وەزیری دەرەوە تورکیا، هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد ٣٦هەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەت و حکوومەتەکانی ناتۆ کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، لە ڕووی بەڕێوەچوون و دەرئەنجامەکانییەوە مێژوویی بوو و، ڕایگەیاند: "لە هەمان کاتدا ئەمە بە ڕوونی سەرکەوتنێکی بێوێنەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیایە کە بە سەرکردایەتی سەرکۆمار ئەردۆغان پەیڕەومان کردووە".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرەتە خەبەردا، وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لە بابەتەکانی ڕۆژەڤ کرد.
فیدان باسی لەوە کرد کە میدیا نێودەوڵەتییەکانیش بایەخێکی بێوێنەیان بە لووتکەکە داوە.
هەروەها فیدان تیشکی خستە سەر گلەیی ئەمریکا لەوەی کە بارگرانیی وڵاتانی ئەورووپا لە ناتۆدا هەڵدەگرێت و داواکاری بۆ ئەنجامدانی ڕێکخستنێک لەو بارەیەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئەمریکا ئاسایشی وڵاتە خۆشگوزەرانەکانی ئەورووپا دابین دەکات، ئەوەیش بوونەتە بابەتی گفتوگۆی سیاسیی.
فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێک لەو بابەتانەی زۆرترین باس کراوە دۆسیەی خۆڕاگریی بووە و، گوتی: "سوپاکانی خۆتان ئامادە دەکەن، بەڵام تا چەند تەقەمەنی دەبێت؟ تا چەند میکانیزمەکانی بەرگریی دەبن؟ لۆجیستیک تا چەند باش دەبێت؟ لەبەر ئەوەی هەموو ئەمانە جارێکی دیکە لەو جەنگانەی ڕوودەدەن بینران، بوونە بابەتی ڕۆژەڤ و هەم مەکۆ و هەم چوارچێوەی سیاسی پەیوەست بە پیشەسازی بەرگریی لێرەدا بە ڕاستی زۆر یەکلاکەرەوە بوون".
هاکان فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە پێویستە سەرجەم ئەندامانی ناتۆ بەیەکەوە بڕیار لەسەر داهاتووی هاوپەیمانییەکە بدەن و، ئاماژەی بە گرنگیی ئەو پرسە کرد کە ئایا دۆسیەی ئاسایشی ئەورووپا لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە دەبرێتە پێشەوە، یان لەلایەن وڵاتانی دیکەی ئەورووپاوە کە تورکیایش دەگرێتەوە.
سەبارەت بە لێدوانەکەی ساڵی ٢٠١٩ی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئێمانوێل ماکرۆن کە گوتبووی مەرگی مێشکی ناتۆ بەدیهاتووە، فیدان ڕایگەیاند: "لە ڕاستیدا ئێستا لایەنی سەرەکی لە پشت ئەو ڕستانەی ماکرۆن لەبارەی ناتۆوە خستوویەتیەڕوو، ئەوەیە کە لێرە لە ئەورووپادا ئیدی یەکێتیی ئەورووپا پێشەنگایەتی بکات. ئەی کێن ئەو دوو هێزە گرنگەی یەکێتیی ئەورووپا دوای چوونەدەرەوەی بەریتانیا؟ فەڕەنسا و ئەڵمانیا. ئەڵمانیا زەبەلاحێکی ئابوورییە، فەڕەنساش زەبەلاحێکی سەربازییە. بۆیە دەتوانین لەوێدا حەز یان ستراتیجی فەڕەنسا ببینین بۆ بوونی ناوچەیەکی نوێی ئەمنیی کە خۆی پێشەنگایەتی بکات".
فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکرایناوە وانەی ئەوە وەرگیراوە کە هەردوو باڵی ناتۆ پێویستیان بەیەکتر هەیە و، گوتی: "سەرەتا ئەمریکا گوتی من بە ڕاستی دەمەوێت بارگرانییەکە دابەش بکەم، نامەوێت هەمووی هەڵبگرم. باشە ئەورووپییەکان ئەمەیان گرتە ئەستۆ، لێرەدا باجدانێک هەیە، چونکە بۆ سیاسییەکان بڕیارێکی قورسە. بڕینی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتیی و سەرەکییەکان و تەرخانکردنی بوودجە بۆ بەرگریی، ڕەنگە ببێتە یەکێک لەو بوارانەی هەر دەسەڵاتێک لە خاڵێکدا ڕووبەڕووی کێشە بکاتەوە، بەتایبەت لە ئەورووپادا".
سەبارەت بە زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی ئەندامانی ناتۆ و واژوو کردنی ڕێککەوتنی نوێی دابینکردنی زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلاری لە ڕاگەیاندراوی کۆتایی لووتکەی ئەنقەرەی ناتۆ بۆ کاریگەری لەسەر پیشەسازی بەرگریی تورکیا، فیدان ڕایگەیاند: "پێموایە ئەگەر ئەم بڕیارانە بە باشی بەرەوپێش ببرێن، بە ڕاستی کاریگەری زۆر ئەرێنییان دەبینین. یەکەم لە دوو گرنگترین بواری پیشەسازییەکە کارکردنی بێوچانی زنجیرەکانی دابینکردنە، کە کەرەستەکانی وڵاتانی دیکەش دێنە ناو ئەم زنجیرانەی دابینکردنەوە. پێویستە کێشە لەم بابەتەدا نەبێت. دووەم نەبوونی کێشەیە لە چوونە ناو بازاڕەوە. ئەگەر وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە کۆببنەوە و بەم تێگەیشتنەوە ئیکۆسیستمێکی پیشەسازیی بەرگریی گەورەی لەم شێوەیە دابمەزرێنن، ئەوا هیچ کێشەیەک نە لە دابینکردن و نە لە بازاڕدا نابێت. بۆیە توانای بەڕێوەچوون و بەردەوامی خودی پیشەسازییەکە دەردەکەوێت. ئەگەرنا دەبێت بە بەردەوامی پشتیوانی دارایی بکرێت. ئەم پشتیوانیکردنە بەردەوامە داراییەش دۆخێک نییە کە هەر وڵاتێک بتوانێت بە تەنیا لەئەستۆی بگرێت".
فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەو سیاسەتانەی تورکیا پەیڕەوی دەکات دەرئەنجامی ڕاست و دروستیان لێکەوتووەتەوە، ناتۆ کاتێک لە جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا دەڕوانێت، دەبینێت پێویستی بە چییە. کاتێک تەماشای نموونەی تورکیا دەکات دەبینێت چۆن دەکرێت ئەم پێداویستییانە بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەو کارانەی تورکیا بە تەنیا لە بواری پیشەسازی بەرگرییدا ئەنجامی داون، بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەو بیرۆکەیەی کە هاوپەیمانێتییەکەش دەتوانێت زۆر بە ئاسانی ئەمە ئەنجام بدات و پێویستیشە ئەنجامی بدات.
گوتیشی: "لە ڕاستیدا تورکیا لەم ڕوانگەیەوە کە بووە بە نموونە، هاوکارییەکی زۆر جددی پێشکەش بە ناتۆ کردووە".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی سەرکۆمار ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد پێویستە سەردانە فەڕمیەکەی سەرۆکی ترەمپ بۆ تورکیا لە حەوتی تەمووزدا لە لووتکەی ئەنقەرەی ناتۆ جیا بکرێتەوە، ئەوەیشی خستەڕوو کە بە درێژایی بەرنامەکە دیالۆگێکی نزیکەی شەش کاتژمێری هەبووە.
فیدان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ترەمپ خۆی ئاماژەی بەوە کرد کە لەبەر سەرکۆمار ئەردۆغان هاتووەتە لووتکەکە و، گوتی: "ئەو خۆی ئەمەی گوت، ئەمەش لایەنێکی گرنگە. ئێمە زۆربەی کات باس لەوە دەکەین، هەندێک لایەن پێداگری دەکەن لە تێنەگەیشتن لێی، بەڵام سەرکۆمارمان بە سەرکردایەتیە درێژخایەنەکەی و پێگەی لە نێوان سەرکردەکانی جیهاندا و وێنەی تورکیا، ببینن چی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە. سەرکردایەتییەکی بەم شێوازە بەهێز، ئێستا بووەتە بەهایەکی نیشتمانیی تورکیا و توانایەکی نێودەوڵەتییمان. ئێستا ئەمە هاوکارییەکی بێوێنەیە بۆ دیپلۆماسیی تورکیا. دەربڕینی ئەمەش لەلایەن ترەمپەوە لە ڕاستیدا بە شێوازێک ئەمە دەچەسپێنێت".
بە ئاماژەکردن بەو گرنگییەی ترەمپ بە پەیوەندییەکانی لە ئاستی سەرکردە بۆ سەرکردە لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغاندا پێشکەشی دەکات، فیدان باسی لەوە کرد کە ئەمە ڕەنگدانەوەی بەسەر حکوومەت، سیستمی ئەمریکا و تورکیادا هەیە.
فیدان باسی لەوە کرد لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەدا هەردوو سەرکردە پێداگریی خۆیان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و تورکیا لە سەرجەم بوارەکاندا نوێ کردووەتەوە و، ڕایگەیاند: "پێداگرییەکان لەسەر نەهێشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان نوێ کرانەوە. وەک وەزیرەکان ئەرکێکی گەورە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو دەکەوێتە سەر شانمان لەم بابەتەدا".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، باسی لەوەیش کرد کاتێک ترەمپ لە تورکیا بوو، دەرفەتی گفتوگۆکردنیان لەسەر بابەتە زۆر گرنگەکانی وەک دانوستانە بەردەوامەکان لەگەڵ لوبنان، فەڵەستین، سووریا و ئێران لە ناوچەکە و جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا و، ڕایگەیاند: "لە هەموو ئەمانەدا ئەمریکا هاوشێوەی تورکیا کاراکتەرێکی سەرەکییە و هەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو سەرکردەکە لەم بابەتەدا و کارکردنیان بە تێگەیشتنێکی هاوبەش، لە ستراتیجییەکی زۆر گرنگدایە. بە بڕوای من لایەنی دووەمی گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە وەڵامی هاوبەشی سەرکردەکانمان بوو بۆ پرسی ئەوەی لە کوێی کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانداین و ئەو یەکڕیزیی تێگەیشتنە بوو کە لێرەدا بنیاتنرا".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد بۆ ماوەیەکی درێژە لە ئەمریکا و ئەورووپادا چەندین سزای ڕاگەیاندراو و ڕانەگەیاندراو دژ بە تورکیا هەن و، کۆمەڵێک کاری دیپلۆماسیی زۆر جددیان هەیە بۆ هەڵگرتنی ئەم سزایانە بە شێوازێکی سیستماتیک، ئیدی لە ئەورووپادا ئەم بابەتەیان لە بوونی بە کێشە دوور خستووەتەوە.
هاکان فیدان ئەوەیشی خستەڕوو ئەو بابەتانەی لە ئەمریکا بە بڕیاری کارگێڕی چارەسەر دەکرێن ئیدی لە بوونی بە کێشە دوور کەوتوونەتەوە، بەڵام یەک دوو بابەت هەن کە بە یاسا بەستراونەتەوە و، گوتی: "کاتسا یەکێکە لەوانە. پرسی پێوەست بە F-35یش یەکێکی دیکەیە لەوانە. ئێستا تا ئەو کاتەی ئەم ئیرادەیە لە لای هەردوو سەرکردەکە لە ئارادابێت، ئێمە وەک وەزیرەکان هەنگاوی گونجاو دەنێین بۆ چارەسەرکردنیان. پشتیوان بە خودا لە داهاتوویەکی نزیکدا دەگەینە دەرئەنجامێک، واتە پێموایە کێشەیەک لەم بابەتەدا نابێت".
بە تیشک خستنە سەر ئەوەی تورکیا هاوشێوەی دۆستەکانی، نەیاری زۆریشی هەیە و جاروباریش ڕەنگە نەیاری هەبێت کە حەزیان لێی نەبێت، فیدان گوتی: "بە ڕوونی دەبینین کە هەندێک وڵات لە ئەمریکا چالاکییەکانی لۆبیکردن ئەنجام دەدەن. ئێستا لەو شوێنەی تورکیا متمانەیەکی زۆر بەدەست دەهێنێت و کاریگەری دروست دەکات، ئەوانی دیکەش بە شێوازی جیاواز دەکەونەگەڕ. دەچینە ناو پرۆسەیەکەوە کە تیایدا سیاسەتی ئەمریکا لە نێوان گرنگی تورکیا و هەوڵەکانی ئەو کاراکتەرانەی کاریگەری نەرێنییان لەسەر هەیە، لە ناو دووڕیانێکدا دەمێنێتەوە. بەڕێوەبردنی ئەمەش کاری دیپلۆماسییە، خۆی ئێمەش بۆ ئەمە لێرەین. پشتیوان بە خودا ئەم بابەتە بە شێوازێکی زۆر باشتر چارەسەر دەکەین".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد وڵاتان یەک بە یەک هەڵوێستەکانیان لەم بابەتەدا دەگۆڕن و، ڕایگەیاند: "چونکە هاوبەشییەکی بەنرخ و زۆر جددی کە لە سەرجەم بوارەکاندا پێشکەشمان کردووە، هەیە. تورکیا وڵاتێکی متمانەپێکراو، بەهێز و کاریگەرە لە ناوچەکەیدا. واتە ئەگەر ئێوە لەگەڵ وڵاتێکی لەم شێوەیەدا نەبنە هاوپەیمانی هاوبەش، لەگەڵ کێدا دەبن؟"
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، وەک خاڵی دووەم ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان سیاسەتی گونجاو گەشەپێدەدەن و، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە وڵاتان لەوە تێبگەن کە تورکیا هەرگیز بە هیچ شێوەیەک لە ئاسایشی نیشتمانیی خۆی سازش ناکات.
هاوکات فیدان ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا بە نێوەندگیریی پاکستان لە سویسرا واژو کراوە، ڕایگەیاند: "کاتێک تەماشای ئەو لێکتێگەیشتنە و ئەو ١٥ ماددەیە دەکەین، لە ڕاستیدا چەندین مژار هەن کە بە دەستەواژەی گشتی نووسراون. لە ئێستادا پرسی کردنەوەی گەرووەکە یەکێک بوو لە مەرجە سەرەکییەکان و لایەنەکان بەم شێوازە هەڵسوکەوتیان کرد".
فیدان ئاماژەی بەوە کرد پێویستە ڕێکخستنی تێپەڕبوون بە گەرووی هورمزدا بە شێوازێک بەسترابێتەوە بە لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە و، گوتی: "بەڕێز عێراقچی (وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی) لە کۆتایی هەفتەدا لە عومان لەگەڵ هاوتا عومانییەکەی (وەزیری دەرەوەی عومان، بەدر بن حەمەد ئەلبوسەعیدی) کۆدەبێتەوە. چونکە کاتێک سەیری گەرووەکە دەکەیت، لە لایەکی ئێرانە و لە لایەکەی دیکەشیدا عومانە. لە ئێستادا ئێران خاوەنی مافی خۆیەتی کە ١٢ میلە لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا. لایەنی عومانیش مافی هەیە و هاوکات لە نێوانیاندا ناوچەیەکی دیکە هەیە کە نزیکەی ٢٠ میل دەبێت. ئێستا کام ناوچە بەکاردەهێنرێت و چۆن بەکاردەهێنرێت، لێرەدا جیاوازییەک هەیە. نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەمەوە. لەم خاڵەوە لایەک پێی وابوو کارێک بەبێ ئاگاداریی ئەو ئەنجام دراوە، لایەکەی دیکەش گوتی ئێران ڕێگری لە تێپەڕبوون دەکات و شەڕ و پێکدادان ڕووی دا".
هاکان فیدان ئەوەشی خستەڕوو کە لایەنەکان لە ئێستادا چوونەتە ناو پرۆسەیەکی بێدەنگییەوە و، گوتی: "بەڵام پێویستە ئەمە سەرلەنوێ ببەسترێتەوە بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشەوە. پێموایە تا کۆتایی هەفتە دەگەینە چارەسەرێک لە پێناو نەهێشتنی ئەم جیاوازییەی تێگەیشتن لە تێپەڕبوون بە گەرووەکەدا".
فیدان باسی لەوە کرد لووتکەی ناتۆ لە ڕووی ڕێکخستن و ناوەڕۆکەوە ڕێکخستنێکی زۆر سەرکەوتوو بوو و، لەلایەن چەندین کەسەوە پیرۆزباییان ئاڕاستە کراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دەرفەتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمیر پوتین و هاوتا ڕووسییەکەی هەبووە، گوتی: "دەرفەتم هەبوو بۆ گەیاندنی پەیامەکانی سەرکۆمارمان. لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەوەی لووتکەی ناتۆ بەڕێوەدەچوو و سەرۆکی ئەمریکاش دەهات، گرنگ بوو هەڵوێستی بەڕێز پوتین بزانین. سەرکۆمارمان دەیویست لەو لایەنەوە بیرۆکەیەکی هەبێت. ئێمە باسی کۆبوونەوەکانمان بۆ سەرکۆمارمان کرد. ئەویش کاتێک لەگەڵ سەرکردە ئەورووپییەکان و بەڕێز سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆبووەوە، لە ڕاستیدا لێکدانەوەی خۆی کرد".
news_share_descriptionsubscription_contact
