سياسەت

"ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ کار بەناسنامه‌ی باری شارستانی ناكرێت"

- له‌ ساڵی رابردوو له‌ هه‌ولێر ١٠ ھەزار و ٤٧٠ کەس و له‌ سلێمانی ١١ هه‌زار و ٦٦٤ و له‌ دهۆك هەشت هه‌زار و ١٣١ كه‌س مامه‌ڵه‌ی هاوسه‌رگیرییان ئه‌نجام داوه‌.

Hemin Hüseyin   | 17.01.2019
"ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ کار بەناسنامه‌ی باری شارستانی ناكرێت"

Arbil

هه‌ولێر- AA

گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ و نشینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری رەگەزنامە و کارتی نیشتیمانی و ناسنامەی باری شارستانی و پاسەپۆرتی راگه‌یاند و داوایشی له‌ هاووڵاتییان كرد كه‌ په‌له‌ بكه‌ن بۆ وه‌رگرتنی كارتی نیشتمانی و ئاشكرایشیكرد كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ناسنامه‌ی شارستانی نامێنێت و كار به‌ كارتی نیشتمانیی ده‌كرێت.

له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ و نشینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، کەیفی عومەر گوتی: ''داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین په‌له‌ بكه‌ن لە وەرگرتنی کارتی نیشتیمانی، چونکە دوا وادە بۆ مانەوەی بەرێوەبەرایەتیەکانی ناسنامەی باری شارستانی تاوەکو ١\٦\٢٠١٩ دەبێت و کارکردنیش بە رەگەزنامە و ناسنامەی باری شارستانی تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ دەبێت''.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماره‌كانی ساڵی رابردوو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی سه‌ربه‌ پارێزگاكان مامه‌ڵه‌یان هه‌بووه‌، كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''له‌ ساڵی رابردوودا، ١٤٧ کەس رەگەزنامەیان دەرھێناوە و ٨٤٠ کەسیش رەگەزنامەیان تێکچووە و بۆیان دەرکراوەتەوە و ٤٩ کەسیش رەگەزنامەیان ونکردووە و کۆی گشتی دەرکردنی رەگەزنامە لە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ره‌گه‌زنامه‌ی ھەرێمی کوردستان، ھەزار و ٣٦ ره‌گه‌زنامه‌بووه‌''.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ره‌گه‌زنامه‌ی سه‌ربه‌ پارێزگاكان، كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''لە پارێزگای ھەولێر ئەوانەی رەگەزنامەیان دەرھێناوە ٢٢ ھەزار و ٧٨ کەس بوون کە بەشێکیان ونیانکردبوو یان تێکچووبوو، ھەروەھا ٨٠ ھەزار و ٥٦٠ کەسیش ناسنامەی باری شارستانیان بۆ دەرکراوە و كۆی گشتی کارتی نیشتمانیش ١٥٠ ھەزار و ٣٣٧ کەس بووە كه‌ له‌م رێژه‌یه‌ش ١٠ ھەزار و ٤٧٠ کەس مامەڵەی ھاوسەرگیری كردووه‌ و ھەزار و ٢٢٥ کەسیش مامەڵەی جیابوونەوەیان کردووە".

ناوبراو گوتیشی: ''لە پارێزگای سلێمانی ٢٨ ھەزار و ٦٣٢ کەس رەگەزنامەیان دەرھێناوە و ٥١ ھەزار و ٩٥٥ کەسیش ناسنامەیان دەرھێناوە، کۆی ئەوانەی کارتی نیشتمانییان دەرکردووە بریتیی بووه‌ له‌ ١٥٢ ھەزار و ٧٠ کەس، لەم رێژەیە ١١ ھەزار و، ٦٦٤ کەسیش مامەڵەی ھاوسەرگیری ئه‌نجام داوه‌ و ھەزار و ٧٣٧ کەس مامەڵەی جیابوونەوەی ئه‌نجام داوه‌''.

سەبارەت بە پارێزگای دھۆکیش كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''له‌ دهۆك ١٨ ھەزار و ٢٧٨ کەس رەگەزنامەی پێدراوه‌ و ٥٢ ھەزار و ٩٢٣ کەسیش ناسنامەیان دەرھێناوە و ٨٣ ھەزار و ٢٧٤ کەسیش کارتی نیشتمانییان دەرکردووە کە لەم رێژەیە، ھەشت ھەزار و ١٣١ کەس مامەڵەی ھاوسەرگیرییان کردووە و ٥٧٦ كه‌سیش مامه‌ڵه‌ی جیابوونه‌وه‌یان كردووه‌''.

سه‌باره‌ت به‌ ئاماره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی پاسپۆرت، كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''لە ھەولێر ١٥٢ ھەزار ٦٨٦ کەس و لە سلێمانیش ١٢٥ ھەزار و ٧٩٢ کەس و لە پارێزگای دھۆکیش ١٢٣ ھەزار و ٨٢ کەس مامەڵەی دەرکردن و نوێکردنەوەی پاسپۆرتیان کردووە''.

له‌باره‌ی ئاماری نشینگه‌ش بۆ ساڵی رابردوو، كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''له‌ پارێزگای هه‌ولێر ٤٥ هه‌زار و ٩٨٣ هاووڵاتی بیانی و له‌ پارێزگای سلێمانی ١٦ هه‌زار و ١٩ هاووڵاتی بیانی و له‌ پارێزگای دهۆكیش ٦١ هه‌زار و ٦٤٧ هاووڵاتی بیانی مامه‌ڵه‌ی نوێكردنه‌وه‌ و ده‌رهێنانی كارتی نشینگه‌یان كردووه‌ كه‌ زۆرترینیان هاووڵاتی فلیپینی بوون''.

سه‌باره‌ت بە مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕاوه‌كانیش، ئه‌وانه‌ی پێش رووخانی رژێمی به‌عس له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاواره‌بوون و ئێستا به‌شێكیان مامه‌ڵه‌كانیان وه‌ستاوه‌، كه‌یفی عومه‌ر گوتی: ''ئه‌وه‌ ته‌نها كێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی هه‌موو عێراقه‌ و حكوومه‌تی عێراق مامه‌ڵه‌كانی راگرتووه‌ و تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك نییه‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كانییان".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın