سياسەت

نێچیرڤان بارزانی: "وەکو کورد دەمانەوێت کێشەکانمان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکەین"

لە بەردەوامیی چالاکییەکانیدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر" کرد

Sarmand Hameed   | 23.01.2020
نێچیرڤان بارزانی: "وەکو کورد دەمانەوێت کێشەکانمان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکەین"

Arbil

هەولێر - AA

لە بەردەوامیی چالاکییەکانیدا لە کۆڕبەندی ئابووریی جیھان لە داڤۆس، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بەشداری لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی "ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی ناسەقامگیر" کرد کە تیایدا نێردەی تاییبەتی سکرێتری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین پلاسخارت و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری کاروباری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر بەشدار بوون.

ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دانیشتنەکەدا باس لە لێکەوتە درێژخایەنەکانی ئاڵۆزی و پشێوییە بەردەوامەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست وەک سەرچاوەی ترس و نیگەرانییەکی گەورەی جیھانی و ناوچەیی کرا و تیشک خرایە سەر کاریگەریی ستراتیژیی قەیرانی ئێستا لەسەر ئاشتی و سەقامگیری لە کەنداو، عێراق و سووریا.

دەربارەی ڕووداو و پێشھاتەکانی عێراق، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دوو ـ سێ شت ھەیە گرنگە بزانین: یەکەم، دەربارەی ئەوەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە باسی نەوەیەک دەکەین کە تەمەنیان لەنێوان پانزدە ساڵ تا بیست و سێ ساڵە، نە سەددامیان لە بیرە، نە ئەمریکاش، ئەمە نەوەیەکە داوای ژیانێکی باشتر دەکات لە عێراقدا، خۆی لەگەڵ شوێنەکانی دیکە بەراورد دەکات، پێویستی بە سەفەرکردنیش نییە، دەتوانێ ھەر لە سەر ئینتەرنێت و سۆشیاڵمیدیا بزانێ لە دونیای دەرەوە چی ھەیە؟ ئەم نەوەیە ئێستا ماندوو بووە لە حوکمڕانییەکی شانزدە ـ حەڤدە ساڵە کە ناتوانێ کەمترین پێداویستی و خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکات. ئەمە وایکردووە ئەم خەڵکە ماندوو ببێت. ئێمە دەبینین پرۆسەیەک ھەیە ھەر چوار ساڵ جارێک ھەڵبژاردن دەکرێت و دەچن بۆ ھەڵبژاردن، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەی دەردەچێ ئەوە نییە کە ئەم نەوەیە ھیوای بۆ دەخوازێ".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لە ھەرێمی کوردستان ئێمە ناتوانین خۆمان جیا بکەینەوە لەوەی تا ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە. بێگومان ئەوەی لەوێ روودەدات، کاریگەری لەسەر دۆخی ئێمەش ھەیە. ئەوەی ئێستا گرنگە ھەموومان بیزانین، عێراقی پێش ئۆکتۆبەر زۆر جیاوازە لە عێراقی دوای ئۆکتۆبەر، زۆر زۆریش گرنگە سیاسەتمەدارەکانی عێراق ئەوە تێبگەن کە گەلی عێراق جارێکی تر قبووڵ ناکات دۆخەکە بگەڕێتەوە پێش یەکی ئۆکتۆبەر".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە درێژەی قسەکانی رایگەیاند: "گەلی عێراق شایستەی ژیانێکی باشترن و پێم وایە بەو خۆپیشاندانانەی کردوویانە پەیامی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی عێراق گەیاندووە. دەبێ ئێمە ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەین. ئەوەی زۆرم پێ سەیرە، ھەتا ئێستاش باس لەوە دەکرێت کە وڵاتانی دەرەکی دەستیان لە خۆپیشاندانەکانی عێراقدا ھەیە. با ئێمە بڵێین لە سەدا حەفتا خەتای خەڵکی دیکەیە و دەستێوەردانی دەرەکییە، بەڵام سی لەسەد دەبێ خۆمان وەک عێراقی دابنیشین بیر لەوە بکەینەوە کەموکوڕییەکان لە کوێ بوون و ھەوڵ بدەین ئەمانە راست بکەینەوە".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق گوتی: "ڕۆڵی ھەرێمی کوردستان ڕۆڵێکە کە ھەموو ھەوڵی بۆ ئەوەیە دۆخەکە ئارام ببێتەوە، ھەوڵێشمان لەگەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ ئەوەی لەو کێشەیە دەربچین".

لە بەشێکی دیکەدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "با لەو پرسیارەوە دەست پێبکەین: بۆچی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق ھەن؟ ھاتنی ھێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای عێراق بوو کاتێک ساڵی ٢٠١٤ کە داعش لە فڕۆکەخانەی بەغدا نزیک بووەوە، حکوومەتی عێراق لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە داوای یارمەتی کرد. ئەو ھێزانە تا ئێستا لە عێراق ماونەتەوە و یارمەتیی ھێزەکانی عێراقی دەدەن بە پێشمەرگەشەوە، ئەرکیان ڕوون و ئاشکرایە کە ھاوکاریکردنی ھێزە عێراقییەکان و مەشقپێکردنیانە لە شەڕی دژی داعشدا، تا ئێستاش ئەمە بەردەوامە".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی ھێزە بیانییەکان لە وڵات گوتی: "بە بۆچوونی ئێمە ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا کارێکی دروست نەبوو، جارێ دوو پێکھاتەی سەرەکی لە عێراق کە سوننە و کوردن، ھەردوولایان بە ھیچ شێوەیەک پشتگیریی ئەو ھەنگاوەیان نەکردووە. بە بۆچوونی ئێمە عێراق پێویستی بە یارمەتیی نێودەوڵەتی و ئەمریکا ھەیە،‌ چونکە پرسی داعش و سەرھەڵدانەوەی تیرۆریزم لە عێراق پرسێکی زۆر جددییە و پێمان وایە ئەم ئامانجە بەبێ یارمەتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە سەروویانەوە ئەمەریکا بەدی نایەت و پێویستە ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا بمێننەوە".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئەوەی کە جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای دەکات دەست بە دانوستانێک بکرێتەوە، پێموایە ئەوە زۆر ئاسایییە جارێکی دیکەی دانیشتن ئەنجام بدرێت و شێوەی کارکردنی زیاتر لەنێوان ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی ھاوپەیماناندا ڕێکبخرێتەوە، بەڵام پرسی پرەنسیپی مانەوەیان، پێموایە مانەوەیان پێویستە".

نێچیرڤان بارزانی باسی پرسی سووریای کرد و گوتی: "پرسی سووریا پرسێکی زۆر ئاڵۆزە و ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات لە ئەنجامی سیاسەتێکی چەند ساڵەیە کە بە ھەڵە ھاتووە. کاتێک ڕووداوەکانی سووریا دەستیان پێکرد دوو بەرە ھەبوو، بەرەیەکیان زۆر ڕوون بوو کە یارمەتیی بەشار ئەسەدیان دەدا و لە ڕووسیا و ئێران پێکھاتبوو و بە جیددی یارمەتیی سووریا دەدەن، بەرەیەکی دیکە ھەبوو ئەوانیش وڵاتانی ئەورووپی و تەنانەت ئەمریکاش کە نە ستراتیژ نە ڕوانگەیان ھەبوو، ڕۆژێک ھێڵی سوور و ڕۆژێک ھێڵی شین بوو، واتە کەس تێنەدەگەیشت کە چی دەکرێت، بۆیە تا ئێستاش کێشەی سووریا ھەروا بەردەوامە، ھیچ ڕوونییەک نییە ئاخۆ بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ پرسی سووریادا بکرێت، بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە یارمەتیی برایانمان کوردانی سووریا دەدەین تا بە چارەسەرێکی سیاسی لە چوارچێوەی جوگرافیای سووریادا بگەن".

نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی دۆخی عێراق گوتی: "پێموایە کێشەی گەورە لە عێراق ئەوەیە کە “وەلاء” وابەستەیی بۆ وڵاتێک نییە پێی بگوترێت عێراق، دەبینین لە عێراقدا سوننە، شیعە،‌ تورکمان و کرستیان ھەن، خۆ سویسراش بە ھەمان شێوەیە، واتە ئەمانە سویسرین، بەڵام لەلایەک خەڵکانێک بە ئەڵمانی و خەڵکانێکی دیکە بە فەرەنسی و زمانی دیکە قسە دەکەن، کەچی ھەموویان وابەستەی وڵاتێکن کە تیایدا دەژین. پێموایە پرسەکە ئەوەیە کە وابەستەیی نییە، ئێمە دەبێت واقعی بیر بکەینەوە، دەبێت فۆرمۆلێک بۆ ئەو وڵاتە بدۆزینەوە و بزانین چۆن ھەموومان بپێکەوە بتوانین لە وڵاتێکدا بژین کە پێی بگوترێت عێراق. دەبێت عێراق بنەمای کۆکردنەوەی ھەموولایەکمان بێت، ئێمە کۆمەڵگەی زۆر جیاوازین، بەڵام پێموایە جوانیی عێراق لەوەدایە کە کوردمان ھەیە،‌ عەرەبمان ھەیە، مەسیحیمان ھەیە، تورکمان، ئێزدی و سائیبەمان و ..ھتد، ھەموو ئەوانەمان ھەیە. دەبێت ئیمە ھەموومان بۆ خۆمان شتێک بدۆزینەوە کە بتوانین لەسەری ڕێککەوین، پێموایە ئەو شتە دەبێت عێراق بێت".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "وەکو کورد دەمانەوێت کێشەکانی خۆمان لە چوارچێوەی عێراقدا چارەسەر بکەین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئەگەر لە بەغدا بە چاوێکی دیکە سەیری ئەم پێکھاتانە بکرێت، بێگومان کێشە دروست دەبێت، کێشە لە عێراق لەسەر چی دروست بووە؟ ساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ ئەوەی کە لە فەللووجە ڕوویدا و خۆپیشاندان دەستی پێکرد، ئەوان تەنیا داوای ھەندێک خزمەتگوزارییان دەکرد، بەڵام چونکە پشتگوێ خرا، لە ئەنجامدا بووە ھۆکاری ئەوەی داعش دروست ببێت. ئەم پێکھاتانە دەبێت خۆیان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا ببینن بۆ ئەوەی ئێمە ھەموومان بتوانین لەسەر ئەوە ڕێککەوین، لەسەر عێراق ڕێککەوین. دەربارەی ئەوەیش کە خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی کرد، دەمەوێ بڵێم: بۆچوونی ئێمە ئێستاش وایە کە عێراق پێویستی بە ھێزەکانی ئەمریکا ھەیە، نەک تەنیا بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ھەموو عێراق، بەڵام لە کۆتاییدا ئێمە بەشێکین لە عێراق".







ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın