاندەران داوا دەکەن مستەفا کازمی کە لە حەوتی ئایاری رابردووەوە ھاتووەتە سەر دەسەڵات، دەستلەکاربکشێنێتەوە.

ھاوکات نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی) و ژمارەیەک باڵیۆزی وڵاتانی بیانی لە عێراق وێرای ئیدانەکردنی توندوتیژییەکانی شاری ناسرییە، ھەروەھا داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد کە خۆپیشاندەران بپارێزێت و ئەو کەسانەیش کە بەرپرسن لە کوشتنی خۆپیشاندەران سزا بدات.

لەسەر بانگەوازی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر، رۆژی ھەینی رابردوو دەیان ھەزار کەس لە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە گۆڕەپانی تەحریر ناوەڕاستی بەغدا و ژمارەیەک شاری ناوەڕاست و باشووری عێراق گردبوونەوەیان ئەنجامدا بۆ ئەوەی پاڵپشتی خۆیان بۆ رەوتی سەدر لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە کە بڕیارە لە شەشی حوەزیرانی ساڵی داھاتوودا ئەنجام بدرێت، دووپات بکەنەوە.

ھاوکات چاودێران وای بۆ دەچن کە بانگەوازەکەی رۆژی ھەینی رابردووی موقتەدا سەدر بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان، سەرەتایەکی پێشوەختە بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا سەرۆکایەتی حکوومەتی داھاتوو بەدەست بھێنێت.

ئەگەر چی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دووپاتکردبوویەوە، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا لەو ھەڵوێستەی پاشگەزبوویەوە.

خۆپیشاندەران ھەڵوێستی موقتەدا سەدر بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکان رەت دەکەنەوە و ئاماژە بەوەدەکەن کە رەوتی سەدر، بەشێکی سەرەکی و کارایە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و نوێنەری لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەیە.

ھاوکات چالاکوانانی خۆپیشاندانەکان، گرووپەکانی "کڵاو شینەکان"ی سەربە رەوتی سەدر بە ھێرشکردنە سەر خۆپیشاندەران و سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق تۆمەتباریان دەکەن.

فراکسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە رەوتی سەدر سوورە لەسەر ئەوەی ئەمجارە بەھێزتر بەشداری لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بکات بۆ ئەوەی زۆرینە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بھێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ چوار ساڵی داھاتوو بەڕێوەببات.

فراکسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لەلایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پشتیوانی دەکرێت، ھەژموونی لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران دیارە و سیاسەت و گوتارێکی "نشتمانی" ھەیە کە داوای دەرکردنی ھێز بیانییەکان دەکات لە عێراق.

موقتەدا سەدر لە ماوەکانی رابردوودا، بۆ چەند جارێک وازھێنانی لە کاری سیاسی راگەیاندبوو، بەڵام ئەوەی نەشاردووەتەوە کە خواستی ھەیە ببێت بە سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق.

رۆژی ھەینی رابردوو، رەوتی سەدر رایگەیاندبوو کە ھەوڵدەدات لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، سەدرییەکان ببن بە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی بەرگریی لە مافی عێراقییەکان بکەن و چاکسازیش ئەنجام بدەن تا شکۆ، سەربەخۆیی و سەروەریی بۆ عێراق بگەڕێتەوە.

تەنها رۆژێک دوای رووداوەکەی شاری ناسرییە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە خۆپیشاندەرانی شاری ناسرییە کردبوو کە کۆتایی بە خۆپیشاندنەکانیان بھێنن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان خۆپیشاندەرانی دژبە سیاسەتەکانی حکوومەتەکەی مستەفا کازمی لە لایەک و لایەنگرانی سەدر لە لایەکی دیکەوە، مستەفا کازمی لە ھەوڵەکانی بۆ لاوازکردنی گرووپە چەکدارە شیعەکانی سەربە ئێران، خستووەتە بەردەم بەرەنگاری نوێوە.

ئەمەیش لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەدەست کۆمەڵێک بەرەنگارییەوە دەناڵێنێت لەوانە؛ ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی رەوتی سەدر و دوور نییە کە ئەو رووبەڕووبوونەوە پاڵ بە ھێزە ئەمنییەکانەوە بنێت دەستوەردان بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە بکەن کە ئەوەیش دوور نییە شەڕی ناوخۆ لەنێوان پێکھاتەکانی شیعەدا لێبکەوێتەوە.

بەھۆی ئەوەی عێراق لە داھاتدا بەشیوەیەکی سەرەکی پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و لەئێستادا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ نرخی نەوت دابەزیوە لە بازاڕەکاندا، عێراق رووبەڕووی قەیرانی دارایی سەخت بووەتەوە.

ئەگەری ھەیە عێراق ببێت بە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە تایبەتی دوای ئەوەی زانای ئەتۆمیی ئێران، موحسین فەخریزادە رۆژی ھەینی رابردوو لە تاران تیرۆرکرا و لەئێستادا رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و سوپای پاسداران ھەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لەو کەسانە دەکەن کە موحسین فەخریزادەیان تیرۆرکردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جواد زەریف رایگەیاندووە، ئاماژەی جددی ھەیە لەسەر ئەوەی کە ئیسرائیل رۆڵی ھەبووە لە تیرۆرکردنی موحسین فەخریزادە.

چاودێران وای بۆ دەچن کە رەوتی سەدر بەھۆی سەرکەوتکردنی خۆپیشاندانەکانی عێراق بە تایبەتیش سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ناسرییە، زۆرێک لە جەماوەرەکەی لەدەستداوە.

بۆیە ئاماژە بەوە دەکرێت کە چانسی موقتەدا سەدر لە سەرکەوتن لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا، زۆر کەمبووەتەوە کە ئەوەیش لە بەرژەوەندی ھێزەکانی دیکەی شیعەدایە کە رکابەری موقتەدا سەدر دەکەن و ھیچ دەستوەردانیان نەکردووە لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی سەدر.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın