سياسەت, عێراق

نێچیرڤان بارزانی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی: "ئێمە ئەو ھێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین".

Heman Hussein Yaseen   | 17.10.2020
نێچیرڤان بارزانی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات

Arbil

هەولێر - AA

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە، گرووپێکی خۆپیشاندەر ھەڵیانکوتا سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و بارەگاکەیان سووتاند و ئاڵای حەشدی شەعبیان لەسەر بارەگاکە ھەڵکرد و بەم بۆنەویەوەش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا ئیدانەی کارەکە دەکات و کردەوەکە بە ئاژاوەگێڕی وەسف دەکات.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاندووە کە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ گرووپێکی لەیاسادەرچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی ھێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی ھەڵکراوە.

لە بەشێکی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دا ھاتووە: "ئێمە ئەو ھێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. ھێرش بۆ سەر بارەگای حزبێک کە ھێزێکی سەرەکیی رووخاندنی دیکتاتۆریی بووە لە عێراق، ھێرشە بۆ سەر مێژووی خەباتی ھاوبەشی کورد و ھێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەھێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆریی. ھەڕەشەیە بۆ سەر پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سیاسییە لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، ناکۆکە".

نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاندووە کە، ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و ھێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی ھاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد و دەشڵێت: "ھیوادارین ئەو ھاوبەشییە ھاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی ھەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە و، نابێت ھیچ لێدوان و مشتومڕێک لە ھیچ بوارێکدا ئەو ھاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکھاتەکانی عێراقی تازە تێکبدات، دەبێت ھەموو لایەک ئەو ھاوخەباتییەی رابردوو بەکاربھێنن بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو ھێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت".

لە کۆتاییشدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانی داوای لەھەموو لایەک کردووە کە بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ رووداوەکە دا بکەن و، دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاسایییەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەست پێبکەن و تێکدەران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın