سياسەت, عێراق

نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووه‌وه‌

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی: "لەگەڵ حزبەکان ھەوڵی جددی بدەین ئەو کێشانەی لەناو ھەرێمی کوردستان ھەیە کەمی بکەینەوە و ھەوڵیش بدەین لەسەر پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەندێک بیروڕا لەگەڵ حزبەکان ئاڵوگۆڕ بکەین".

Heman Hussein Yaseen   | 04.05.2021
نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كۆبووه‌وه‌

Arbil

هه‌ولێر - AA

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی سەردانی شاری سلێمانی کرد و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم ئامادەی بوون، پرۆسەی سیاسی و دۆخی ھەرێمی کوردستان بەگشتی، پرسی ئامادەکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان، تەحەدییەکانی ئەم قۆناغە و مەترسییەکانی، کێشەکان و پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا، ھەڕەشەکانی داعش، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ کران.

ئەوەشخراوەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پاراستنی ئازادییەکان و تەباییی ناوخۆیی کرایەوە ھاوڕا بوون کە تەحەدییەکان و دۆخی ناوخۆ، عێراق، ناوچەکە و جیھانیش دەخوازێت ھەرێمی کوردستان یەکڕیز و تەبا بێت.

لە بەشێکی ھەواڵەکەدا ھاتووە کە، نێچیرڤان بارزانی دووپاتیکردەوە کە خۆیان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ئامادەن ھەموو ھەوڵێک لەم پێناوەدا بخەنە گەر و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان شوێنی کۆکەرەوەی ھەموو بیروبچوونە جیاوازەکان و لایەن و پێکھاتەکان بێت و ئامانجی ھاوبەشی ھەمووان پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان و باشترکردنی ئەزموونەکەی بێت.

لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەر سەید عەلی و سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە ئەم ھەنگاوانەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیان بە ئەرێنی و جددی لە قەڵەم دا و دوپاتیانکردەوە کە پێویستە لەلایەن ھەموو و ھێز و پێکھاتەکانەوە پشتگیری لەو ھەوڵانە و لەو ئاراستەیە بکرێت کە لە بەرژەوەندیی پرۆسەی سیاسی و ھەموو لایەکدایە.

بەپێی بەشێکی بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لەبارەی پرسی دەستووریشەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەوەی پێویستە ھەرێمی کوردستان خاوەنی دەستوورێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو بێت کە بەشداریی ھەمووانی تێدا بێت و خواست و مافەکانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و ئێستا و داھاتووی وڵات و گەلی کوردستان بپارێزێت و لەگەڵ دنیای پێشکەوتوو بگونجێت. بۆ ئەمەش بە پێوست زانرا دید و بۆچوونی تەواوی لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە ئامادەکردنیدا رەنگ بداتەوە تا دوا جار لە پەرلەمانی کوردستان دەگاتە ئەنجام.

بەپێی ھەواڵەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکەش نێچیرڤان بارزانی لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئامانجی سەردانەکەیان و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاندووە: "ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانمان کرد و دوای ئەوەش سەردانی برادەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەین، سەرێک لە حزبی سۆشیالیستیش دەدەین. وەک خۆتان دەزانن پێشتریش کۆبوونەوەیەکمان لە سەرۆکایەتیی ھەرێم ئەنجام داوە و تیایدا بڕیارمان دا سەردانی حزبەکان بکەین، لەگەڵ حزبەکان ھەوڵی جددی بدەین ئەو کێشانەی لەناو ھەرێمی کوردستان ھەیە کەمی بکەینەوە و ھەوڵیش بدەین لەسەر پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان ھەندێک بیروڕا لەگەڵ حزبەکان ئاڵوگۆڕ بکەین. ھەر بۆ ئەم مەبەستەش ئەمڕۆ لە سلێمانی چاومان بە برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان کەوت و دواتریش یەکێتی لەسەر ھەمان پرس دەبینین".

دەربارەی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان بۆ ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە: "شێوە و سیستمی ھەڵبژاردن بەو شێوەیەک نییە ھەر لە ئێستاوە ھاوپەیمانی دروست بکەی، لەوانەیە ئەوە زۆر دەگمەن بێت، بەڵام بێگومان دوای ھەڵبژاردنیش پێویستە کۆدەنگی ھەبێت، پێویستە ھەموو حزبەکان چوارچێوەیەک بۆ ھاریکاری بدۆزنەوە چونکە ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە ئەگەر پێکەوە بین دەتوانین ھەندێک لەو دەسکەوتانەی خۆمان لە بەغدا جێبەجێ بکەین، بەڵام ئەگەر پەرتەوازە بین بێگومان ھەرێمی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و ھەموو ھەوڵی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش بۆ ئەوەیە بتوانین ئەو یەکڕیزییە دروست بکەین".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın