سياسەت, عێراق

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان كۆبوویه‌وه‌

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: "گرنگە میکانیزمێک بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی عێراق ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆريستانی داعش بەتایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان"

Abdulhameed Husseın Karam   | 30.05.2020
نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانان كۆبوویه‌وه‌

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە ھەولێر، لەگەڵ فەرماندەی ھێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا، جەنەراڵ ئێریک ھیل کۆبووەوە.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،‌ شێخ جەعفەر مستەفا ئامادەی بوو، دوایین پێشھاتەکانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھەوڵ و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی، ھەروەھا لێکەوتەکانی بەتایبەتی لە بوارەکانی تەندروستی و ئابووریدا و کاریگەری لەسەر بەرنامە و جموجووڵی سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا تاوتوێکراوه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌، دیالۆگی ستراتیژیی ئەمەریکی ـ عێراقی کە بڕیارە مانگی داھاتوو دەست پێبکات و تیایدا نەخشەڕێگەیەک بۆ پەیوەندییەکانی ئێستا و داھاتووی عێراق و ئەمەریکا تاوتوێ بکرێت، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووه‌. لەوبارەشەوە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی ئامادەیی و بەشداریی ھەرێم لەو دیالۆگە و لە دانان و ئامادەکردنی نەخشەڕێگەکەدا کردووه‌تەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە خۆڕێکخستنەوە و مەترسییەکانی فراوانبوونی جموجووڵ و ھێرشەکانی تیرۆرستانی داعش لە عێراق و سووریا کراوه‌ کە بوونەتە ھەڕەشەیەکی جددیی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە ھەردوو وڵات.

نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی گرنگی و پێویستیی بەردەوامیی پشتگیریی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆردا، جەختیشی لەسەر پێویستیی ھەنگاونانی سیاسی لە عێراق کردووه‌تەوە بۆ ئەوەی پێکھاتە عێراقییەکان ھەست بە ھاوبەشی و متمانە و پارێزراویی ئێستا و داھاتوویان لە عێراقدا بکەن.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın