سياسەت

گۆڕان:" لە گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی خاڵی ھاوبەشمان زیاترە"

ـ ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی گۆڕان لەگەڵ پارتی، ئاراس وەلی رایگەیاند لەو کۆبوونەوانەی تائێستا لەنێوان ھەردوولا ئەنجامدراون خاڵی کۆک و ھاوبەشیان زیاترە و بەمزووانەش لیژنە ھاوبەشکانی نێوانیان دەست بە کۆبوونەوەکانیان دەکەن.

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 18.01.2019
گۆڕان:" لە گفتوگۆکانی پێکھێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی خاڵی ھاوبەشمان زیاترە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

ئەندامی شاندی گفتوگۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاراس وەلی رایگەیاند لەچەند رۆژی داھاتوودا لیژنە ھاوبەشکانی نێوان گۆڕان و پارتی دەست بەکارەکانیان دەکەن لەسەر وردەکاری پێکھێنانی حکومەتی نوێ ، ئاماژە بەوەش دەکات لە کۆبونەوەکانی نێوانیان خاڵی ھاوبەشیان زیاترە.

ئاراس وەلی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" لە دواین کۆبونەوەمان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ( رۆژی دووشەمەی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو) دوو لیژنەمان پێکھێناوە، یەکەمیان تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارنامەی حکومەت کە رەنگە ئەرکی ئەم لیژنەیە درێژە بکێشێت لەگەڵ لایەنی تریش کە بێنە نێو حکومەت ، بۆ ئەم لیژنەیە بنەمای سەرەکی ئێمە ئەوەیە ئەو کۆڵەکە سەرەکییانەی ئێمە بڕوامان پێیەتی و پڕەنسیپ و کارکردنی ئێمەیە لە حکومەت بتوانین لە کارنامەی ئەم حکومەتەدا جێگای بکەینەوە لە پرسی نەوت و پێشمەرگە و جۆری کابینەی حکومەت".

ئەو ھەروەھا گوتی:" لیژنەی دووەم پەیوەستە بەوەی بە چ پێوەرێک ئێمە و لایەنی تر لە کابینەکەدا چ پۆستێک وەرگرن ، لە زۆربەی زۆری وڵاتان پێوەرێک دادەنرێت بۆ دیاری کردنی بەھای وەزارەت و پۆستەکان ، بۆیە دەبێت لە دابەشکردنی پۆستە سیادی و خزمەتگوزارییەکان پێوەرێک ھەبێت و بگەڕێینەوە بۆ ئیستحقاقی ھەڵبژاردن ".

ئاراس وەلی کە بۆخۆی ئەندامی یەک لەو لیژنانەی حزبەکەیەتی باس لەوەش دەکات، بڕیاربوو لیژنەکان لەپێش ھاتنی ساڵی نوێ بەشێوەیەکی دووقۆڵی کۆبونەوەی خۆیان بکەن بەڵام بەھۆی چەند ھۆکارێکەوە ئەنجام نەدران، چاوەڕوان دەکەن لەم چەند رۆژەى داھاتوودا ئەو کۆبونەوانە بەڕێوە بچن و دەست بەکاری خۆیان بکەن.

وەلی ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبونەوەی داھاتووی شاندی دانوستانکاری ھەردوولا پەیوەستە بە تاوتوێکردنی ئەنجامی کاری ئەم لیژنانە و زۆر بابەتی تر ، ئەو گوتی:" بنەما سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئێمە ئەگەر بەشداری حکومەت دەکەین چ جۆرە بەشدارییەک دەکەین و ھاوبەشییەکەمان چۆنە و دەسەڵاتەکەمان چۆنە، لە ھەمووشی گرنگتر ئەوەیە کارنامەی حکومەتەکە چۆنە و سەقفی زەمەنی دابنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، بنەماکەی تریان ئەوەیە کە نابێت ھاوشێوەی ھەڵبژاردن لە بەشداری کردنی حکومەتیش ستەممان لێبکرێت و پۆستی ھامشی بێت ، بەڵکو دەبێت بە دەسەڵاتەوە لە حکومەت بەشداری بکەین".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان لە ھەمانکاتدا باس لەوەش دەکات کە تائێستا بزووتنەوەکەی بەشێوەیەکی کۆتایی بڕیاری خۆی نەداوە لەوەی بەشداری حکومەت دەکات یان نا و چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەکان و بەرچاوڕونی دەکەن، دواتر بڕیاری کۆتایی لەلایەن جڤاتی نیشتمانی گۆڕانەوە دەدرێت.

سەبارەت بە دەنگۆی ئەو پۆستانەی لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت دیاری کراون، ئاراس وەلی لە وەڵامدا گوتی:" لە میانی کۆبوونەوە و گفتوگۆکاندا دوو وەرەقەمان داوەتە شاندی دانوستانکاری پارتی ، یەکەم تایبەتە بە بنەما سەرەکییەکانی کارکردنی حکومەت ، بابەتی دووەمیش تایبەتە بەو ئیستحقاق و پشکەی ئێمە لە حکومەت وەری دەگرین ".

ئەو باس لەوەش دەکات، تائێستا لە میانی ئەو کۆبونەوانەی لەگەڵ شاندی پارتی ئەنجامیانداوە خاڵی ھاوبەش و کۆکیان زیاترە و لەسەر چەند پرسێکیش بۆچونی جیاوازیان ھەیە و چاوەڕوان دەکەن لە ئەنجامی کۆبونەوەکان بگەنە ئەنجام .

لە بارەی پرسی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش کە لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان خاڵی ناکۆکی نێوان ئەم لایەنە بوو، ئەندامەکەی شاندی گفتوگۆکانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی:" پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم پرسێکە دەکەوێتە ئەستۆی کابینەی نوێی حکومەت و پەرلەمان کە چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە لە بابەتی دەسەڵاتەکان و پێگەی سەرۆکی ھەرێم لە حوکمڕانی وڵاتەکە ، ئێمە پڕۆژەمان ھەبووە و کارمان لەسەر کردووە و بابەتێکی گرنگە بەلای ئێمەوە تاوەکو حوکمڕانی ئەم وڵاتە بەھێز بکات ، پێویستە ھەموولایەکیش جۆرێک تێگەیشتنی ھاوبەشمان ھەبێت بۆ ئەوەی دوورکەوینەوە لەو دۆخەی پێشتر ھەمانبوو ".

ئاراس وەلی ئەوەشی گوت:" دواکەوتنی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەت پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و نەبوینەتە ھۆکاری دواکەوتنی ئەو حکومەتە، لەم کۆبوونەوەیەش باس لەوە کراوە و پێویستە گوشار بکرێت لەوەی چیتر لەوە زیاتر پێکھێنانی حکومەت دوانەکەوێت کە زیاتر پەیوەندی بە یەکێتی و پارتی خۆیانەوە ھەیە ، باس لەوەش کراوە تا سەرەتای مانگی داھاتوو دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دیاری بکرێت و کۆبونەوەکان دەستپێبکاتەوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın