سياسەت, عێراق

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پڕۆژەی لەزگەی تاکسی راگەیاند

بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان سەڵاح جەوهەر: "لەئەمڕۆ پڕۆژەی لێدانی لۆگۆ و رەنگی تایبەت بە تاکسی شارەکان دەست پێدەکات و ماوەی شەش مانگ مۆڵەت دەدرێت بە شوفێران بۆ تەواوکردنی کارەکانییان".

Heman Hussein Yaseen   | 17.11.2019
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پڕۆژەی لەزگەی تاکسی راگەیاند

Arbil

هەولێر - AA

بەڕێوەبەری گشتیی گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە لە ئەمڕۆوە چەسپاندنی لۆگۆ بە تاکسییەکان دەستپێدەکات و، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێویستە شوفێران پابەندی بڕیار و رێنماییەکان بن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوەی ھەرێمی کوردستان سەڵاح جەوهەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لەئەمڕۆ پڕۆژەی لێدانی لۆگۆ و رەنگی تایبەت بە تاکسی شارەکان دەست پێدەکات و ماوەی شەش مانگ مۆڵەت دەدرێت بە شوفێران بۆ تەواوکردنی کارەکانییان".

سەلاح جەوهەر گوتیشی: "پێویستە شۆفێران سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی پارێزگاکانیان بکەن بۆ وەرگرتنی فۆڕمی تایبەت و دەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم لیوا عەبدولقادر عەزیز وەکو نوێنەری وەزارەتی ناوخۆیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە خەریکی ئەو پڕۆژەیەین کە هاووڵاتییان زۆرجار باسی ئەوەیان دەکرد کە کارمەندانی وەزارەتی ناخۆ و پێشمەرگە هەڵدەستن بە کاری شوفێری تاکسی کە ئەمەش رێگاپێدراونییە و ناکرێت کاری تاکسی بکەن و رێگا لە هاووڵاتییان بگرن، بۆیەش ئەم پڕۆژەیەمان خستە واری جێبەجێکردنەوە".

بەڕێوەبەری گواستنەوەی پارێزگای هەولێر عەبدولخالق عەلی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لە شاری هەولێر ٣٥ بۆ ٣٦ هەزار تاکسی هەیە و دەبێت لە ماوەی شەش مانگ کارەکانییان تەواوبکەن، ئەگەریش زانرا کە بەڕێوەبەرایەتییەکان فشارێکی زۆریان دەکەوێتە سەر ئەوا رێگاچارەیەکی گونجاو دەدۆزینەوە".

بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئەمڕۆوە رەنگی لەزگەی تایبەت بە تاکسی بۆ شارەکان جیاواز دەبێت و، هاوکات رۆژی ٨/١٠/٢٠١٩ گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئومێد ساڵح رایگەیاند کە، ئەو پرۆژەیە وەکو سیاسەتی وەزارەتە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی پێشکەوتوو تاکسییەکانی ناوشار و دەرەوەی شارەکان نێوان شارەکان لەیەکتر جیا بکرێنەوە و دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دروستکردنی لیژنە و ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، بڕیار لە جێبەجێکردنی پرۆژەکە درا و پڕۆسەی تەندەری بۆ کرا، ئەو رەنگانەی کە دەستنیشانکراوە، لەزگەی تاکسییەکانی ناو شاری ھەولێر رەنگییان سوور و شاری سلێمانی رەنگی شین و شاری دھۆک رەش دەبێت، ئەوانەی نێوان شارەکانیش رەنگی قاوەیی دەبێت.

هەمان رۆژ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوھەر عەبدۆکا رایگەیاند: "ھەر تاکسییەک، دەبێت سێ لەزگە لەناوەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بدات، ئەم لەزگانە ناو و وێنەی شوفێر و ژمارەی تەلەفۆنەکانی، شوفێر، پۆلیس، ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ئافرەتانی لەسەرە و ھەر کەس لە ھەر حاڵەتێکدا کە ھەست بکات پێشێلکاری بەرامبەری دەکرێت، دەتوانێت وێنەیەکی لەزگەکە بگرێت و سکاڵا بکات.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın