سياسەت

"پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ توركمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌"

- سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی: "پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ پێكهاته‌ی توركمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌".

Hemn Baban   | 11.02.2019
"پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ توركمان یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌"

Arbil
هه‌ولێر - AA
سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی لە پەرلەمانی کوردستان، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی رایگەیاند "بڕیاره‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم پێش نه‌ورۆز پێكبهێنرێت و 18ی ئه‌م مانگه‌ش په‌رله‌مانی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆده‌بێته‌وه‌".
مونا نەبی قه‌هوه‌چی له‌ لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی له‌ هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لای چه‌ند حزب و پارتێكی سیاسیی توركمانی كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ماڵی توركمانی له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو ئاشكرا ده‌كات و له‌مباره‌یه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌مڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ردانی ئێمه‌یان كرد كه‌ 12 حزب و لایه‌نی سیاسیی توركمانی بووین ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رمان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه‌ و خاوه‌نی كورسین لە په‌رله‌مان، ئه‌وان هاتبوون بۆ زانینی بۆچوونی ئێمه‌ له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان. له‌ راستییدا ئێمه‌ش ئاماده‌یی خۆمان ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی 18ی ئه‌م مانگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ببین".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی گوتیشی: "هه‌روه‌ها ئێمه‌ ئاماده‌یی خۆمان نیشانداوە بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له‌ كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمدا بكه‌ین، داواشمان كردووه‌ پێداگیربن له‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌ی کە دیاریكراوه‌ ئه‌ویش 18ی ئه‌م مانگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و رۆژه‌دا كۆبوونه‌وه‌كه‌ (کۆبوونەوەی پەرلەمان) بكرێت".
سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی دەستەی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی گوتی: "پۆسته‌كان دیاره‌، پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان داوامانكردبوو بۆ پێكهاته‌كان بێت و ئێستا یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌م پۆسته‌یان بۆ پێكهاته‌ی توركمان ده‌بێت".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌باره‌ت به‌ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای ده‌كات "ده‌كرێت كه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌ پێكهاته‌ی توركمانی خۆیان بۆ پۆستی جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێرن و ئه‌و پۆسته‌ له‌نێو په‌رله‌مانی كوردستان یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران".
سەبارەت بە بەشداری نەکردنی بەرەی تورکمانی لەو کۆبوونەوەیەدا، سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی گوتی: "ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خۆیان بكه‌ن، ئێمه‌ ئه‌وانمان بانگهێشت كردبوو كه‌ بێن بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌ك پاكێج و یه‌ك هه‌ڵوێست به‌شداریی بكه‌ین و قسه‌مان هه‌بێت، به‌ڵام نه‌هاتن دیاره‌ خۆیان سیاسه‌تی خۆیان ده‌زانن".
هه‌ڵبژاردن بۆ خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 30ی ئه‌یلوولی رابردوو ئه‌نجامدرا کە تیایدا پارتی دیموكراتی كوردستان، 45 كورسیی به‌ده‌ست هێنا و بوو به‌ هێزی یه‌كه‌م، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، 21 كورسی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش 12 كورسی و كۆمه‌ڵی ئیسلامی، حه‌وت كورسی و نه‌وه‌ی نوێ هه‌شت كورسی به‌ده‌ستهێنا و یه‌كگرتووی ئیسلامییش پێنج كورسیی برده‌وه‌.
هه‌رچی ئه‌و پێنج كورسییه‌ی كه‌ بۆ پێکهاتەی توركمان به‌پێی سیسته‌می كۆتا دیاریكراوه‌ ئه‌وا پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی، دوو كورسی و پارتی چاكسازیی توركمانی، یەک كورسی و به‌ره‌ی توركمانی یه‌ك كورسی و لیستی میلله‌ت-یش كورسییه‌كی به‌ده‌ست هێنا.
له‌مه‌ڕ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌نێو په‌رله‌ماندا سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی روونی ده‌كاته‌وه‌ "دوای كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می په‌رله‌مان پڕۆژه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌بێت هه‌مواربكرێته‌وه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت و دوای ئه‌وه‌ش سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌سێك بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێم رابسپێرێت و ئه‌ویش كابینه‌كه‌ دروست بكات، ده‌كرێت له‌ میانی هه‌فته‌یه‌كدا یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵبژێردرێت".
مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی گوتیشی: "بڕیاره‌ پێش نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبهێنرێت".
سه‌رۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمانی، مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی سه‌باره‌ت به‌ پۆستەکانی پێکهاتەی توركمان گوتی: "ئێمه‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ئاماده‌كردووه‌ كه‌ خۆی له‌ چه‌ندین پۆست ده‌بینێته‌وه‌ له‌وانه‌ پۆستی سیادی، پۆستی خزمه‌تگوزاری و چه‌ندین بریكار و راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌تایبەت له‌و پۆستانه‌ی كه‌ خزمه‌تگوزاریین و داواشمانكردووه‌ كه‌ به‌پێی ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یی مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵدا بكرێت". ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın