سياسەت, عێراق

مەسرور بارزانی: "لەگەڵ یەکەم کوتان ھەنگاومان نا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا"

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "لەگەڵ یەکەم کوتان ئەمڕۆ ھەنگاومان نا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا".

Sarmand Hameed   | 04.03.2021
مەسرور بارزانی: "لەگەڵ یەکەم کوتان ھەنگاومان نا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند "لەگەڵ یەکەم کوتان ئەمڕۆ ھەنگاومان نا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا".

مەسرور بارزانی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر گرتەیەکی ڤیدیۆی کارمەندی تەندروستیی، گۆران عوسمان باییزی بڵاوکردووتەوە کە لە بەشی چاودێری چڕی ھەناسە لە سەنتەری چارەسەری کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای ھەولێر کاردەکات و ​ئەمڕۆ وەک یەکەم کەس لە ھەرێمی کوردستان ڤاکسینی کۆرۆنای پێدرا.

مەسرور بارزانی لەگەڵ گرتە ڤیدیۆییەکەدا پەیامێکی بە زمانی ئیگلیزی بڵاوکردووەتەوە.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نووسیوویەتی: "لەگەڵ یەکەم کوتان ئەمڕۆ ھەنگاومان نا بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا".

مەسرور بارزانی راشیگەیاندووە کە ڤاکسینی زیاتریش بەمزووانە بە رێگەی راستەوخۆ ھەروەھا بە رێگەی بەغدا دەگاتە ھەرێمی کوردستان.

دوای گەیشتنی پێنج ھەزار دۆز ڤاکسینی سینۆفارمای چینی بۆ ھەرێمی کورستان، بەیانی رۆژی پێنجشەممە، پرۆسەی ڤاکسیندان بۆ کارمەندانی تەندروستی لە ھەولێر دەستیپێکرد و وەک یەکەم ھەنگاویش ٢٠ کەس ڤاکسیندران.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، یەک ملیۆن و ٢٠٨ هەزار و ٢٦٦ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ١٠٩ هەزار و ٧٨٩ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.

لەو ژمارەیەش تا ئێستا، ١٠٤ هەزار و ٥٠ کەسیان چاکبوونەتەوە و دوو هەزار و ٢١٣ کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.

تا ئێستاش سێ هەزار و ٥٢٦ کەس لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın