سياسەت

"هێرشەكەی ئێران مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە"

- سیاسەتمدار و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود عوسمان: "ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە ئەو ناوچەیەی هێرشی كراوەتە سەر ناوچەیەكی ئارامە و نزیكی سنوور نییە".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 09.09.2018 - نوێکردنەوە : 17.09.2018
"هێرشەكەی ئێران مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە"

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

سیاسەتمدار و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود عوسمان رایگەیاند، ئەو هێرشە مووشەكییەی دوێنێ لە خاكی ئێرانەوە كرایە سەر بارەگاكانی حزبی دیموكرات لە كۆیە، لێدانە لە هەرێم و زیادەڕەوییە لەسەر خاكی عێراق كە پێویستە حسابی بۆ بكرێت، هەروەها مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە.

مەحمود عوسمان لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئێستادا ئێران هێرش و پەلامارەكانی بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیادكردووە، هێرشەكەی دوێنێی سەر بارەگاكانی دیموكرات لە كۆیەش هێرشێكی گەورە بوو كە بە مووشەك لە ئێرانەوە لێیان درا، لەكاتێكدا بەرپرسانی ئەو حزبە كۆبوونەوەیان هەبووە و بەو هۆیەوە ژمارەیەك بەرپرس و كادیریان شەهیدبوون".

سیاسەتمدار و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەحمود عوسمان گوتی: "ئەوەی روویدا شتێكی گەورەیە، ئێران ئەو سیاسەتانەی هەیبووە زیادی كردووە و بەرەو سەرەوەی بردووە، زۆر بەتوندی گۆڕانێكی نەوعی كراوە، ئەمە لێدانە لە هەرێم و زیادەڕەوییە لەسەر خاكی عێراق كە پێویستە حسابی بۆ بكرێت، بەڵام بەداخەوە لە بەرامبەردا عێراق و هەرێم رۆڵێكی وایان نییە".

سیاسەتمدار مەحمود عوسمان پێی وایە کە هێرشەكان مەترسی بۆسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان دروست دەكەن و مەترسی دووبارە بوونەوەشیان هەیە و گوتی: "ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە ئەو ناوچەیەی هێرشیكراوەتە سەر ناوچەیەكی ئارامە و نزیكی سنوور نییە، ئەوانەشی هێرشیانكراوەتە سەر كۆمەڵێكن كە دانیشتوون و كۆبوونەوەیان هەبووە، لەكاتێكدا ئەوان لەوانە نین كە كردەوەی چەكداری دژی ئێران ئەنجام دەدەن و لایەنی تر هەیە كە ئەو كردەوانە دژی ئێران دەكەن، بۆیە هێرشەكە لە رووی ئاسایش و سیاسییەوە بۆ هەرێم خراپە و مانای ئەوەیە ئێران رێز لەسەروەری و ئاسایشی هەرێم ناگرێت".

لە بارەی پەیوەندی ئەو هێرشانە بە ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و ململانێكانیان لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، مەحمود عوسمان كە لە دوای رووخانی حكوومەتی پێشووی عێراق ئەندامی ئەنجوومەنی حوكم بووە لە عێراق و لە ساڵی 2005یش بۆ دووخولی لەسەر یەك ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بووە لە وەڵامدا گوتی: "بەتوندبوونەوەی ئەو ململانێیانە هێرشەكان زیاتر دەبن، چونكە ئەو ململانێیانەی لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە لەسەر خاكی عێراق زیاتر دەبێت لەنێوانیاندا، كە ئەم كێشانەش زۆر بوو زیانی بۆ هەموو میلـلەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش شتێكی خراپ دەبێت".

پێش نیوەڕۆی دوێنێ‌ شەممە، كۆماری ئیسلامی ئێران بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان ـ ئێرانی لە قەزای كۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەك بۆردومانكرد، ئەمڕۆش هێزەكانی پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی لە راگەیەندراوێكدا كە لە لایەن دەزگاكانی راگەیاندنی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە، وردەكاری هێرشەكەی ئاشكراكرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، هێرشەكە لە رێگەی حەوت مووشەكی زەمین بە زەمین بووە و ئۆپەراسیۆنەكە بە سەركەوتوویی كۆتایی هاتووە لەكاتێكدا سەركردەكانی ئەو گرووپە لە كۆبوونەوەدابوون.

پاسەوانی شۆڕشی ئیسلامی لە راگەیەندراوەكەدا بەتوندی هۆشداری داوە لەوەی ئەگەر چالاكییەكانی گرووپە چەكدارە كوردییەكانی دژی ئێران لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە دژی وڵاتەكەیان بەردەوامییان هەبێت، وەڵامێكی سەختتریان دەبێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın