سياسەت, عێراق

هۆشیار زێباری خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کرد

Sarmand Hameed   | 12.01.2022
هۆشیار زێباری خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کرد

Arbil

هه‌ولێر-AA

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هۆشیار زێباری خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کرد.

بەگوێرەی ئەو هەواڵانەی کە لە میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا بڵاوکراونه‌تەوە، هۆشیار زێباری خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق کاندید کردووە و فۆرمی کاندیدبوونی بۆ ئەو پۆستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕکردووەتەوە.

پێشتر سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی لەبارەی ئەو قسە و باسانەی بەناوی پارتییەوە لەسەر کاندیدی سەرکۆماری عێراق دەکرا رایگەیاندبوو، هەر جۆرە لێدوان و بۆچوونێكی لابەلا و لەژێر هەر ناو و نیشانێک بێت، پەیوەندی بە سیاسەتی پارتییەوە نییە و تەنیا لێدوانی گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان تەعبیر لە سیاسەت و هەڵوێستی ئەو حزبە دەكات.

بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی خۆکاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق له‌ كاتێكدایه‌ تا ئێستا گوته‌بێژی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌مبارەیەوە هیچ راگەیەندراوێکی بڵاونەکردووەتەوە.

لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی ٩ی کانوونی دووەم بەڕێوەچوو، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەکۆمار کردەوە.

بەپێی خاڵی/ب لە بڕگەی دووەم لە ماددەی ٧٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێویستە لە ماوەی ٣٠ رۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرکۆمار لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە دەنگی پێ بدرێت.

لە ماددەی ٦٨ دەستووردا، ئەوە هاتووە کە پێویستە پاڵێوراو بۆ سەرکۆمار چەند مەرجێکی تێدابێت، لەنێویاندا؛ لە عێراق لە دایک بووبێت و دایک و باوکی عێراقی بن، لێهاتوویی تەواوی هەبێت و تەمەنی ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت، ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت و بە پاکێتی و سەرڕاستی و دادوەریی و دڵسۆزیی بۆ نیشتمان ناسراو بێت و حوکم نەدرابێت بە تاوانێک کە لەکەداری بکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın