سياسەت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

کۆبونەوەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو نزیکەی چوارکاتژمێری خایاند دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان خستەڕوو.

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 15.02.2019
کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

کۆبوونەوەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو نزیکەی چوار کاتژمێری خایاند و دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا گوتەبێژی فەڕمی ھەردوو حزب ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو.

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ، مەحمود محەمەد لە سەرەتای کۆنگرەکەدا دواو گوتی:" لە روانگەی بەخەمەوە بونی دۆخەکە و خەمی ئەوەی دۆخی ئێستای کوردستان لە قۆناغێکداین کە زۆر ھەستیارە و پێویستی بە پەلەکردن ھەیە لە بڕیاردان، بە حوکمی ئەوەی ھەردوو حزب ھەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ھەموو ئەو قۆناغە دەکەن و دەبێت لە خەمی بن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، ئەو لیژنانەی کە پێکھات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەو دیدگا جیاوازانەی لەنێوان ھەردوولا ھەبون، توانرا بەھەوڵ و کۆششی ھەموو لایەنەکان پێشتر زۆربەی کێشەکان چارەسەرکران و ئەمڕۆش شتێک کە مابوو ئەویشمان بە تەوافوق چارەسەر کرد بەوەی ھەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بە پرسی پێکھێنانی حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێم و کەرکوک بە تەوافوق چارەسەر بکرێت".

مەحموود محەمەد گوتی: "ئەوە بۆ ئەوەیە بتوانین لە ئاست خواست و پێداویستییەکانی ئەم قۆناغەدا بین ، بۆیە ئەم رەشنووسەی کە ئامادە کراوە سبەی یەکێتی کۆبونەوەیان ھەیە و بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدرێت، ھەروەھا ئێمە لەلای خۆمانەوە کۆتایمان پێھێناوە ، دوای ئەوان لە رێوڕەسمێکدا ئەو رەشنووسە واژوو دەکەین ".

ئەو ھەروەھا گوتی:" پارتی بە پاکێجی یەکێتی رازی نەبووە و یەکێتیش بە پاکێجی پارتی رازی نەبووە، ھەردوولا پاکێجی خۆمان ھەبووە ، لە ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستانی ھەردوولا گەیشتوینەتە رەشنووسێکی ھاوبەش و دیدگای ھاوبەشی ھەردوولا بۆ رێكکەوتن ، کۆی کێشەی کەرکوکیش کێشەیەکە کە پەیوەندی بە ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی ناو کوردستانەوە ھەیە ، خەڵک کە ساڵانێکی زۆرە قوربانی بۆ کەرکوک دەدات مافی ھەیە قسە لەسەر کەرکوک بکات ، بۆ پرسی پارێزگاری کەرکوکیش کۆمەڵێک بابەت ھەیە کە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن ، پارتی ھەموو ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بەوەی یەکێتی لە بابەتی سیاسیدا زیان نەکەن لەوەدا بە دڵنیاییەوە لەبەرچاو دەگیرێت".

گوتەبێژەکەی پارتی باسی لەوەش کرد، سبەی لەگەڵ شاندی بزووتنەوەی گۆڕانیش کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی رەزامەندی و تەواوبونی ئەو پڕۆژە دوو قۆڵییەی نێوانیان دەکەن لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە .

لەلای خۆیەوە گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ، سەعدی ئەحمەد پیرە لە بارەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک گوتی: "لە کۆبونەوەو رێکكەوتنی ئێمە و پارتی لە رۆژی پێنجی ئەم مانگە باسمان لە شوێنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک نەکردووە و ئەوە جێھێڵدراوە بۆ ئەنجوومەنەکە خۆیان کە کوێیان بەلاوە باشە لەوێ ئەنجامی بدەن ، بەلای ئێمەوە رێکكەوتنەکە پیرۆزترە نەوەک شوێنی کۆبوونەوەکە".

سەعدی پیرە گوتی:" ئێمە ھەر لایەکمان بۆچون و پاکێجی خۆمان ھەیە ، بەڵام لێرە باسی ئەوە دەکەین چۆن بتوانین کار بکەین لە داھاتوودا ، بۆیە نە ھەموو پاکێجی ئێمە و نە ھەموو پاکێجی ئەوان ، لەناوەڕاستدا گەیشتووینەتە ئەوەی کە ئەوەی پەیوەستە بە پارێزگاری کەرکوک بە تەوافوق و رازی بونی پێکھاتەکان دایبنێین ، ئەو پارێزگارەش بۆ ئەوەی بتوانێت ئیشەکانی خۆی بکات دەبێت ھەموو لایەنەکانی تریش پشتیوانی بکەن ، ئەمڕۆ کەرکوک یەکێکە لە شارە نائاساییەکانی کوردستان و ئاسایی کردنەوەی ئەو دۆخە بەندە بە تەوافوقی ئێمە وەک یەکێتی و پارتی و بەندە بە یارمەتیدانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک و پارێزگارەکەی لەلایەن یەکێتی و پارتی ".

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، پرسی پۆستی وەزارەتی داد لە حکومەتی عێراق دراوەتە مەسعود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی .

گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، حزبەکەی بە ھەستکردن بە لێپرسراوێتی خۆی بەشداری کۆبوونەوەی ١٨ی ئەم مانگەی پەرلەمانی کوردستان دەکات.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسی حزبەکە، فازڵ میرانی و ئەندامێتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزبەکە، رۆژ نووری شاوەیس، ھۆشیار زێباری، جەعفەر ئیبراھیم، مەحموود محەممەد، عارف تەیفوور ، زەعیم عەلی گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە شاری سلێمانی و لەگەڵ شاندی دانوستانکاری ئەو حزبە کە پێکھاتون لە قادر حەمەجان ، عومەر فەتاح، ئەرسەلان بایز،سەعدی ئەحمەد پیرە، عیماد ئەحمەد، شۆڕش ئیسماعیل، رزگار عەلی و باڤێڵ تاڵەبانی دەستیان بە کۆبونەوە کرد.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.