سياسەت, عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان ئیدانەی سووتاندنی بارەگای لقی پارتەکەی لە بەغدا دەکات

Sarmand Hameed   | 17.10.2020
پارتی دیموکراتی کوردستان ئیدانەی سووتاندنی بارەگای لقی پارتەکەی لە بەغدا دەکات

Arbil

هەولێر - AA

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە ھێرش بۆسەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا و سوتاندنی ئاڵای کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا رایگەیاندووە "ھێرشی بەشێکی سەرلێشێواو و سەرگەردان لە میلیشیاکان، کە دوورن لە پرنسیپە نیشتمانییەکان و ھەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و، دژ بە دیموکراسیەت و ئازادی، ھێرشیان کردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی و بە شێوەیەکی دوور لە بەھای نیشتمانیی و پێکەوەژیان، بارەگاکە و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیشیان سوتاند".

لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە "لە کاتێکدا بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو کردەوە نا بەرپرسانە دەکەین کە بەرامبەر بارەگایەک کراوە کە تەنیا ئەرکی ئەنجامدانی چالاکی سیاسییە لە چوارچێوەی یاسادا، لە ھەمان کاتدا ھۆشداری دەدەین کە ئەوانەی ناویان لەخۆیان ناوە (ربع اللە) و ھاوکارەکانیان، کردەوەکانیان دوور و نزیک پەیوەندیان بە ئیسلامەوە نییە و ناوی ئیسلام تەنیا بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانیان بەکاردێنن، بەم رەفتارانەیان تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق دەخەنە بارودۆخێکی مەترسیدار و، ھەڕەشەن بۆ ئیستیقراری عێراق و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، حوکمڕانیش بەرەو ھەڵدێر دەبەن".

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرەڕای ئیدانەکردنی ئەم کردەوە ناشارستانییە، داوای لە حکوومەتی فیدراڵی کردووە لە زووترین کاتدا ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگرێتە بەر کە گرووپێکی ناسراون و راگەیاندراویان سەبارەت بە تاوانەکەیان بڵاوکردۆتەوە.

لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "نیگەرانی و دڵگرانی خۆمان دەردەبڕین لە کەمتەرخەمی ئەو ھێزانەی پاراستنی بارەگەکەیان پێسپێردرابوو کە بەداخەوە وەکو پێویست بە ئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵنەستان و ھیچ رێگرییەکیان لە گێرەشێوێنان نەکرد".


١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın