سياسەت

کورد لەنێوان ململانێی ئەمریکا و ئێراندا

- چاودێرانی سیاسیی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان وا دەکات کە سەقامگیریی بگەڕێتەوە ناوچەکە، هەروەها پێیان وایە کە ئیرادەیەک هەیە دەیەوێت عێراق لەم بارودۆخە دووربخاتەوە.

Heman Husseın Yaseen   | 10.01.2020
کورد لەنێوان ململانێی ئەمریکا و ئێراندا

Arbil

هەولێر - AA

چاودێرانی سیاسیی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بێلایەنیی هەرێمی کوردستان وا دەکات کە سەقامگیریی بگەڕێتەوە ناوچەکە، هەروەها پێیان وایە کە ئیرادەیەک هەیە دەیەوێت عێراق لەم بارودۆخە دووربخاتەوە.

شارەزایەکی سیاسیی پێی وایە کە ململانێیەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ناسەقامگیری عێراق کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبێت و بێلایەنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارودۆخەی ئێستای عێراق بە هەڵوێستێکی ئەرێنی وەسف دەکات و ئاشکرایشی دەکات کە پێویستە هەرێم بەشێک بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان.

شارەزای سیاسیی دکتۆر عەبدولحەکیم خەسرۆ لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناسەقامگیری عێراق کاریگەری لەسەر ئابووری وڵات دەبێت، چ لە بابەتی خۆپێشاندان یان ئەو بارودۆخە ئەمنییەی لە عێراق هەیە کە کاریگەری کردۆتە سەر هەموو سێکتەرەکان وەکو ئابووری، سیاسیی و وزە و ئەمە حاڵەتێکی گشتییە و ئەوەی گرنگە چۆن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق رووبەڕووی ئەو قەیرانە ببنەوە و چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە، بێلایەنی هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی ئەرێنیی دەبێت لەوەی کە دووبارە بارودۆخەکە سەقامگیر بێتەوە و ژینگەیەکی باشیش بۆ ئابووری فەراهەم بێت".

لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و مامەڵەکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە، عەبدولحەکیم خەسرۆ گوتی: "ئەو پرسانەی کە پەیوەستن بە سەروەرییەوە ئەوا عێراق هەموو یەکپارچەیە و ئەوەی کە زۆر گرنگە حکوومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە بێلایەنە و نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەو ململانێیەی ئێران و ئەمریکا کاریگەری هەبێت لەسەر ناوخۆی عێراق چونکە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێک بن لە چارەسەر".

ئەو شارەزایە سیاسییە پێی وایە کە ئیرادەیەک هەیە عێراق دووربخرێتەوە لەو ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران و لەمبارەیەوە گوتی: "رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەمریکا و ئێران هەبووە و پێشبینی هەموو ئەگەرێکی لێ دەکرێت، بەڵام ئەوەی کە هەستی پێدەکەین ئیرادەیەک هەیە کە عێراق دووربخرێتەوە لەم کێشەیە و دووبارە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق بگاتە سەر سکەیەکی ئارام".

شارەزایەکی دیکەی سیاسیی پێی وایە کە ململانێی ئێران و ئەمریکا مێژوویەکی قوڵی هەیە و پێشی وا نییە کە ململانێیەکە کۆتایی پێ بێت و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەم ململانێیە دوای بەهاری عەرەبی رەهەندێکی دیکەی وەرگرتووە.

راگری کۆلێژی یاسا و رامیاری زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، دکتۆر کەنعان حەمەغەریب عەبدوڵڵا سەبارەت بە ململانێیەکی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران رەهەندێکی مێژوویی هەیە و لە ساڵی ١٩٧٩ بەدواوە ئەم ململانێیە بەردەوامە، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ و پڕۆسەی رزگارکردنی عێراق و ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا روویاندا بابەتەکە زیاتر ئاڵۆزبوو، دواتر لە بەهاری عەرەبیدا کۆمەڵێک رەهەندی تازەی وەرگرت".

دکتۆر کەنعان حەمەغەریب گوتیشی: "لەم چەند رۆژەی رابردوودا بینمان بابەتەکە تەسعیدێکی زۆری بەخۆوە بینی ئەویش بەهۆی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمریکا و دواتر کاردانەوەی ئێران بە مووشەکبارانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، باس لەوەبوو کە دۆخەکە بەرەو ناسەقامگیرییەکی زۆر دەرۆیشت، بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە ئەمریکا ئامانجەکەی پێکاوە و ئێرانیش کاردانەوەکەی خۆی هەبووە بۆیە هەست دەکەین بابەتەکە بەرەو دانوستان و گفتوگۆ دەچێت".

ئەو شارەزا سیاسییە پێی وایە عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕوات و لەمبارەیەوە گوتی: "عێراق بە دۆخێکی ناسەقامگیری دا تێپەڕبووە، حکوومەتێکی کاربەڕێکەری هەیە، دامودەزگاکانی دەوڵەت پەکی کەوتووە، عێراق بەرەو چارەنووسێکی نادیار دەڕوات، روون نییە کەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، روون نییە داوا لە کێ دەکرێت کە حکوومەتێکی تازە پێکبهێنێت، هەموو ئەوانە پێمان دەڵێن کە داهاتووی عێراق زۆر ناڕوونە و کێشەکان بەرەو خراپی دەڕوات و ئەمەش کاریگەری ئابووری و سیاسیی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت".

دکتۆر کەنعان حەمەغەریب گوتیشی: "هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی قورسدایە و لەگەڵ ئێران دراوسێین و هەرێمی کوردستانیش هاوپەیمانێکی ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانە، لەم نێوەندەدا پاراستن و راگرتنی باڵانس قوڕسە، بەڵام وەک دەیبینین لەچوارچێوەی بەشدارینەکردنی پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغدا و دواتر بەیاننامەی کۆبوونەوەکەی دوێنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان دەیەوێت تەوازونی دۆخەکە رابگرێت و پەیوەندی لەگەڵ ئێران و ئەمریکا تێک نەدات، کار بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە بکات، بۆیە ئەرکی هەرێم قوڕسە".

لەبارەی پێشبینییەکان بۆ ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران، دکتۆر کەنعان حەمەغەریب گوتی: "دوای مووشەکبارانەکەی ئێران هەست دەکەین دۆخەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەڕوات بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئێران لە رێگای ئەو هێزانەی دیکەوە کە پشتیوانی ئێرانن ئایا ئەوان دەستەوەستان دەبن یان نا، پێموایە هەموو ئەگەرەکان لە ئارادایە و دۆخەکە بەرەو باشتر دەڕوات، بەڵام ململانێی ئەمریکا و ئێران بەردەوامە".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın