سياسەت, عێراق

کازمی: "ئەگەر ژیرەکان دەستوەردان لە دۆخی ئێستای عێراق نەکەن لێکەوتەی ترسناکی لێدەکەوێتەوە"

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند،"عێراق گرژیی سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەگەر ژیرەکان دەستوەردان نەکەن، لێکەوتەی ترسناکی لێدەکەوێتەوە".

Sarmand Hameed   | 01.08.2022
کازمی: "ئەگەر ژیرەکان دەستوەردان لە دۆخی ئێستای عێراق نەکەن لێکەوتەی ترسناکی لێدەکەوێتەوە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، "عێراق گرژیی سیاسی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت کە ئەگەر ژیرەکان دەستوەردان نەکەن، لێکەوتەی ترسناکی لێدەکەوێتەوە".

کازمی لەبارەی رەوشی عێراق و خۆپیشاندانەکانی ناوچەی سەوز لە بەغدا، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە، "وێرای گرتنەبەری هەموو رێكکار و رێوشوێنێكی پێویست بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە و پاراستنی ئاسایش و رێگریكردن لە خوێنڕشتنی عێراقییەکان، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین ئارام ببنەوە و گرژییەکان كەم بكەنەوە لەپێناو دەستپێکردنی دەستپێشخەریی بۆ چارەسەرکردن لەسەر بنەمای نیشتمانیی".

کازمی وەک ئاماژەیەک بە ناکۆکی و یەکتر تۆمەتبارکردنەکانی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیی، رایگەیاندووە: "داوا لە هەموو لایەک دەکەم پەنا بۆ تۆمەتبارکردن و زمانی تەخوینکردن و هەڵگیرسانی دوژمنایەتی و رق لە نێوان برایان لە یەک نیشتماندا نەبەن".

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانیی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکات و رایگەیاندووە: "بانگهێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکەم بۆ دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگێکی نەتەوەیی؛ بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی ئێستا، لەژێر چەتری عێراق و میکانیزمەکانی دیالۆگی نیشتمانیی".

کازمی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە و نووسیوویەتی: "پەیامەکەتان روونە و پابەندبوونتان بە هێوربوون و رێکخستنەوە ئەرکێکە و مایەی پێزانینە".

کازمی لە پەیامەکەیدا هەروەها رایگەیاندووە

"ئێستا کاتی ئەوە هاتووە باس لە میکانیزمەکانی دەستپێکردنی پرۆژەیەکی چاکسازیی بکرێت کە لایەنە نیشتمانییە جیاوازەکان لەسەری رێکبکەون و دڵنیام لەوەی عێراق عەقڵانییەت و بوێری پێویستی هەیە بۆ هەنگاونان بە پرۆژەیەکی نیشتمانیی کە وڵات لە قەیرانی ئێستای دەربهێنێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردووەتە کە پێویستە هێزە سیاسییەکان بەرپرسیارێتی نیشتمانی و یاسایی خۆیان لە ئەستۆ بگرن و راشیگەیاندووە کە حکوومەتی کاربەڕێکەری عێراق ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە و تیایدا هاتووە "وێڕای تێپەڕبوونی وادەی دەستووریی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ کە ئەمەش پێشێلکارییەکی دەستوورییە و لەگەڵ هەموو ئەوانەدا ئێمە ئامادە بووین و ئێستاش ئامادەین بۆ پێشکەشکردنی هەموو هاوکارییەک؛ بۆ گەیشتن بە فۆرمولەیەکی چارەسەر کە جێگەی رەزامەندی هەمووان بێت بە جۆرێک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەرژەوەندی خەڵک بپارێزێت".

کازمی لە پەیامەکەیدا سێ داواکاریی بۆ خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە "پێویستە خۆپیشاندەران هەماهەنگیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا بکەن و رێز لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بگرن و چۆڵیان بکەن و پابەندی رێساکانی گشتیی بن".

هەروەها رایگەیاندووە: "پێویستە هێزە ئەمنییەكان بەرگریی لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی و دامەزراوە فەرمییەكان بكەن و بە رێککاری یاسایی رێگریی بکەن لە هەر دەستدرێژیکردنێک کە دەکرێتە سەریان".

سەرۆکوەزیرانی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لە کۆتایی پەیامەکەدا داوای دیالۆگی نیشتمانیی لە هێزە سیاسییەکان کردووە و تیایدا هاتووە: "بانگه‌وازی دیالۆگی نیشتمانی دەکەم له‌ رێگه‌ی پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ک كه‌ نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌خۆ بگرێت بۆ داڕشتنی نه‌خشه‌ رێگایه‌ک بۆ چاره‌سه‌رکردن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın