سياسەت, عێراق

مەسعود بارزانی: "دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە"

سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

Sarmand Hameed   | 21.10.2020
مەسعود بارزانی: "دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆكی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە میانی پێشوازی لە باڵیۆزی نەرویج لە عێراق، تۆنی ئاڵێرز رایگەیاند، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لە دیدارەكەدا بیر و را لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكانی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا و باڵیۆزی نەرویج لە عێراق هاوسۆزی و نیگەرانیی خۆی بۆ رووداوی پەلاماردانی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە مەسعود بارزانی راگەیاند.

تۆنی ئاڵێرز وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش پیرۆزباییشی لە رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال كرد كە لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ بەستراوە و بە هەنگاوێكی ئیجابی لە قەڵەم دا.

باڵیۆزی نەرویج راشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەشێكە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و رۆڵی هەبووە لە مەشق و راهێنانی پێشمەرگە و جەختی لە ویستی وڵاتەكەی كردەوە بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی رۆڵی وڵاتی نەرویجی كرد لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و پێشوازیشی كرد لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا. پەیوەست بە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداش مەسعود بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە پەیوەندییەكان ئاراستەیەكی ئیجابیان وەرگرتووە و دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ئارادایە.

هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و هەڕەشەكانی تیرۆر و بارودۆخی ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكەی گوندی فەرحاتییە تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوون.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın