سياسەت

هاوسەرۆکانی یەکێتی: "لەگەڵ لایەنەکان دەسازێین بەڵام سازش ناکەین"

بەبۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو پیرۆزبایی ٤٥ ساڵیادی دامەزراندنی پارتەکەیان لە سەرجەم کادران و خەڵکی کوردستان دەکەن.

Rewa Mahmood Hasan   | 01.06.2020
هاوسەرۆکانی یەکێتی: "لەگەڵ لایەنەکان دەسازێین بەڵام سازش ناکەین"

As Sulaymaniyah

هەولێر - AA

بەبۆنەی یادی ٤٥ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی راگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوەو پیرۆزبایی ٤٥ ساڵیادی دامەزرانی پارتەکەیان لە سەرجەم کادران و لایەنگران و خەڵکی کوردستان دەکەن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە لە ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیدا پێكەوە، سەری رێز و وەفا بۆ شەهیدەكانمان نەوی دەکەین، كە لەپێناو سەرخستنی باوەڕە نەگۆڕەكانی یەكێتی بۆ ئاشتی ‌و ئازادی، مافی چارەی خۆنووسین، دیموكراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ‌و دابینكردنی ژیانێكی باشتر بۆ خەڵكی كوردستان، گیانی خۆیان بەخشی.

هاوکات پابەند بوونی ئەم سەرۆکایەتیە نوێیەی یەکێتی دووپات کردۆتەوە بەو دەنگانەی بەدەستهێنراوە لەکۆنگرەی چوارهەمداو دەڵێت،" پابەندبین بەو ئەمانەتە گرنگ ‌و ئەركە مێژووییەی دوای سەركەوتنی كۆنگرەی چوار خراوەتە سەرشانمان. ئێمە لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵێن دەدەین درێژەپێدەری ئەم كاروانە بین، دەسكەوتەكانی بپارێزین ‌و دەسكەوتی زیاتری بخەینە سەر و لەم ساڵیادەدا، بە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێ، پێداگرتر بۆ دابینكردن ‌و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان، خەبات بكەین."

لە راگەیەندراوەکەدا باس لە نسکۆی ساڵی ١٩٧٤ دەکات و دەڵێت،"یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەر بە سروشت پێشەنگە. دوای نسكۆ و بێئومێدی، هیوای بەخشییەوە و شۆڕشی كوردایەتی هەڵگیرساندەوە، بە بڕوایەكی نەگۆڕ، لەپێناو مافی چارەی خۆنووسیندا خەباتی كرد و، تا گەیشتن بە دوا ئامانجیش بۆ هەموو قوربانیدانێك ئامادەیە. وەك چۆن لە رووبەڕووبوونەوەی رژێمی بەعسی دیكتاتۆردا پێشڕەو بووە، لە شەڕی دژە تیرۆریشدا، ئەوە یەكێتی بوو توانی شكست بە تیرۆر بهێنێت ‌و هەوڵی داگیركاری ‌و ئەفسانەكەیان پووچەڵبكاتەوە. لەپێناوی ئایندەی كوردستاندا، یەكێتی هەزاران پێشمەرگە و سەدان فەرماندە ‌و سەركردەی قارەمانی بەختكردووە، هەربۆیەش لەلایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە، نازناوی حزبی شەهیدانی پێ خەڵاتكراوە.

لەبەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا هاتووە،" بە ئامانجی رەوا و خەباتی روونی یەكێتییەكەتان. ئێمە لە یەكێتی نوێ، بە هیواوە لەگەڵتانین، باوەڕمان بە توانای ژنان و مامۆستایان و پیشەوەر و فەرمانبەران و سەرمایەدار و بازرگان و كاسبكارانی بازاڕ و رەنجدەرانی كوردەواری، لاوان و گەنجان و پێگەیشتووانی ئەم گەلە هەیە، كە باری لاری سەرشانی كوردستان ڕاست بكەینەوە و بێ دوودڵی، هەنگاو بەرەو سەركەوتن بنێین. لەم رێبازی چەپكە گوڵەشدا، كە هەڤاڵی كۆچكردوومان مام جەلال بۆی جێهێشتووین، دەرگامان كراوەیە بۆ هەر دۆست و دڵسۆزێك، كە بیەوێت لە رێی یەكێتییەوە خزمەتی نیشتمانەكەمان بكات. ئێمە دەمانەوێت شوێنی شیاو بە كەسی شیاو پڕبكەینەوە و، ژینگەیەكی كاری حزبی و حوكمڕانیی ئەوتۆ بڕەخسێنین، كە تیایدا گەنجان و خاوەن بڕوانامە و پسپۆڕییەكان، خەڵكانی ئاسایی و دڵسۆز، هەموو چین و توێژەكان بێ جیاوازی و بە یەكسانی، بتوانن دەرفەتی پێشخستنی خۆیان و بەرەوپێشبردنی كوردستانیان بۆ بڕەخسێندرێت و هیوایان بەم نیشتمانە، بۆ بگەڕێنرێتەوە."

لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە، لەم ساڵیادەدا، رایدەگەیەنین ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی ده‌مانه‌وێت به‌ سوود وه‌رگرتنی ته‌واو له‌ بنه‌ما فیكری و دامه‌زراوه‌ییه‌كانی سۆشیاڵ دیموكرات و پیاده‌كردنی له‌ كۆی سیستمی حوكمڕانی دا، كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و، ئه‌و واقیعه ‌بخوڵقێنین كه ‌رۆحی شه‌هیدان و ویژدانمان ئاسووده ‌ده‌كات. كوردستانێك بنیادبنێین، كە تیایدا ماف و ئەركەكان دادپەروەرانە و بەهاوسەنگی دابەشكرابن. قۆرخی سیاسی و ئابووری نەهێڵین و، حوكمڕانییەكی بەرپرسیار و پارێزەری مافی هاووڵاتی دروست بكەین. ژیانتان ئاسان و خۆشگوزەران بێت و، نەهێڵین چاوچنۆكیی سیاسی، قەیران لە دوای قەیران بنێتەوە. بڕوای تەواومان بەوەیە كە شاڕێی گەیشتن بەم ئامانجانە، دروستكردنی باڵانسی هێزە، رێزگرتنە لە پێگەی هاووڵاتی و ماف و لە ئازادییەكان، پابەندبوونە بە دەسەڵاتی دامەزراوەكان و، ملكەچكردنە بۆ سەروەریی یاسا لە هەموو ئاستەكاندا."

هاوسەرۆکانی یەکێتی هەروەها پەیوەندیدار بە دۆخی هەرێمی کوردستانیشم ويڕای جەخت کردنەوە لە داواکاری لامەرکەزی بۆ هەريمی کوردستان، ئەو هەنگاوەیان بۆ زیادبوونی كارایی حكومەت و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان باس کردووە و دەڵێن: "تا داڕشتنی دەستوورێكی گەلپەسەند بۆ هەرێم، هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان، كارایی بۆ حكومەت و بە نیشتمانیكردنی هێزە چەكدارەكان، لەم قۆناغەدا جێبەجێكردنی پرۆژەی (لامەركەزیی ئیداریی و دارایی بۆ كوردستان) به‌ پێویست ده‌زانین. هەروەك لەرێكەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و كارنامەی حكومەتی هەرێمیشدا هاتووە، دەستوور، یاسا، جەماوەر و خواستی زۆرێك لە حزبەكانی تریش پشتیوانی لەم پرۆژەیە دەكەن. هەر بۆیە هەموو رێكارێكی سیاسی، یاسایی، ئیداری و مەدەنی بۆ پشتیوانیكردن لە لامەركەزیی، دەگرینەبەر كە بێگومان دەبێتە هۆی زیادبوونی كارایی حكومەت و بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان. بەكردەوە بەڵێنی ئەوەتان بۆ دەسەلمێنین كە یەكێتی حزبی خەڵكە و، بێ لەبەرچاوگرتنی هەڕەشە و گوشار و بەرژەوەندیی تایبەت، بەرگریكردن لە ماف ‌و بەرژەوەندییەكانتان بە ئامانجی باڵای خۆی دەزانێت ‌و بەرپرسیارە، كە خەباتی بۆ بكات. ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەرگامان كراوەیە بۆ هەموو كەس ‌و حزب ‌و لایەن ‌و جووڵانەوەیەك، تا لەسەر بەرژەوەندییە گشتییەكانی خەڵكی كوردستان، دەست لەناو دەست ‌و لەپێناو ئایندەیەكی باشتر، تێبكۆشین. دەمانەوێت لە ناوخۆی هەرێم لەگەڵ هەمووان كۆدەنگ بین. هەر هێزێكی سیاسی، بۆ بنیاتنانەوەی كوردستان لەگەڵمان بێت، دەستی هاوكاریی دەخەینە ناو دەست".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، باس لە پەیوەندی ئەو پارتە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، جیهان و هەروەها ‌کوومەتی ناوەندی و لایەنە سیاسییەکانی ناو هەرێمی کوردستان دەکات و تێدا هاتووە: "لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ‌و ناوچەكە، پەیوەندیی دراوسێیەتیی باش درێژە پێدەدەین ‌و، لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان، بۆ پاراستنی مافەكانی گەلەكەمان، كار دەكەین. لەگەڵ هێز ‌و لایەنە عیراقییەكان و پرۆسەی سیاسیی وڵات دەسازێین، بەڵام سازش ناكەین لەسەر ماف ‌و دەسكەوتەكان، كە بە خوێنی دەیان هەزار قوربانی بەدەستهاتوون. یەكێتی بەردەوام دەبێت لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان، لە پارێزگاریكردن لە مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان ‌و، لە خاوەندارێتیكردن لە كەركوك ‌و ناوچە دابڕێنراوەكان، بەپێی ماددەی 140 لە دەستووری وڵات خەبات دەكەین بۆ زامنكردنی یەكلاكردنەوەی كوردستانیبوونی چارەنووسیان. ئێمە باوەڕی تەواومان وایە تا كوردێك لە كەركوك مابێت، یەكێتی دەمێنێت ‌و تا یەكێتیش بمێنێت، بەرگریی دەكات لە كەركوك ‌و تەواوی خاك ‌و خەڵكی كوردستان. لێرەوە یەكێتی پێداگر ‌و پشتیوانە بۆ سەرخستنی دانوستانەكانی نێوان هەرێم ‌و بەغدا، لەسەر مووچە ‌و بودجەی هەرێم ‌و، لەسەر یەكلاكردنەوەی چارەنووسی خاك ‌و سنوور ‌و دەسەڵاتەكانمان، بە پشتبەستن بە بنەما نیشتمانی ‌و دەستوورییەكان".

یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەروەها روو لە ئەندامانی خۆی دەڵێت: "لە چل ‌و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتییەكەتاندا، یاد ‌و تێكۆشانی سەرۆك مام جەلال ‌و سەركردە نەمرەكان و شەهیدەكانمان بەرز دەنرخێنین، پێداگریی دەكەین لەسەر گرنگیی یەكێتیی ناو یەكێتی ‌و دووپاتیدەكەینەوە كە یەكێتی، بە هەمووتانەوە پتەو ‌و یەكێتییە. ئەم رێگەیەش كە ئێمە لە سەركردایەتیی نوێ گرتوومانەتە بەر، هەرچەند پڕ هەوراز ‌و نشێو بێت، بەڵام هەرگیز كۆڵنادەین ‌و بەردەوام دەبین. جێی شانازییشە كە لەم كاروانەدا تەنها نین ‌و دەبینین ئەندامە دڵسۆزەكانی یەكێتی، بە خواستیان بۆ چاكسازی ‌و بە پشتگیرییان لە (خەباتی مافەكان)، لەگەڵمانن ‌و بۆ پاراستنی مافەكانی خەڵك ‌و دەسكەوتەكانی كوردستان، تێدەكۆشن. بۆیە دڵنیاین بە پشتیوانیی ئێوە، بە دروستبوونی كۆدەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكان ‌و، بە یەكدڵی ‌و یەكڕیزیی خەڵكی كوردستان، ئەم كاروانەش دەگاتە ئەنجام ‌و وەك هەمیشە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی پێشەنگ ‌و مێژوویی خۆی دەگێڕێت.

لەکۆتاییدا تەئکید لە ھەڤاڵانی یەکێتی دەکەینەوە کە لەبەر خۆپارێزی و پابەندی بە رێنماییە تەندروستییەکانەوە ھیچ گردبوونەوە و بۆنەیەکی جەماوەری ساز ناکرێت بە سەردانی مەزاری مامی گەورەشمانەوە. ھەڤاڵانی یەکێتی ھاوکار و پێشەنگ دەبن لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان بۆ چاکەی گشتی و پاراستنی میللەتەکەمان. بەتایبەتی لەم شەپۆڵی دووەمی نەخوازراوی کۆرۆنادا. ھیوا دوارۆژی گەش بۆ ھەمووان دەخوازین و دڵیابن لە ئایندەی نزیکدا یادێکی شایستەی جەماوەری لە حزوری مەزاری سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın